تەرمی جیهان بیلگین و نازم داشتان لە ڕۆژئاوا بەخاک دەسپێردرێت
تەرمی ڕۆژنامەنووسان جیهان بیلگین و نازم داشتان کە لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کرانە ئامانج، ڕێگەیان پێنەدراوە ببرێنەوە باکووری کوردستان، لەبەرئەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان بەخاک دەسپێردرێن.
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژنامەنووسان نازم داشتان و جیهان بیلگین لە ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، لەکاتی ڕووماڵکردنی پێشهاتەکانی ناوچەکە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرانە ئامانج، هەر لەو ڕۆژەوە کە گیانیان لەدەستدا، بنەماڵەکانیان هەوڵی وەرگرتنەوە و ناشتنی تەرمی منداڵەکانیان دەدەن، بەڵام سەرەڕای هەموو هەوڵێک دەوڵەتی تورک ڕێگەی پێنەدان.
دەوڵەتی تورکیا نەیهێشت تەرمەکان ببرێنەوە باکووری کوردستان
سەرەتا بە بنەماڵەکان وترابوو کە تەرمی ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەهێنرێنە قامیشلۆ و لە ڕێگەی دەروازەی سنووری نسێبین لە مێردین ڕادەستی بنەماڵەکان دەکرێن، دواتر بنەماڵەکان چوونە دەروازەی سنووری قامیشلۆ، بەڵام تەرمەکان نەگەیشتن، دواتر دیاری کرا کە تەرمەکان لە دەروازەی سنووری سێمالکا کە دەکەوێتە نێوان باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و باشووری کوردستانەوە دەگوازرێنەوە.
لە ٦ی کانوونی دووەم، ئەو بنەماڵانە هەوڵیان دا لە ڕێگەی دەروازەی سنووری خابوور لە شاری سلۆپی سەر بە شرناخ بپەڕنەوە بۆ باشوور، بەڵام شاندەکە کە بنەماڵەکانی لەخۆگرتبوو، ڕێگرییان لێکرا، لەسەر ئەمەش شاندەکە دەستی بە ئێشکگری کرد، ئەو ئێشکگرییە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوو، بەڵام دەوڵەتی تورکیا ڕێگەی پێنەدان.
ڕاگەیەندراوە کە تەرمی جیهان بیلگین و نازم داشتان لە شاری قامیشلۆ بە خاک دەسپێردرێت.