"بێدەنگی حکومەتی هەرێم و عێراق هۆکاری بۆردوومانەکانە"

ڕەحمان غەریب ڕێککخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، بێدەنگی حکوومەتی عێراق و هەرێم هۆکاری بەردەوامی بۆردوومانەکانە.

ناوەندی هەواڵ

 

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئۆتۆمبێلێکی ڕۆژنامەنووسانی کردە ئامانج، کۆمپانیای چەتر کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدا و تێیدا ڕەحمان غەریب ڕێککخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، بێدەنگی حکوومەتی عێراق و هەرێم هۆکاری بەردەوامی بۆردوومان و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیان.

 

وتیشى: وەک دەزانرێت دەوڵەتی تورکیا نزیکەی ٥٠ کیلۆمەتر لە سنوورەکان هاتووەتە ناوەوە و ڕۆژانە هاوڵاتیانی مەدەنی دەکاتە ئامانج.

 

هەروەها باسی لەوەکرد کە هۆکاری بەردەوامی ئەو داگیرکاریی و بۆردوومانانەی دەوڵەتی تورکیا کە هاوڵاتیان و ڕۆژنامەنووسان دەکاتە ئامانج بێ دەنگی و بێ هەڵوێستیی حکوومەتی عێراق و هەرێمە.