تاژێ سەردانی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی تەلەعفەری کرد

لە چوارچێوەی چالاکییەکانی فەرمانەکەدا، ئەمڕۆ تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی سەردانی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی کۆرا ئەل عەنتەریان لە تەلەعفەر کرد و ئەو کەسانەیان بەبیرهێنایەوە کە لە فەرمانی ٧٤دا کوژراون.

شەنگال

 

بە فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ چەتەکانی داعش هەزاران ئێزدییان کوشت و خستیاننە ناو گۆڕە بەکۆمەڵەکانەوە، یەکێک لە گەورەترین کۆمەڵکوژییەکان لە کۆرە ئەل عەنتەر لە تەلەعفەر ئەنجامدرا، هەزاران ئێزیدی شەنگال و تەلەعفەر لێرە کۆمەڵکوژ کران و خرانە ژێر گڵ، بەپێی زانیارییەکان نزیکەی ٢٠٠٠-٢٥٠٠ تەرم لەم گۆڕە بەکۆمەڵەدا بەخاک سپێردراون.

 

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ١٠ ساڵەی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤، تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزیدی "تاژێ" ئەمڕۆ لە چوارچێوەی چالاکییەکان، سەردانی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئەل عەنتەری لە تەلەعفەر کرد.

 

لە سەردانەکەیدا بۆ گۆڕە بەکۆمەڵەکان، ژنانی ئێزیدی ڕۆژانی فەرمان و زیانبەرکەوتووانیان بەبیرهێنایەوە، لە میانەی سەردانەکەدا، ئەندامانی تاژێ، نورێ شەنگال و ئەمشێ کۆرکۆرکی قسەیان بۆ کردین.

 

"بە فەرمان لەناو ناچین"

نورێ شەنگال ڕایگەیاند، لە ڕۆژی فەرمانەکەدا، چەتەکان سەدان ئێزدییان لە شەنگالەوە هێنایە تەلەعفەر و کوشتیانن و فڕێیاندانە ناو بیرەکانەوە، وتی:لە شەنگالەوە هاتووین بۆ سەردانی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی تەلەعفەر کە سەدان کەسی تێدابوو، ئێزدییەکان لە کاتی فەرمانەکەدا لێرە کوژراون، دوژمنمان ویستی بە فەرمان لەناومان ببات، بەڵام ئێمەی ئێزدی هەرگیز لەناو ناچین، بەرخۆدان دەکەین و لەوەش زیاتر تێدەکۆشین، ئێستا دوژمن دەڵێت هەر جارێک گۆڕی بەکۆمەڵ دەبینن لاواز دەبن، بەڵام ئێمە بەهێزتر و بەهێزتر دەبین.

 

"١٠ ساڵە ئێسکەکانمان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندان"

ئەمشێ کۆرکۆرکی وتی: سەدان کەس لەم گۆڕە بەکۆمەڵەدان، تەنیا ئێزدی نییە، بەڵکو خەڵکی پێکهاتە جیاجیاکانیش هەن، ماوەی ١٠ ساڵە ئێسک و پروسکی زیانبەرکەوتووان لەم گۆڕە بەکۆمەڵانەدایە و لەم دواییانەدا ئەم گۆڕە بەکۆمەڵانە دۆزراونەتەوە، ئێمەی گەلی ئێزیدی هەرگیز فەرمانه قبوڵ ناکەیەن و هەمیشە بەرخۆدان دەکەین.