"هێرشکردنە سەر ژنانی کورد نیشانەی ترسی دوژمنە"
سۆنگول گولەر، ئەندامی کۆمیتەی ژنۆلۆژی مەخمور، باسی لە دووەمین کۆمەڵکوژی پاریس و بێدەنگی حکومەتی فەڕەنسا کرد و وتی: "بێدەنگی نیشانەی هاوکارییە".
بەرژین کارا
مەخمور- ڕۆژی ٢٣ی کانوونی یەکەم هێرشێکی چەکداری کرایەسەر ناوەندی کولتووری کوردی ئەحمەد کایا لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا، پێشەنگی تەڤگەری ژنانی کورد ئەڤین (ئامینە کارا)، هونەرمەند میر پەروەرو وڵاتپارێز عەبدولڕەحمان کزل گیانیان لەدەستدا، کاردانەوەکان لە دژی ئەو کۆمەڵکوژییە لە سەرتاسەری جیهان و کوردستان بەردەوامە، سۆنگول گولەر، ئەندامی کۆمیتەی ژنۆلۆژی مەخمور، باسی لە دووەمین کۆمەڵکوژی پاریس کرد و وتی: "حکومەتی فەرەنسا دە ساڵ لەمەوپێش بێدەنگ بوو و هێشتا بێدەنگە و ئەوەش ئەوە دەردەخات کە ئەوان هاوکاری ئەم کۆمەڵکوژییەن".
"بێدەنگی دەریدەخات کە ئەوانیش هاوبەشن لە کۆمەڵکوژییەکەدا"
سۆنگول گولەر بێدەنگی حکومەتی فەرەنسای ئیدانە کرد و وتی: ١٠ ساڵ لەمەوپێش جارێکی تر لە پاریس کۆمەڵکوژییەک بەسەر کورددا هات، تیایدا هەڤاڵ ساکینە جانسز و فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز شەهید بوون، بەڵام تا ئێستا ئەو ڕووداوە ڕوون نەکراوەتەوە و تا ئێستا دەوڵەتی فەرەنسا وەڵامی نەداوەتەوە، دوای ١٠ ساڵ ئەو کۆمەڵکوژییەی لە پاریسی فەرەنسا دووبارە کردەوە، ئەوەی جێگەی گومانە ئەوەیە کە لە شوێنێکی وەک ئەوروپا و بەتایبەتی فەرەنسا کە دەڵێن ئێمە دیموکراتین و یەکسانی دەپارێزین، ئێمە مافی مرۆڤ دەپارێزین، بەڵام تۆ سەیری کوشتارێک دەکەیت لە دژی گەلی کورد و ژنی کورد، ئەگەر حکومەتی فەرەنسا لەو دوو کۆمەڵکوژییەدا بەشدار نەبێت بۆچی ئاشکرای ناکەن؟ بکەری ڕووداوەکەی ١٠ ساڵ پێش ئێستا دەستگیرکرا، بەڵام دواتر بە گوماناوی وترا کە بە نەخۆشی گیانی لەدەستداوە، دووەمین کۆمەڵکوژیش لە ناوەندی پاریسدا ڕوویداوە، بۆچی تا ئێستا حکومەتی فەرەنسا بێدەنگ بووە، ئەم بێدەنگییە ئەوە دەردەخات کە ئەوانیش هاوبەشن لەو ڕووداوەدا.
