تەرمی زیاتر لە ٥٠ خۆپیشاندەری کوژراوی ژن لە پزیشکی دادی تارانن
ئەنجومەنی کۆمەڵناسی ئێران بڵاویکردەوە، تەرمی زیاتر لە ٥٠ خۆپیشاندەری کوژراوی ژن لە پزیشکی دادی تاران هەڵگیراون، دەشڵێن: ئەوانەی پەیوەندییان بە ناڕەزایەتییەکانەوە هەیە تەرمەکانیان دەبرێتە حەوشەی پزیشکی داد.
ناوەندی هەواڵ
لە ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ـەوە، بەهۆی قەیرانی ئابووریی، سیاسیی و کۆمەڵایەتیی، خۆپیشاندان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستی پێکرد و سەرەڕای فشارەكانی ڕژێمی ئێران بۆ سەرکوتکردنی دەنگە ناڕازاییەکان و کپکردنی دەنگی شەقامەکان، زیاتر لە ٢٠ ڕۆژ لە بەرخۆدان بەردەوام بوون بەمەبەستی داواکردنی مافەکانی خۆیان، بەو هۆیەوە تا ئێستا، شەش هەزار و ٩٦١ کەس کوژراون و ٥١ هەزار و ٥٩١ خۆپیشاندەر دەستبەسەر کراون، هەروەها ١١ هەزار و٢٢ خۆپیشاندەریش بریندار بوون.
ئەنجومەنی زانستیی خوێندکارانی کۆمەڵناسی"تەربیە مودەریس" ئێران دەربارەی کوشتنی ژنان لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی ئێران لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە ڕاپۆرتیکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: لە ماوەی چوار ڕۆژی سەرەتای خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی ئێران لانیکەم ٥٠ ژنی خۆپیشاندەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێران کوژران و تەرمەکانیان تا ئێستا لە پزیشکی دادی کەهریزەی تاران هەڵگیراون و نەناسراونەتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە کاتی سەردانکردنی خێزانەکان بۆ ناسینەوەی تەرمەکان و دۆزینەوەی ونبووەکان، لەلایەن ئەفسەرانی تۆمارکراو لە خێزانەکان پرسیار دەکرێت تا بزانن گیانبەختکردووەکان پەیوەندییان بە خۆپیشاندانەکان هەبووە یان نا، هەروەها ئەوانەی پەیوەندییان بە ناڕەزایەتییەکانەوە هەیە ڕاستەوخۆ تەرمەکان دەبرێتە حەوشەی پزیشکی داد، بەڵام کەیسەکانی دیکە پێویستیان بە نامەی بنکەی پۆلیس هەیە.
باس لەوەش کراوە، وێنەی ئەو ژنانە لەسەر مۆنیتەرەکانی ناوەندەکە نیشانی ئەو خێزانانە دەدرێت کە بەدوای ونبووەکانیاندا دەگەڕێن، ڕاگەیاندنی لیستی فەرمی کوژراوەکان هەموو قوربانییەکان ناگرێتەوە و بوونی تەرمی نەناسراو ئاماژەیە بەوەی کە پرۆسەی ناساندن و لێپرسینەوە هێشتا تەواو نەبووە.