زیندانیانی دۆرزى لە زیندانی ئەدرادا دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد
ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە سووریا (SOHR) ڕایگەیاند کە ژمارەیەکی زۆر لە زیندانیانی دۆرزى خەڵکی سووەیدا لە زیندانی ناوەندیی ئەدرا، کە نزیکەی ساڵێکە لەوێ دەستبەسەرن، دەستیان بە مانگرتنێکی بێبڕانەوە لە خواردن کردووە.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە سووریا ڕایگەیاند کە زیندانیانی دۆرزى لە زیندانی ناوەندیی ئەدرا، بەهۆی خراپیی بارودۆخی زیندانەکە، نەبوونی خزمەتگوزاریی تەندروستی و نادیاریی ڕێکارە دادوەرییەکانیان، دەستیان بە مانگرتنێکی بێبڕانەوە لە خواردن کردووە.
بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوەی کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، زیندانیان بەهۆی خراپیی دۆخی گوزەران، بێبەشبوون لە چارەسەری پزیشکی و نەبوونی چاکسازی و پێشوەچوون لە دۆسیەکانیاندا، مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاندووە.
### بارودۆخی جەستەیی و دەروونیی زیندانیان نالەبارە
بەپێی ڕاپۆرتی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە سووریا، ئەو کەسانەی لە ڕووداوەکانی تەممووزی ساڵی ڕابردوودا ڕفێندراون و دەستگیرکراون، لە بارودۆخێکی زۆر سەختدا لە زیندانەکەدا ڕاگیراون.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە زیندانیان ڕووبەڕووی ڕەفتاری خراپ دەبنەوە و لە خزمەتگوزاریی تەندروستی بێبەشکراون، ئەمەش بووەتە هۆی تێکچوونی توندی باری جەستەیی و دەروونییان. بەدەر لەوەش، هاتووە کە زیندانەکە بەدەست کەمییەکی زۆری خۆراک و دەرمانەوە دەناڵێنێت، هەروەها بەهۆی قەرەباڵغییەکی زۆر و نەبوونی سیستمی هەواگۆڕکێی گونجاو، دۆخەکە هێندەی تر خراپتر بووە.
ڕاگەیەندراوە کە زیندانیان بەمەبەستی سەرنجڕاکێشان بۆ سەر بارودۆخەکەیان و داواکاریی ڕوونکردنەوەی پێگەی یاساییان، دەستیان بەم مانگرتنە کردووە.
زیندانیان هەست دەکەن کە فەرامۆش کراون
سەرەڕای ئەوەی نزیکەی ساڵێکە لە زینداندا ماونەتەوە، بەڵام لە دۆسیەکانیاندا هیچ پێشوەچوونێکی یاسایی یان مرۆیی بەدی نەکراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی (SOHR)، زیندانیان هەست دەکەن کە "فەرامۆش کراون" و لەو بڕوایەدان هیچ هەنگاوێکی فەرمی بۆ باشترکردنی دۆخیان یان زامنکردنی ئازادکردنیان نەنراوە.
پێشتر ئاڵوگۆڕی زیندانیان ئەنجامدرابوو
ئەم پەرەسەندنە دوای ئەوە دێت کە لە ٢٦ی شوباتدا، پرۆسەیەکی ئاڵوگۆڕی دەستبەسەرکراوان لە نێوان حکومەتی کاتیی سووریا و پاسەوانی نیشتمانی لە سووەیدا بەڕێوەچوو.
ئەو ئاڵوگۆڕەی کە لەژێر چاودێری کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سووردا لە بازگەی (مەتوونا) ئەنجامدرا، بووە هۆی ئازادکردنی ٦١ هاووڵاتیی سڤیلی خەڵکی سووەیدا؛ لە بەرامبەریشدا، ٣٠ ئەندامی هێزەکانی پاراستن و ناوخۆی حکومەتی کاتی ڕادەستکرانەوە.
بەڵام، بێبەشکردن و نەگرتنەوەی زیندانیانی دۆرزى لە زیندانی ئەدرا لەم ڕێککەوتنە، دڵتەنگی و هەستی تەنیایی و پشتگوێخستنی لە نێو زیندانیان شیدا زیاتر کردووە.