تۆپی پێی ژنان لە ئەفغانستان...بەرەنگاربوونەوەی بێدەنگ
ساڵانێکی زۆر تیپی تۆپی پێی ژنان لە ئەفغانستان هێمای خەباتی ژنان بوو بۆ یەکسانی و مافەکانیان لە کۆمەڵگەدا، بەڵام لەگەڵ گەڕانەوەی تاڵیبان ئەم ڕێگایە وەستا و تیپی ژنان تێکچوو.
بەهاران لەهیب
بەلخ-
ژنان لە ئەفغانستان لە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات، ڕووبەڕووی زیادبوونی سنووردارکردن بوونەتەوە بۆ مافی بەشداریکردنیان لە وەرزشدا. دەسەڵاتداران سنووردارکردنی توندیان بەسەر جووڵەیاندا سەپاندووە و ڕێگرییان لێکردووە لە مەشق و ڕاهێنان و دەستگەیشتن بە دامەزراوە وەرزشییەکان. ئەم ڕێبازە نیگەرانییەکی بەربڵاوی نێودەوڵەتیی لەبارەی وەرینی بەرچاوی مافەکانی ژنانەوە بەدوای خۆیدا هێناوە.
تۆپی پێی ژنان لە ئەفغانستان لە مێژە هێمایەکی بەهێزی خەباتی ژنان بووە بۆ گشتگیری کۆمەڵایەتی و یەکسانی و بینین لە کۆمەڵگەیەکی نەریتی و جەنگاوی ئەفغانیدا. لە کاتێکدا مێژووی تۆپی پێی ژنان لە ئەفغانستان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، بەڵام ناوبانگێکی بەربڵاوی لە دوای ڕووخانی یەکەمین ڕژێمی تاڵیبان دەستیپێکرد، کاتێک فەزای تاڕادەیەک کراوە بۆ چالاکییە مەدەنی و وەرزشییەکانی ژنان سەریهەڵدا. لەو ماوەیەدا یەکەمین تیپی تۆپی پێی ژنانی فەرمی لە کابول پێکهێندرا و دواتریش لە شارە جیاجیاکانی تردا. فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەفغانستانیش بەشی تایبەتی تۆپی پێی ژنانی دامەزراند.
بوونی ژنان لە یاریگاکانی تۆپی پێدا تەنها چالاکیەکی وەرزشی نەبوو، بەڵکو چالاکییەکی کۆمەڵایەتی و هێمایی بوو بەرامبەر بە ساڵانێک لە دوورخستنەوە و گۆشەگیری. یاریزانانی ژنی تۆپی پێی ئەفغانی بە سەرچاوەیەکی سنووردار و فشارە خێزانییەکان و هەڕەشە کۆمەڵایەتییەکان و تێڕوانینی جیاکارییەوە مەشقیان دەکرد، بەڵام بە پاڵنەرێکی بەرز، توانیان هەڵبژاردەی نیشتمانی تۆپی پێی ژنانی ئەفغانستان پێکبهێنن و بەشداری پێشبڕکێکانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بکەن. ئەم تیپە وردە وردە بوو بە هێمای هیوا بۆ نەوەی گەنجی ژنان و نیشانیدا کە ژنانی ئەفغانیش توانای درەوشانەوەیان هەیە لە وەرزشدا.
جگە لە کابول، هەندێک شار وەک بەلخ، هەرات و بامیان، شاهیدی پێکهێنانی تیپی تۆپی پێی ژنانی ناوخۆیی بوون. لە مەزار شەریف سەرەڕای سنووردارکردنی کولتووری، کۆمەڵێک ژنی ئارەزووی تۆپی پێ توانیان تیپی بچووکی ناوخۆیی پێکبهێنن و لەژێر چاودێری ڕاهێنەری ژن و پیاو ڕاهێنان بکەن کە پاڵپشتی وەرزشی ژنان دەکەن. بۆ ئەم ژنانە تۆپی پێ تەنها یارییەک نەبوو، بەڵکو ئامرازێک بوو بۆ بەدەستهێنانی متمانە بەخۆبوون و نەهێشتنی فشاری دەروونی و بونیادنانی شوناسێکی سەربەخۆ، بەڵام ئەم ڕێگایە هەمیشە هەڕەشە و سووکایەتی و پشتگوێخستنی دامەزراوە پاڵپشتییەکانی لەگەڵدا بوو، ئەمەش زۆرێک لە ژنانی ناچار دەکرد چالاکییە وەرزشیەکانیان بشارنەوە.
