پیاوێک دەستگیر کرا کە بە فێڵ پارە و ئاڵتوونی لە ژنێک بردووە
لەسەر سکاڵای ژنێک، پۆلیسی سلێمانی تۆمەتبار "ه. أ. ح لەدایكبووی ١٩٨٥"ی دەستگیر کرد، بە تۆمەتی فریودان و دەست بەسەر بڕێک پارەدا گیرا، كە بە تۆمەتبار بووە.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بڵاوی کردەوە، دوای ئەوەی ژنێک سكاڵای تۆمار كرد، كە لەلایەن كەسێكەوە بە فێڵ بڕێک پارە و ئاڵتونی لێسەندراوە، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوە و بەدواچوونەكانیان دەستپێكرد و دەركەوت، كە تۆمەتبار بەناوی خوازراوەوە و بە بەكارهێنانی تۆڕی كۆمەڵایەتی ساختە و بە بیانووی هاوسەرگیریی بڕی هەشت هەزار دۆلار و بڕێک ئاڵتوونی لە سكاڵاكار سەندووە.
پۆلیسی سلێمانی ڕاشیگەیاند، دوای لێکۆڵینەوە، تۆمەتبارەکە بە ناوی "ه. أ. ح لەدایكبووی ١٩٨٥" دەستگیر کرا و دەست بەسەر بڕێک پارەدا گیرا، كە بە تۆمەتبار بووە.
لە ئێستادا تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی ٤٥٦ لە یاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوە و دانی ناوە بە تاوانەكەیدا.
مادەی ٤٥٦ لە یاسای سزادانی عێراقی تایبەتە بە تاوانەکانی “ساختەکاری و فریودان”، سزاکەی لە یەک ساڵ کەمتر نییە و تا پێنج ساڵیش دەڕوات.