تەقینەوەی تانکیەکی بەنزین لە لوبنان ناڕەزایەتی لێکەوتەوە

خۆپیشاندەران هێرشیان کردە سەر ماڵی سەرۆک وەزیرانی لوبنان دوای ئەوەی ڕۆژی یەکشەممە بەهۆی تەقینەوەیەکی تانکی بەنزین ٢٧ کەس گیانیان لەدەستدا و ٧٩ کەسی دیکەش بریندار بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی یەکشەممە تانکییەکی بەنزین لە شارۆچکەی ئەلتلیل لە لوبنان تەقییەوە و بەهۆیەوە ٢٧ کەس گیانیان لەدەستدا و ٧٩ کەسی دیکەش برینداربوون، هاوڵاتیان خۆپیشاندانیان کرد و دەیان خۆپیشاندەر داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیرانی لوبنان، نەجیب میکاتییان کرد و بەردیان گرتە ماڵەکەی و لەگەڵ پۆلیسدا پێکدادانیان ئەنجامدا.

 

تا ئێستا هۆکاری تەقینەوەکە ڕوون نەبووەتەوە، بەڵام لەو کاتەدا خەڵکانێکی زۆر لە دەوروبەری تانکەکە کۆکراونەتەوە، کەسوکاری یەکێک لە بریندارەکان ئاماژەی بەوەداوە کە پێش تەقینەوەکە دەنگۆی ئەوەیان بیستووە کە سوپا بەنزین دابەش دەکات و پاشان خەڵکی لەدەور کۆبوەتەوە بۆ وەرگرتنی بەنزین.

 

چەند شایەتحاڵێکی دیکە دەڵێن کە تەقینەوەکە دوای ئەوەی کەسێک چەرخی بەکارهێناوە ڕوویداوە، بەڵام هەندێکی دیکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە تەقەیان لێکراوە.

 

سوپای لوبنانیش دەڵێت لێکۆڵینەوەکان دەستپێدەکەن تا هۆکاری تاقینەوەکە و خاوەنی زەوییەکە لە شارۆچکەی ئەلتلیل کە تانکەکەی تێدابووە بدۆزنەوە، هەروەها بەگوێرەی راپۆرتەکان خانووەکە ئاگری تێبەردراوە.

سووتەمەنی لە لوبناندا زۆر کەمە، یەکێکیشە لەو وڵاتانەی لە خراپترین ئاستی قەیرانی ئابووریدایە، لە ماوەی ئەم دوو ساڵەی کۆتایدا نرخی دراو دابەزییوە و بووەتە هۆی هەڵئاوسانی ئابووری و نیوەی دانیشتوانیش لە خوار هێڵی هەژارییەوە دەژین، زۆربەی لوبنان پشت بە مۆلیدە ئەهلییەکان دەبەستن.

 

بەشێک لەو نەخۆشخانانەی کە لە تەقینەوەکەی ڕۆژی یەکشەممەدا چارەسەری بریندارەکانیان کردووە هۆشدارییان داوە کە لەوانەیە ناچار بن بەهۆی نەبوونی سوتەمەنی دابخرێن.

 

ت.پ