لەگەڵ گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات، تۆپی پێی ژنانی ئەفغانستان وەک هەموو چالاکییەکانی دیکە نزیک بوو لە وەستان. تاڵیبان ڕایگەیاند کە وەرزشی ژنان بەتایبەتی تۆپی پێ لەگەڵ شەریعەت و کولتوورەکەیان ناگونجێت، هەموو تیپەکانی ژنان هەڵوەشێنرانەوە، گۆڕەپانی مەشق و ڕاهێنانەکان داخران، جلوبەرگی وەرزشی قەدەغە کران، زۆرێک لە یاریزانانی تۆپی پێی ژنان ناچار بوون وڵات بەجێبهێڵن یان لە ناوخۆی ئەفغانستاندا لە ماڵەکانیاندا قەتیس بمێننەوە، ئەم گۆڕانکارییە لەناکاوە گورزێکی توندی لە مۆڕاڵ و داهاتووی وەرزشوانان دا و ساڵانێک لە هەوڵ و دەستکەوتەکانیان خستە مەترسی لەدەستچوون. تۆپی پێی ژنان کە هێمای پێشکەوتن و ئومێد بوو، جارێکی تر بێدەنگ کرا و قەدەغە کرا.

“تۆپی پێ ژیانی من بوو”
چیرۆکی یاریزانانی تۆپی پێی ژن وێنەی کارەساتێکی بێدەنگ دەکێشن کە ژنان ئەمڕۆ پێیدا دەژین، لە ناو ئەم چیرۆکانەدا چیرۆکی نەفیسە وەفا کە ناوێکی خوازراوە، ژنێکی گەنجی پارێزگای بەلخ و شاری مەزار شەریف، کە پێش ئەوەی تاڵیبان کۆنترۆڵی بکات، یاریزانێکی تیپی ژنانی ناوخۆیی بووە، دیارە. ئەو وتی: تۆپی پێ تەنها یارییەک نەبوو بۆ من، ژیانی من بوو، هەرکاتێک لە یاریگادا ڕامکرد هەستم بە ئازادییەکی ڕاستەقینە دەکرد، تەنها لەوێ بووم کە بەڕاستی خۆم بووم.
نەفیسە وەفا لە تەمەنێکی بچووکەوە دەستی بە یاری تۆپی پێ کردو سەرەڕای دژایەتی کەسانی دەوروبەری بەردەوام بوو لە مەشقەکانی وتی: ئێمە سەرچاوەکانمان نەبوو، یاریگایەکی دروستمان نەبوو، بەڵام دڵمان پڕ بوو لە هیوا. باوەڕمان وابوو داهاتوو باشتر دەبێت، دوای گەڕانەوەی تاڵیبان هەموو شتێک لە چرکەیەکدا داڕما، ڕۆژێک پێیان وتم واز لە مەشق و ڕاهێنانەکان بێنن، کە تۆپی پێی ژنان کۆتایی هاتووە، جلەکانم شاردەوە و پێڵاوەکانم خستە لایەک، وەک ئەوەی بەشێک لە خۆم بنێژم، زۆرێک لە هاوڕێکانی تیمەکەم گەشتیان بۆ دەرەوەی وڵات کردووە یان تووشی خەمۆکییەکی زۆر بوون، زۆر هەوڵدەدەم ڕێگەیەک بدۆزمەوە بۆ ئەوەی ڕۆحی وەرزشەکە لە ژیانمدا زیندوو بمێنێتەوە.
ئەمڕۆ نەفیسە وەفا بە وریاییەوە لەناو ماڵەکەیدا وەرزش دەکات، ناوبەناو ژنانی گەنج فێری چەند ڕاهێنانێکی سادە دەکات وتی: ناتوانم تۆپی پێ لەبیر بکەم، تەنانەت بەبێ یاریگا و تیپ، ئەوە وەک بەشێک لە من دەمێنێتەوە، هەمیشە ئامۆژگاری کچەکانم دەکەم بەهێز بن، تەنانەت ئەگەر هەرگیز چانسی یاریکردنیان بە ئاشکرا نەبێت، زۆرێک لەو ژنانەی کە لە ژێر چەندین جۆری سنووردارکردندا لە ئەفغانستان و کۆمەڵگەکانی دیکەدا دەژین، هیوا هەیە، ڕۆژێک دێت کە بارودۆخەکان دەگۆڕدرێن، ژنانی ئەفغانستانیش بە ئازادی دەگەڕێنەوە گۆڕەپانەکان، چیرۆکی منیش وەک چیرۆکی سەدان یاریزانی دیکە خەونێکی بەدینەهاتووە، بەرخۆدانێکی بێدەنگ و هیوایەک کە سەرەڕای زوڵم و چەوساندنەوە هێشتا لە دڵی ژناندا لێدەدات.