تەندروستی سلێمانی ڕێنمایی هاوڵاتیان دەکات

تەندروستی سلێمانی ژمارەیەك ڕێنمایی نوێی بۆ خۆپاراستن لە پەتای سكچون و ڕشانەوە بڵاوكردەوەو ڕایدەگەیەنێت، پێویستە تانكی ئاوی خواردنەوە بەبەردەوامی پاك بكرێتەوە.

 

ناوەندی هەواڵ- بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی پارێزگای سلێمانی لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بۆ خۆپاراستن لە پەتای سكچون ڕشانەوە لەم وەرزەدا پێویستە هاوڵاتیان ئەم ڕێنماییانە جێبەجێبكەن:

-پێویستە تانكی ئاوی خواردنەوە بەبەردەوامی پاك بكرێتەوە، بۆ نمونە لانی كەم شەش مانگ جارێك و دەبێت تانكی ئاوەكان بەبەردەوام سەری داپۆشراوبێت.

-سەوزە و میوە بەباشی بشۆردرێتەوە بەماددەی پەرمەنگەناتی پۆتاسیۆم.

-خواردنی سەر عەرەبانە و دەست گێڕەكان مەترسیدارن و خۆیان لێ بپارێزە بۆ دوربونت لە نەخۆشی سكچون.

-لەكاتی بینینی هەر سەرپێچییەك كە زیان بە تەندروستی هاوڵاتیان بگەیەنێت، پێویستە نزیكترین بنكەی تەندروستی یاخود بەڕێوبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی لێ ئاگادار بكەرەوە.

-دڵنیابە لە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەكەت  و پاك و خاوێن  ڕاگرتنی.

-نەخواردنی ئەو بەروبومانەی كە بە ئاوی قورس و پیس ئاو دەدرێت.

-شوشتنی دەستەكانت بەباشی پێش ئامادەكردنی خواردنەكان و دوای چونە تەوالێت و پێش نان خواردن.

-تەنها بەفرگری ماڵەكانتان بەكاربهێنن بۆ ساردكردنی ئاوی خواردنەوە، بەهیچ شێوەیەك سەهۆڵ و بەفری سەرجادە و كۆڵانەكان بەكار مەهێنە ڕەنگە بە ئاوی پاكژكراو دروست نەكرابێت.