ڕەتکردنەوەی هونەرمەندان لە بەشداری چالاکییە هونەرییەکان بەرخۆدانی هێماییە
لە ساتەکانی قەیراندا هونەر لە شوێنێکی جوانکارییەوە دەگۆڕێت بۆ هەڵوێستێکی سیاسی، کشانەوە یان نەبوونی دەبێتە جۆرێک لە بەرخۆدانی هێمایی و سستی دەسەڵات ئاشکرا دەکات و ڕۆڵی هونەرمەند پێناسە دەکاتەوە.
شیلان سەقزی
ناوەندی هەواڵ- لەم سەردەمەدا کە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بارگرانی خەم و پەژارەی پێکەوەی و توندوتیژی سیستماتیکی لەسەرە، پراکتیزە کولتووەیەکان لە هەموو کاتێک زیاتر بە سیاسی بوون، لە کشانەوەی بەشێک لە ئەکتەر و داهێنەری ناوەڕۆک لە جیهانی جیاهانی یارییەوە تا بەشداری کەسایەتییە دیارەکان لە فێستیڤاڵی "فجر"دا، کاردانەوەی دژبەیەک سەرهەڵدەدات، پرسیارێکی کۆن بەڵام بەرچاو دەوروژێنێت: بەرپرسیارێتی هونەر لە بەرامبەر دەسەڵاتدا چییە؟
لە خاڵە وەرچەرخانەکانی مێژوودا، سنوورەکانی نێوان ژیانی ڕۆژانە و سیاسەت کاڵ دەبنەوە، ئەوەی سەردەمانێک بە "کەسی"، "پیشەیی" یان "تەنها کولتووری" دادەنرا، لەناکاو گۆڕا بۆ گۆڕەپانێکی بڕیاردانی ڕەوشتی و کۆمەڵایەتی، ڕووداوەکانی ئەم دواییە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران نموونەیەکی زیندووە بۆی، کە تەنانەت جیهانی یارییەکانی ئۆنڵاین مکە هێمای کات بەسەربردن و هەڵهاتن، ئیتر بێبەش نییە لەم گۆڕەپانە، هەروەها کشانەوەی بەشێک لە هونەرمەندان و دروستکەرانی ناوەڕۆک تەنها بڕیارێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو نیشانەی بێتواناییە لە درێژەدان بە دروستکردنی شادی لە نێوان خەم و پەژارەی پێکەوەیدا، ڕەتکردنەوەی ناڕاستەوخۆ بۆ بەشداریکردن لە سیستەمێکدا کە شەرعیەتی خۆی لە چاوی خەڵکدا لەدەستداوە.
لە چوارچێوەیەکی وادا تەنها "بوون" لەناو ئەم پێکهاتەدا یەکسان دەبێت بە خۆبەدەستەوەدانی بەشێک لە ناسنامەی تاکەکەسی مرۆڤ بە دەستەڵاتدارەکان، کە دەتوانرێت وەک پشتیوانییەکی بێدەنگ بۆ هێزێکی گەندەڵ لێکبدرێتەوە و دەبێتە هۆی بێهیوایی گەل، بۆیە دەتوانرێت ئەم کشانەوەیانە وەک شێوازێک لە "خۆبەدوورگرتنی کولتووری" سەیر بکرێت، خۆبەدوورگرتنێک کە نەک لە نەرێنییەوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵکو لە هۆشیارییەکەی ڕاستیەوە سەرچاوە دەگرێت، تاک تێدەگات کە بەردەوامبوون لە ڕۆتینی ئاسایی ئێستادا، واتە بەرهەمهێنانی پێکەنین و کێبڕکێ و وروژاندن، پشتگوێخستنی توندوتیژی پێکهاتەیی، بەم شێوەیە ئەم بڕیارە بێدەنگە دەگۆڕێت بۆ کردەوەیەکی سیاسی بە شێوەیەکی نایاب.
لە ڕوویەکی ترەوە، بەشداریکردنی بەشێک لە هونەرمەندان لە بۆنە فەرمییەکان کاردانەوەی تووڕەبوونی کۆمەڵایەتی لێکەوتەوە، دیارترین نموونە ئامادەبوونی ناز مەلەک بوو لە فێستیڤاڵی فیلمی "فجر"، لەوێدا بە دەستەواژەی "وەستان لە پشت فیلم"ەوە ڕەوایەتی بە بەشداریکردنی خۆی هێنا، ئەم لێدوانەش کە تووڕەیەکی بەرفراوانی گشتیی لێکەوتەوە، بەو پێیەی گەل چاوەڕوانی بایکۆتکردنی فێستیڤاڵەکە بوو، کە بە سەکۆیەکی کولتووری دەسەڵاتدارانی دەزانن.
