تاژێ: پشتیوانی لە خەباتی ژنان و گەلان دەکەین بۆ ئازادی

ئەنجومەنی ژنانی گوندی خانەسۆر بە بۆنەی ساڵیادی ڕاپەڕینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو ئاماژەبەوەکرا، لە پێناو ئازادی هەموو ژناندا تێدەکۆشن و پشتیوانی لە ڕاپەڕینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکەن.

 

شەنگال- ساڵێک بەسەر ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێدەپەڕێت، دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە دژی ڕژێمی ئێران دوای کوشتنی ژینا ئەمینی بووە چروسکی ڕاپەڕینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و سەرانسەری جیهان، بە بۆنەی ساڵیادی ڕاپەڕینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بزووتنەوەی ئازادی ژنانی ئێزیدی (تاژێ) لە ڕاگەیەندراوێکدا سڵاو لە یەکەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کرد و ڕایگەیاند،  ئەوان وەک ژنانی ئێزیدی کە لە ٧٤ەمین فەرمان ڕزگاریان بووە هەمیشە پشتیوانی لە خەباتی ژنان و گەلان دەکەن بۆ ئازادی.

نیام بەدەل، ئەندامی کۆردیناسیۆنی تاژێ بە ناوی بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی ئێزیدی ڕاگەیەندراوەکەی پێشکەش کرد و لە کەسایەتی ژینا ئەمینی هەموو شەهیدانی ڕاپەڕین و ئەو ژنانەی لە خەباتی ئازادیدا کۆژراون بەبیرهێنایەوە و سڵاوی لە ساڵیادی ڕاپەڕینەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کرد.

 

"کوشتنی هەر ژنێک هۆکارە بۆ تێکۆشانی ئێمە"

نیام بەدەل ڕایگەیاند کە لە هەموو شوێنێکی جیهاندا هێرش دەکرێتە سەر ژنان و وتی: وەک ژنانی ئێزیدی، ئێمە لەم فەرمانەدا کۆمەڵکوژ کراین و فرۆشراین، تێکۆشانمان دژی ئەم سیستمەیە کە ژنان دەکوژێت، لە باشووری کوردستانیش ئاخینایەکی بچووک کوژرا، ئەوە فەرمانێک بوو بۆ ئێمە هەموو ژنێک کە کوژرا ژیانێک لەناودەچوو، بەڵام ئێمە وەک ژنان دەبێت کوشتنی هەموو ژنێک بکەینە هۆکاری تێکۆشانمان.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکە داوا لە هەموو ژنان لە سەرانسەری جیهاندا کراو تێیدا هاتووە، داوا لە هەموو ژنان لە سەرانسەری جیهاندا دەکەین کە لە دژی کوشتنی ژنان هەستن و لە دژی هەموو جۆرەکانی کۆیلایەتی و داگیرکاری و فاشیزم ڕاپەرن.