تەرمی هونەرمەندێک لە دیمەشق دۆزرایەوە

ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لە دیمەشق تەرمی هونەرمەندێکی ژن لە ماڵەکەی خۆی دۆزرایەوە، شەوی ڕابردوو ژمارەیەک چەکدار هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی هونەرمەندەکە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە سووریا لەبارەی کوشتنی ژنە هونەرمەندێک لە دیمەشق ڕایگەیاند، سەر لەبەیانی ئەمڕۆ ٤ی ئاب،  لە گەڕەکی مالیکی لە شاری دیمەشقی پایتەختی سووریا تەرمی هونەرمەندێکی ژن بە ناوی دیالا وادی بە کوژراوی لە ماڵەکەی خۆی دۆزرایەوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، شەوی ڕابردوو ژمارەیەک چەکدار هێرشان كردووەتە سەر ماڵی هونەرمەندەکە و لە پاش ئەوەی بە شێوەیەکی دڕندانە دەیخنکێنن، دواتر ماڵەکەشی تاڵان دەکەن و ئاڵتوون و پارەکانی دەدزن و هەڵدێن.

 

باس لەوەشکراوە، لەسەرەتای دەستبەکاربوونی دەسەڵاتی کاتی دیمەشق، تاوانی کوشتنی بەکۆمەڵ و تیرۆرکردن و کوشتنی ژنان لە سووریادا بەجۆرێکی مەترسیدار هەڵکشاوە.

 

دیالا وادی کچی هونەرمەندی مۆسیقاژەنی بەناوبانگی عێراقی سوڵحی وادیە، لە ساڵی ١٩٨٦ پەیمانگای باڵای شانۆگەری تەواو کردووە، هەڵگری ڕەگەزنامەی بەریتانیە و لە دیمەشقی پایتەختی سووریا نیشتەجێبووە.

 

هەر بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە سووریا، لە ساڵی ٢٠٢٤دا ٢٢٧ ژن لە کردەوەی توندوتیژییدا لە سووریا کوژراون.