ناز مەلیک بانگەشەی ئەوەی دەکرد، کە فیلمەکەی هەڵگری دیدێکی ژنان و واتاداری ڕەخنەگرانەیە، بەڵام لێرەدا ئەو پرسیارە بنەڕەتییە کە دێتە ئاراوە ئەوەیە چۆن دەتوانرێت بەرگری لە واتا یان فێمینیزم بکرێت لە چوارچێوەی پێکهاتەیەکی کولتووری و سیاسیدا کە ژن و مرۆڤایەتی بە گشتی لە ئاژانس و مانا خاڵی بکاتەوە؟ ئەم توڕەبوونە جەماوەرییە ناتوانرێت لە داخوازییەکی تەنها سۆزداریدا کورت بکرێتەوە، تەنانەت بە ڕەفتارێکی پێچەوانەی دیموکراتی یان ئازادی هەڵبژاردن، بەڵکو ڕەنگدانەوەی قەیرانێکی قووڵی متمانەیە لەنێوان کۆمەڵگە و هونەرمەنددا کاتێک هەڵدەبژێرێت خۆی لە چوارچێوەی پێکهاتەیەکدا ڕێکبخات کە شەرعیەتی خۆی لەدەستداوە.
میشێل فۆکۆ وتی: دەسەڵات تەنها لە ڕێگەی سەرکوتی ڕاستەوخۆوە کارناکات، بەڵکو لە ڕێگەی میکانیزمەکانی ئاساییکردنەوەی دۆخی ئێستاش خۆی بەرهەمدەهێنێتەوە، هەروەها فێستیڤاڵ و ڕێوڕەسم و ڕووداوە کولتوورییە فەرمییەکان بەشێکن لەم میکانیزمانە، کە بەکاردەهێنرێن بۆ بونیادنانی وێنەیەکی "ئاسایی"، "سەرکەوتوو" و "جێگیر"ی لە بارودۆخی ئێستادا، لەم ڕوانگەیەوە بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی "فجر"، بەتایبەتی لەو قۆناغانەی کە درزی نێوان کۆمەڵگە و دەسەڵات بەرفراوانتر دەبێت، کردەوەیەکی بێلایەن نییەە تەنانەت ئەگەر هونەرمەند مەبەستی ئەوە نەبێت، بوونی ئەوان لەناو ئەم سیستەمەدا واتا بەدەست دەهێنێت و بەرگریکردن لە کارە هونەرییەکە بەپێویستی دەزانێت ببێتە کردەوەیەکی سیاسی.
جودیس باتلەر لە باسەکەیدا لەبارەی "ماتەمینی گشتی" و "ژیانی شایستەی ماتەمینی"، ڕوونی دەکاتەوە کە هەموو سیستەمێکی کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دیاری دەکات کە کام جەستە و ئازار شایەنی بینین و دانپێدانانە و کامیان دابەزێنرێن بۆ پەراوێز، هەموو ئازارەکان دەرفەتی یەکسانیان نییە بۆ دەرکەوتن لە کایەی گشتیدا، بەڵام هەندێک لە مردن و کردەوەی توندوتیژی بە ماتەمینی بەرەوڕوو دەبنەوە، هەندێکی تریش وەک ئەوەی هەرگیز ڕووی نەدابێت ئاسایی دەکرێنەوە، لە چوارچێوەیەکی ئاوادا، بەرهەمهێنانی وێنەیەکی شادی و سەرکەوتن و ئاساییبوون دەبێتە هێمایەک بۆ سڕینەوەی زۆرترین جەستە و دەنگە کاریگەرەکان، بەتایبەتی ژنان. بۆیە بۆ زۆر کەس کشانەوە، بێدەنگی یان نەبوونی دەبێتە کردەیەکی ڕەوشتی، کە ئامانجی جەختکردنەوە لەسەر بەهای جەستە و ئەو ئازارانەی کە دەبێت ببینرێن و دانیان پێدا بنرێت.