"ئێمە گومانمان لە دۆخی ڕێبەر ئاپۆ هەیە"
سۆنگول گولەر رایگەیاند، گۆشەگیرکردنی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان گۆشەگیرکردنی هەموو گەلی کوردە، لەوبارەیەوە وتی: دەیانەوێت دەنگی ڕێبەر ئاپۆ ببڕن بۆ ئەوەی نەگاتە گەل و تەڤگەری ئازادیی، ماوەی ٢٢ مانگە هیچ زانیارییەک لە ڕێبەر ئاپۆوە بەدەست نەگەیشتووە، نازانین دۆخی تەندروستی چۆنە، نە گەلی کورد و نە دۆستانی گەلی کورد و نە ڕۆشنبیران و بزووتنەوەی پەکەکە هیچ زانیارییەک لە ڕێبەر ئاپۆوە وەرناگرن، ئێمە هەموومان گومانمان لە دۆخی ڕێبەر ئاپۆ هەیە، دەیانەوێت تەڤگەری ئازادی و گەلی کورد لە کەسایەتی ڕێبەر ئاپۆدا لەناوبەرن، حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە دەیەوێت لە ساڵی ٢٠٢٣دا جارێکی تر بە خوێنی گەلی کورد دەسەڵاتی خۆی دابمەزرێنێت.
"شەڕێکی نائەخلاقی بەرپا دەبێت"
سۆنگول گولەر تیشکی خستەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەوڵەتی تورک و بەبیریهێنایەوە کە ئەو شەڕەی دەوڵەتی تورک لەدژی گەریلاکانی ئازادی بەرپایکردووە بێ ئەخلاقییە و وتی: لە مانگی نیسانەوە شەڕێکی سەخت لە باشووری کوردستان و لە ناوچەکانی پاراستنی میدیادا بەرپا بووە، شەڕێکی نائەخلاقی لە دژی تەڤگەری ئازادی بەرپا دەکرێت، دەوڵەتی تورک، حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە، چەکی کیمیایی بۆ داپۆشینی شکستەکەی بەکاردەهێنێت، لە ئەنجامی ئەو هێرشە کیمیاییانەدا ١٧ هەڤاڵمان شەهید بوون و ١١ هەڤاڵمان دیسان شەهید بوون، پێویستە هەموو گەلی کورد، دۆستانی کورد کە دەڵێن ویژدانمان هەیە، لەم بارەیەوە بوەستنەوە و هەڵوێستی خۆیان دەرببڕن.
"ژنی کورد لە سەدەی ٢١یەمیندا مۆری خۆی داناوە"
سۆنگول گولەر ڕایگەیاند، کە حکومەتی ئاکەپە – مەهەپە ژنانی خاوەن زانست دەکاتە ئامانج "بۆچی ژنان دەکرێنە ئامانج، ماوەی ٥ هەزار ساڵە سیستمی پیاوسالاری دامەزراوە، ئەم سیستمە بە خوێن و کوشتار و داگیرکاری و تاڵانی بنیادنراوە و ژنان لە شوێنی ژیان لابران و خراونەتە چوار دیوارەوە، لە سەدەی ٢٠-٢١دا ژنانی کورد لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا پێشەنگی تێکۆشانی ژنانی جیهان بوون لە کەسایەتی سارا و لەیلا و دەلال و زیلان و بێریتانەکان نیشانەی خۆیان لەسەر ئەو سەردەمە دروستکرد، خەبات و ئیرادەی ژنی کورد ترس و خۆفێکی خستە دڵی حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە و سیستمی پیاوسالارییەوە، دەزانێت ئەگەر ژنان خاوەنی ویست و ناسنامەیان بن ئەوا سیستمەکەیان تێکدەشکێت، بەم هۆیەوە ژنی خاوەن زانست، ڕێکخراو، خاوەنی ئیرادە، لای قبوڵکراو نییە و بە ئامانجی دەگرێت، دیارترین نموونەش کۆمەڵکوژیی ناگیهان ئاکارسەل و ئەڤین گوییە، ئەم دوو کۆمەڵکوژییە لە هەمان عەقڵییەتییەوە دەرکەوتوون و بەرپرسیاری ئەوە دەوڵەتەی تورکیا و حکومەتی ئاکەپە-مەهەپەیە، گەلی کورد نابێت هەرگیز ئەمە لەبیر بکات، وەک گەلی کورد و ژنانی کورد پێویستە شەڕی شۆڕشگێڕی گەل بەشێوەیەکی زانستی ڕێکبخەین و دژی هەموو جۆرە هێرشێک بوەستینەوە.