فلیز بوداک: حکومەتی عێراق داواکارییەکانی دەوڵەتی تورک جێبەجێ دەکات

فلیز بوداک، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی دیموکراتیکی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی "مەخمور" باسی لە سیاسەتەکانی عێراق لە دژی خەڵکی مەخمور کرد و ڕایگەیاند کە خەڵکەکە سوورن لەسەر بەرخۆدان.

بەرژین کارا

 

مەخمور- لە بەیانی دوێنێوە ٢٠ی ئایار، دەیان ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و چەک و پۆلیس و هێزە تایبەتەکانی عێراق هەوڵ دەدەن کامپی پەنابەرانی شەهید ڕوستەم جودی لە مەخمور تەلبەند بکەن، خەڵکی کامپەکە چوونە بەردەم هێزەکان و لەوێ چادریان دانا، شاندی کۆمیتەی دیپلۆماسی و هاوسەرۆکایەتی مەخمور لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆبوونەوە فلیز بوداک، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی دیموکراتیکی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور سەبارەت بە کۆبوونەوە و مەبەستی گەمارۆدانی کامپەکە قسەی کرد.

 

"بۆ ماوەی ٣٠ ساڵە هێزی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکمان پاراستووە"

فلیز بوداک ئاماژەی بەوەکرد بە هیچ شێوەیەک گەمارۆکە قبوڵ ناکەن و وتی: حکومەتی عێراق دەڵێت ئێمە بە تەل دەورتان دەدەین، خەڵکەکەمان بە هیچ شێوەیەک ئەمە قبوڵ ناکەن و لەبەردەم حکومەتی عێراق دەوەستن و خەڵکەکەمان لەناو خۆل و تۆزدا چادریان داناوە، لە بەرامبەر حکومەتی عێراق بەرگری دەکەن کە دەیەوێت تەل دەورمان بدات، لە ئەنجامدا، وەک کۆمیتەی دیپلۆماسی و وەک هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەل، تا ئێستا دوو کۆبوونەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق ئەنجام دراون و هەڵوێست و کاردانەوە و سووربوونی خەڵک بەرامبەر ئەمە بۆ حکومەتی عێراق ڕوونکراوەتەوە کە ئەوان ئەو تەلبەندەیان ناوێت، گەل بە هیچ شێوەیەک ئەمە قبوڵ ناکەن، لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا، ئێمە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی خۆمان پاراستووە، ئێمە سیستمەکەمان دامەزراندووە، چوونە زیندانێکی کراوە قبوڵ ناکەین.

 

فلیز بوداک تیشکی خستە سەر ئامانجی حکومەتی عێراق لە دانانی قولەی سەربازی و وتی: ئامانجی دروستکردنی قولەی سەربازی لێرە لەسەر بنەمای سیاسەتەکان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا و ماڵی بارزانییە، ئەمڕۆ حکومەتی عێراق داواکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا جێبەجێ دەکات و لە کۆبوونەوەکاندا خۆیان بە ئاشکرا دەڵێن لەبەر ئەوەی حکومەتی تورکیا و ئاکەپە/مەهەپە ئاوی دیجلە و فوراتمان لەسەر دەبڕێت، ئێمە خەڵکەکەمان ناکەینە قوربانی خەڵکی دیکە، بەم شێوەیە، پێیان وتین ئەگەر ئەم هەوڵە ئەمڕۆ لێرە هەبێت، ئەوا ئەو ئەنجامە سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیایە لەگەڵ حکومەتی عێراق و لەبەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان.

 

"لە تەمەنی ٧ بۆ ٧٠ ساڵی، سوورن لەسەر بەرخۆدان"

فلیز بوداک بانگی لە گەلی مەخمور کرد و وتی: داوا لە هەمووان دەکەین ئەمڕۆ خاوەنداری لە مەخمور بکەن، چونکە مەخمور شوێنێکی ئاسایی نییە، پەناگەیەک نییە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی نان و ئاو و خۆراک، ئێمە کێشەی ئازادی و ناسنامەمان هەیە و لێرە دەژین بۆ دیاریکردنی سەربەخۆیی خۆمان، ئەمڕۆ کۆبوونەوەی کۆمەڵگەی ئێمەش لەسەر ئەو بنەمایەیە، لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا بەرخۆدانی ئەم کۆمەڵگەیە لە دژی دەوڵەتی تورکیا و حکومەتی عێراق و پەدەکە و ماڵی بارزانی بەردەوام بووە، ئەمڕۆ خەڵکی تەمەن ٧ بۆ ٧٠ ساڵ لەبەردەم مەخمور ڕاوەستاون و سوورن لەسەر بەرخۆدان، ئەوان دەڵێن تەرمەکانمان بکەوێتە سەر زەوی ڕێگە نادەین ئەو هێزانە قولە لە دەوروبەری مەخمور دابنێن.