تاوانێکی دیکەی ڕژێمی ئێران؛ مەلیکا بورجی کۆچی دوایی کرد

مەلیکا بورجی دوای سێ مانگ و نیو مانەوەی، لەکاتێکدا گولـلەیەک لە پشتی سەریدا بوو، گیانی لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

مەلیکا بورجی، منداڵێکی تەمەن ١٢ ساڵان کە مانگی ئاداری ئەمساڵ لە شاری کەرەج لەلایەن ئەفسەرانی پۆلیسەوە تەقەی لێکرابوو، دوای سێ مانگ و نیو گیانی لەدەستدا.

 

بەپێی هەواڵە بەردەستەکان، مەلیکا بە دوو فیشەک لە پشتی سەریەوە بریندار بوو، سەختی برینەکەی بووە هۆی ئەوەی دوای چەند مانگێک گیان لەدەستبدات.

 

بەگوێرەی هەواڵە بڵاوکراوەوەکان، لە ١٥ی ئاداری ٢٠٢٣ و لە سەرهەڵدانەکانی "ژن، ژیان، ئازادی"دا ئەفسەرانی پۆلیسی ڕژێمی ئێران، دوای ڕاوەدوونانی خۆپیشاندەرێک، بەبێ ئامانج لە شەقامەکەدا دەستیان بە تەقەکردن کردووە و لە ئەنجامی تەقەکان، ژنێکی تەمەن مامناوەند و منداڵێکی ١٢ ساڵ بە ناسنامەی مەلیکا بورجی تەقەیان لێدەکرێت.

 

لە کاتێکدا کە میدیا ناوخۆیی و سەر بە ڕژێمی ئێران بە بیانووی مادەی هۆشبەر هۆکاری تەقەکردنەکەیان وەک پاساو هێنایەوە، بەڵام لەو کاتەدا زۆر کەس بە تایبەت منداڵان بە بێ هیچ مەبەستێک لەلایەن بەکرێگیراوەکانی ڕژێمەوە تەقەیان لێکرا و چەندین کەس گیانیان لەدەستدا.