تەرمی ژنێک لە هەڵەبجە دۆزرایەوەو پۆلیس دەڵێت: کوژراوە

تەرمی ژنێک لە هەڵەبجە لە ماڵەکەی خۆیدا دۆزرایەوەو پۆلیس دەڵێت: بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان کوژراوە.

هەڵەبجە 

 

عەقڵیەتی پیاوسالاری کە هەمیشە هەوڵی لەناوبردنی ژن دەدات، بەردەوامە لە کوشتنی ژنان و بەڕەوای دەبینێت کە ژنان بەدەستی پیاوان بکوژرێن، لە باشووری کوردستان کوشتنی ژنان بووەتە هەواڵی ڕۆژانە.

 

ئاکام قوتبەدین، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە بڵاویکردەوە، تەرمی ژنێک لەنێو ماڵەکەی خۆیدا دۆزرایەوە و بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، کوژراوەو شوێنەواری گولـلە بەسەریەوەیەتی، تەرمی ژنەکە براوەتە پزیشكی داد و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە. 

 

بەپێی زنایارییەکان، ناوی کورتکراوەی ژنەکە بەم شێوەیەیە: (ش. ن. ص) لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٧ەو دایکی سێ منداڵە.

 

لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٧ ژن لە باشووری کوردستان کوژراون و  ٥ ژنیش بە شێوەی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە، هەروەها لەم مانگەدا لە ئاکرێ ژنێک بەدەستی هاوژینەکەی کورا، ژنێک بە شێوەی گوماناویی گیانی لەدەستدا و ژنێکی دیکەش ناچار بە خۆکوشتن کرا، کە هەردووکیان خەڵکی سەیدسادق بوون، ژنێکیش لە مەخموور لەلایەن براکەیەوە بە گولـلە کوژرا، سەرەڕای ئەوەش ژنێک لە سنووری شارۆچکەی مێرگەسۆر، کەوتە دەریاچەی ته‌نكاتوور و خنکا.