پۆلیس هەوڵی تێکدانی نەورۆزی ئەدەنەی دا
لە ئاهەنگی پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆزی ئەدەنەدا، بەشداربووان چەندین دروشمیان دەوتەوە و داوای ئازادکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان کرد
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ بە بەشداری هەزاران کەس، لە گۆڕەپانی شانۆی کراوەی شاری ئەدەنە، ئاهەنگی پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز بەڕێوەچوو، لە چوارچێوەی ئاهەنگەکەدا، ئەسەنگول دەمیر، هاووتەبێژانی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان - هەدەکە لە ئاهەنگی پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆزی ئەدەنەدا، ئاماژەی بەوەدا، کلیلی ئاشتیی لە ئیمراڵییە.
لە کاتی پیرۆزباییەکەدا، پۆلیس هەڵیکوتایە سەر ئاهەنگەکە و هەوڵی نانەوەی پشێوی دا و هەندێک بەشداربوویان بە لێدان بۆ ماوەیەک دەستبەسەر کرد، بەڵام دوای ماوەیەکی کورت ئازاد کران.
لە ئاهەنگەکەدا هاوڵاتیان بە جل و بەرگی ڕەنگاوڕەنگەوە بەشداربوون و درووشمەکانی "بە بەرخۆدان سەردەکەوین"، "ژن- ژیان- ئازادیی" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" دەوتەوە.
هاووتەبێژانی هەدەکە ئەسەنگول دەمیر جەژنی نەورۆزی لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانییان پیرۆز کرد و ئاماژەی بەوەدا، کلیلی ئاشتیی لە ئیمراڵییە و دەبێت ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت.
لە کۆتایی چالاکییەکەدا چەندین هونەرمەند بە پێشکەش کردنی هونەرەکەیان جۆش و خرۆشیان بەخشییە ئاهەنگەکە.