تاژێ: ئێمە سەر دانانەوێنین

تاژێ لە بەرامبەر هێرشەکانی سوپای عێراق بۆ سەر ئاسایشی ئێزدیخان و یەبەشەو یەژەشە کە لە دوێنێوە بەردەوامە وتی: "ئێمە وەک دایکانی ئێزدی دەبینە قەڵغان لەبەردەم هەوڵەکان بۆ لەناوبردنی کۆمەڵگاکەمان".

شەنگال

ڕۆژی ١٨ی نیسان هێزەکانی سوپای عێراق هێرشیان کردە سەر هێزەکانی ئاسایشی ئێزدیخان لە گوندی دیگور و هەوڵی دەستبەسەرداگرتنیان دا، دوای ناڕەزایی هاوڵاتیانی شەنگال و دروستبوونی شەڕو پێکدادان، سوپای عێراق ئەوێی جێهێشت و هێرشی کردە سەر بازگەی ئەمنی لە سنون و شەنگال و خانەسۆر، هەروەها لە نیوەشەودا هێرشیان کردە سەر بازگەی جیدالی هێزەکانی ئاسایشی ئێزدی لە تل-عەزر، هێزەکانی ئاسایش وەڵامی ئەو هێرشەیان دایەوە و شەڕ ڕوویدا، دوای ئەو شەڕە سوپای عێراق بەرەو دۆڵی شیلۆ و سکانی کە لەژێر کۆنترۆڵی یەبەشە و یەژەشەدان ڕۆیشت و هێرشیکرد بۆیە شەڕو پێکدادان ڕوویدا، ژنانی شەنگال کە لە سەرەتای هێرشەکانەوە لەسەرپێن و ئاماژەیان بەوەکرد کە خاکەکەیان ڕادەستی کەس ناکەن.

 

تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی "تاژێ" ڕاگەیەندراوێکی نوسراوی سەبارەت بە هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئێزدیخان بڵاوکردەوەو وتی: "ئێمە هەرگیز بێدەنگ نابین لە بەرامبەر ئەو هێرشانە و سەرمان دانانەوێنین".

 

لە راگەیەندراوەکەی تاژێ دا هاتووە: "لە ٣ی ئابی ٢٠١٤، فەرمانێک لە بەرچاوی هەموو جیهان لەسەر خاکە پیرۆزەکەمان و دژی کۆمەڵگەی ئێزدیمان کرا، ئەم فەرمانە بە مەبەستی لەناوبردنی باوەڕی ئێزدیەکان بوو، بەڵام بە بەرخۆدانی گەریلاکانی کوردستان کە گەیشتنە لای ئێمە ئەم پیلانە پیسانە کە دەستی سەرجام دەوڵەتان و پەدەکەی تێدابوو، تێکدراو نەهێڵرا بگەنە ئامانجی خۆیان، بۆ پاراستنی ئەم خاکە و ئەم باوەڕە منداڵەکانمان چەکیان هەڵگرت و هێزی بەرگری ئێزدیخانیان دامەزراند،  دەوڵەتە داگیرکەرەکان بەتایبەتی تورکیا و هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەوەی شکستی ٣ی ئابی ٢٠١٤ بشارنەوە، لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ پەیماننێکیان واژۆ کرد کە هەموو خاڵەکانی دژی ئیرادەی کۆمەڵگای ئێمە بوو، بەڵام دیسان بە بەرخۆدانی کۆمەڵگاکەمان و دایکانمان ئەم ڕێککەوتنە نەگەیشتۆتە ئامانج، بەڵام ئەنقەرە و بەغدا و پارتی هەموو شێوازەکانی جێبەجێ کردووە بۆ جێبەجێکردنی ئەو پەیمانە، دوێنێ هێزەکانی سەر بەحکومەتی کازمی هەوڵیان دا ئۆتۆمبێلی هێزەکانی ئاسایشی ئێزدیخان لەگوندی دیگۆر بگرن ئەم هێزانە بەبێ ئەوەی بێن و دانوستان بکەن چوونەتە ئاسایشی ئێمە، هێزەکانی ئاسایش وەڵامیان دایەوە بۆ پاراستنی خۆیان و خاکەکەیان لە ئەنجامدا هاوڵاتیانی مەدەنی برینداربوون".

 

لە بەردەوامی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەم هێرشەی هێزەکانی سەر بە حکومەتی کازمی ڕێکەوت نییە هەموو کەس دەزانێت کە دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بە هاوکاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە ١٧ی ئەم مانگەدا هێرشی کردە سەر چیاکانی باشووری کوردستان، ئەم هێرشەی سەر شەنگال لەو پیلانە پیسە دانابڕێت، ئامانجی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر دابەشکردنی خاکی کوردستان و عێراقە بەڵام بەداخەوە ئەوەش لەلایەن هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان -ەوە ئەنجام دەدرێت، ئێستا دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر و پارتی دیموکراتی کوردستان دەیانەوێت ئەو پلانانە لە ڕێگەی سوپای عێراقەوە لە شەنگال جێبەجێ بکەن داوا لەحکومەتی کازمی و بەغدا دەکەین کەپشتگیری لەو پیلانە پیسە نەکەن".

 

"ئێمە سەر دانانەوێنین"

بەیاننامەکە سەرنجی ڕاکێشایە سەر ئەم خاڵانە: "ئێمە لە جەژنی پیرۆزمان لە ڕۆژی چوارشەممەی نیسان نزیک دەبینەوە، ئەم هێرشەی کە لەناو ئەم ڕۆژە پیرۆزانەدا کراوە بە پیوانەیەکی ناڕەوشتی دەیبینین، هەموو هێرشێک بۆ سەر کۆمەڵگاکەمان هەمیشە لە ڕۆژە پیرۆزەکانماندایە ئەمانە هەمووی ڕێکەوت نین، ئێمە ئەم هێرشە بۆ سەر باوەڕی ئێزدیەکان و هەبوونی ئیرادەی کۆمەڵگەکەمان دەخوێنینەوە و ڕوونی دەکەینەوە، لە کۆتاییدا ئێمە وەک دایک و ژنانی ئێزدی دەڵێین ئەم خاکە کە بە خوێنی منداڵەکانمان پارێزراوە بە ئاسانی بۆ کەسی بەجێناهێڵین، هەزاران ساڵە بۆ لەناوبردنی ئێمە هەمیشە هێرش دەکەنە سەرمان، بەڵام کۆمەڵگایەک کە جارێک تامی ئازادی کرد هەرگیز سەری دانانەوێنێت، ئێمەش یەکێکین لەو کۆمەڵگایانەی کە تامی ئازادیمان کردووەو هەرگیز لە بەرامبەر هێرشەکاندا بێدەنگ نابین و سەر دانانەوێنین، ئێمە وەک دایکانی ئێزدی دەبینە قەڵغان لەبەردەم هەوڵەکان بۆ لەناوبردنی کۆمەڵگاکەمان".