لە عێراق گیان لەدەستدانی منداڵانی شیرەخۆر لە هەڵکشاندایە

بە پێی ڕیزبەندیەک، گیانلەدەستدانی منداڵی شیرە خۆرە لە عێراق ڕوو لە هەڵکشانە و ئەفغانستان پلەی یەکەمی ڕیزبەندییەکەی گرتووە.

ناوەندی هەواڵ-

 

گۆڤاری سی ۆرڵدی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، عێراق لە ڕیزبەندی پێشەوەی ئەو وڵاتانەیە کە زۆرترین منداڵی شیرە خۆر تێیدا گیان لەدەست دەدەن، لە کۆی ٢٧٧ وڵاتدا، لە ڕیزبەندی ٨١یەمین دێت لە گیانلەدەستدانی منداڵانی شیرە خۆر لە ساڵی ٢٠٢٣دا.

 

ئاماژە بەوەکراوە، گیانلەدەستدانی منداڵانی شیرە خۆر لە عێراق لە کۆی هەزار منداڵ ١٩.٢ منداڵ گیان لە دەست دەدەن.

 

ئەوەش ڕاگەیەندراوە، ئەو ئامارە هەموو ئەو منداڵانە دەگرێتەوە کە تەمەنیان لە ساڵێک کەمترە و تێکڕای بارودۆخی منداڵانی کەمتر لە یەک ساڵ لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا لەسەر ئاستی جیهاندا خراپتر بووە.

 

بەپێی ڕیزبەندییەکە ئەفغانستان بە ڕێژەی ١٠٣.١ لە هەر هەزار منداڵێک لە پلەی یەکەمی ڕیزبەندییەکە دایە و سلۆڤینیاش لە تێکڕای مردنی ١.٥ بۆ هەر هەزار منداڵێک، ڕیزبەندی کۆتایی گرتووە.