رێکارەکانی کەیسی قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیان خرایەڕوو

گوڵزار عەلی دەڵێت: کەیسی قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە پیشکەش بە دادگا کراوە و لە دادگای بەرایی سلێمانی چەندین جار دانیشتی لەسەر کراوە

هەڵەبجە

 

ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە بارەگای کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە، کەسوکاری قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە و پارێزەران رێکارەکانی کەیسی قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیانیان خستەڕوو.

 

گوڵزار عەلی، پارێزەری کەیسی قوربانیانی چەکی کیمیایی، وتی: کەیسی قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە پیشکەش بە دادگا کراوە و لە دادگای بەرایی سلێمانی چەندین جار دانیشتی لەسەر کراوە و نزیکەی ٢٠٠٠ شەهید داوای قەرەبوویان بۆ کراوە، سەرووی ٤٠٠٠ داواکار هەیە و لەناو ئەو چوار هەزارەدا بەشێکیان بریندارانن و بەشێکیان کەسوکاری قوربانیانن.

 

لە درێژەی قسەکایدا گوڵزار عەلی وتی: "ڕێگاکانی دادگا بە ڕێکوپێکی تێپەڕیوە، لە ئێستادا گەشتووەتە قۆناغی دابەشنامەی شەرعی"، سەبارەت بەو کەسانەی تاوانبارن لەم کەیسەدا، ئەو پارێزەرە ڕوونی کردەوە، تاوەکو ئێستا  ١٢ کەس داوایان لەسەر تۆمار کراوە، کە کەسی تایبەت و کۆمپانیای تیایە و سەرجەمیان ئەوروپان.

 

پاشان لە کۆنگرەیەکدا لەلایەن پارێزەرانەوە ڕونکردنەوەی ورد بە ئەو کەسانە درا، کە داوای قەرەبوو دەکەن.