تاژێ سێیەمین کۆنگرەی خۆی بەڕێوەدەبات

تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی سێیەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی لە شنگال بەڕێوە دەبات. پێشبینی دەکرێت لە کۆنگرەدا گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە سیستەمەکەدا بکرێت و بڕیاری گرنگ بدرێت.

شنگال 

 

تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی "TAJÊ" سێیەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی لە ١٨ی ئایار لە شنگال بەڕێوە دەبات، کۆنگرەکە بە دروشمی 'لەگەڵ ژنان، ئازادی بەرەو ژیانی کۆمەڵایەتی' بەڕێوەدەچێت.

 

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە لایەن دەستەی ئامادەکاری کۆنگرە بە دەزگاکەمان دراوە، میوانانی زۆر لە ڕۆژئاوا، ئەوروپا، باشووری کوردستان و مەخموور لە دەرەوەی شنگالەوە بەشداری کۆنگرەی تاژێ دەکەن، هەروەها دەستپێشخەریی ژنانی عەرەبی کە سەر بە تاژێیە، لەگەڵ نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خۆیدا بەشداری کۆنگرە دەکات.

 

هەرچەندە کۆنگرەیەکی ئاساییە، بەڵام دەوترێت لە کۆنگرەدا گۆڕانکاری بنەڕەتی لە سیستمەکەدا دەکرێت و بڕیاری گرنگ بۆ بەرزکردنەوەی خەبات بۆ ئازادیی ژنان دەدرێت.

 

کۆنگرە بەپێی سیستمی نوێ خانەی ڕاپەڕاندن هەڵدەبژێردرێت. شایانی باسە ئەو نوێنەرانەی کە بەشداری کۆنگرە دەکەن، ماوەیەک لەمەوبەر لە لایەن کۆمینەکانی ژنان لە سەرتاسەری شنگال بە شێوەیەکی دیموکراسی هەڵبژێردراون.

 

لە کۆنگرەکەدا دیدگاکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ڕاپۆرتی دوو ساڵەی تاژێ و هاوپەیمانی دەخوێندرێتەوە. جگە لەم خاڵانە، بڕیار لەسەر پرۆسەی نوێ و پلاندانانیش دەدرێت.

 

یەکەمین کۆنگرەی تاژێ:

یەکەمین کۆنگرەی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی لە مانگی ئەیلوولی ٢٠١٩ لە شنگال بەڕێوەچوو، کۆنگرەکە دوای ئەو فەرمانە بە ئامانجی ڕێکخستن و ئازادکردن و پاراستنی ژنانی ئێزدی بەسترا. لەو کاتەدا لە کۆنگرەدا باس لە بارودۆخی ژنانی ئێزدی و ڕێکخستن لەسەر بنەمای ژیانێکی ئازاد و بەهێزکردنی خەبات کرا. لە دوای کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی ٢٠١٤، دامەزراندنی تەڤگەری ژنان لە شنگال لەگەڵ ئەم کۆنگرەیە وەک هەنگاوێکی مێژوویی بۆ ڕێکخستنی ژنانی ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکە تەماشا کرا. لەو ڕۆژەوە تا ئەمڕۆش تاژێ ڕۆڵی پێشەنگی لە بەرخۆدان و پاراستنی دەستکەوتەکانی شنگالدا بینیوە.