لە مێژووی هاوچەرخدا، ئەم جۆرە کردەوانە پێشینەیان هەیە، لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، لە ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆری سەربازیدا، ژنانی هونەرمەندانی ئەمریکای لاتین خۆیان لە بەشداریکردن لە فێستیڤاڵە فەرمییەکان بەدوور گرت و ڕوویان لە شوێنی سەربەخۆ یان پراکتیزە هێماییەکان کرد، لە ئەفریقای باشووری سەردەمی ڕەگەزپەرستیدا، سانسۆری کولتووری، لە مۆسیقاوە بۆ سینەما، بوو بە هێمایەکی کاریگەر بۆ فشارخستنە سەر ڕژێم، ئەم ئەزموونانە ئەوە دەردەخەن کە هونەر لە ڕێگەی بەرخۆدانی هۆشیارەوە توانای ئەوەی هەیە تێچووی هێمای بۆ دەسەڵات دروست بکات.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیشدا، کاتێک ژنان دەستبەرداری هونەر و پێگەی خۆیان دەبن بۆ پشتیوانی لە خەڵک و ڕەتکردنەوەی دۆخی ئێستا، کردەوەیەکی بەرچاوتر دروست دەکەن، چونکە جەستەی ژنان، لە جل و بەرگ و دەنگەوە بۆ ئامادەبوون و نەبوونی، هەمیشە گۆڕەپانێکی ناوەندی خەبات بووە، دوای شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" ئەم چاوەڕوانییە بە هێزێکی نوێوە سەریهەڵدا: هونەرمەند چیتر پێویستی نەدەکرد کە پیشەیی بێت یان تایبەت بێت بە کارەکە، بەڵکو بوو بە پێویستیەکی ڕەوشتی، کە ئایا بوونی ئەو پێشێلکارییەک لە سیستەمی باڵادەستدا دەکاتەوە یان بەشداری دەکات لە بەردەوامبوونیدا؟
بەراووردکردنی کشانەوە لە جیهانی یاریکردن بە بەشداریکردن لە فێستیڤاڵە فەرمییەکان، هاوبەشییەک ئاشکرا دەکات، کە پرسەکە "کەسی" نییە، بەڵکو پەیوەندی تاکەکەسە بە ئازارەکانی کۆمەڵگەوە، مەرج نییە کۆمەڵگە داوای پاڵەوانێک بکات، بەڵام چاوەڕێی ئەوە دەکات کە هونەرمەند دان بەوەدا بنێت کە بێلایەنی خۆی هەڵوێستێکە، کرداری هونەری هەمیشە هاوار یان لێدوانێکی ڕاستەوخۆ نییە، بەڵکو هەندێک جار نەبوونە، داخستنی قۆناغەکان یان وەستانی کاتی چالاکییەکان بەسە بۆ تێکدانی وێنەی "ئاسایی"، ڕێک لێرەدایە کە دەسەڵات سست دەبێتەوە، چونکە بە پلەی یەکەم لەسەر بینینی بێ بەربەست گەشە دەکات.
دیالۆگی ئەمڕۆ لەسەر هەڵبژاردنی ئەم هونەرمەندە یان ئەو هونەرمەندە نییە، بەڵکو لەسەر دووبارە پێناسەکردنەوەی ڕۆڵی هونەرە لە کاتی قەیرانەکاندا، مێژوو تیۆری ئەوەمان بیردەخاتەوە کە هونەر هەرگیز لە دەرەوەی کایەی سیاسەت نییە، بەتایبەتی کاتێک بەستراوەتەوە بە جەستە و دەنگی ژنەوە، لەم جۆرە ساتانەدا، خۆبەدوورگرتن، نەبوون یان کشانەوە، نابێتە نیشانەی سستی، بەڵکو دەبێتە جۆرێک لە بەرخۆدانی هێمای، ڕەنگە ئەم کردارانە بە تەنها ڕێکخستنی هەبوو نەڕوخێنن، بەڵام توانای سەپاندنی تێچووی هێماییان هەیە کە وێنەی "ئاسایی" دەشکێنێت، ڕەنگە هەر لەبەر ئەوەش بێت کە هەڵبژاردنی ڕەوشتی هونەرمەندان، بەتایبەتی ژنان، ئێستا لە ژێر چاودێرییەکی زیاتردا بێت لە خودی کارە هونەریەکان.