تاژێ: لە تێکۆشان بەردەوام دەبین و بێدەنگ نابین
تاژێ سەربارەت بە هێرشکردنە سەر شەنگال بەیاننامەیەکی نووسراوی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، هەتا ئەردۆغان، پەدەکە و عێراق باجی هێرشەکان نەدەن، ئێمە لە تێکۆشان بەردەوام دەبین و بێدەنگ نابین.
ناوەندی هەواڵ
تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی-تاژێ، دەربارەی هێرشکردنە سەر فەرمانداری یەبەشە، سەید حسێن و کۆمەڵکوژی نەخۆشخانەی سکینی، بەیاننامەیەکی نووسراویان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەدا: پێش هەموو شتێک وەک تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید سەید، شەهید ئیلیاس و هەموو شەهیدانی کۆمەڵکوژی نەخۆشخانەی سکینی و کۆمەڵگەی ئێزدی و هەموو کورد و ئێزدیەکان دەکەین، هەڤاڵ سەید دەیان ساڵە بە بەرخۆدانێکی گەورەوە کار بۆ هەبوون و ئازادی گەلی ئێزدی دەکات، لە ماوەی فەرمانی ساڵی ٢٠١٤دا لە بەرەکانی پێشەوە سەرکردایەتی کرد و لە دژی داعش شەڕی کرد، هەڤاڵ سەید پێشەنگ بوو بۆ خەڵکی ئێزدی، بەئامانجگرتنی پێشەنگانی گەلی ئێزدی تەنیا بەردەوامبوونی فەرمانی داعشە، دەوڵەتی تورکی فاشیست و هاوکارەکەی کازمی دەیانەوێت ئیرادەی گەلی ئێزدی لە کەسایەتی ئەو سەرکردە و فەرماندانەوە بشکێنن و ڕێگە بۆ فەرمانێکی دیکە خۆش بکەن.
هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە، پاش فەرمانی ٢٠١٤ گەلی ئێزدی خۆی ڕێکخست، دەزگا و دامەزراوەکانی خۆیان دروستکرد، نەخۆشخانەی سکینی یەکێک بوو لەو شوێنانەی کە بە ڕەنجی گەل دروستکراوە و ساڵانێک خزمەتی بە نەتەوەکەی کردووە، لەمڕۆشدا تووشبووانی کۆڤید-١٩ سەردانی نەخۆشخانەکەیان دەکرد بۆ چارەسەر، بەڵام لە ڕۆژی ١٧ی ئاب نەخۆشخانەکە بووە ئامانجی فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکیا و دەستکەوتی خەڵکی ئێزدی ڕووخێنرا، نزیکەی ١٠ کارمەندی تەندروستی و نەخۆش گیانیان لەدەستدا و برینداربوون.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەدەکات کە ئەوکەس و لایەنانەی دەستیان لەو تاوانەدا هەبووە پێویستە باجی تاوانەکەیان بدەن، دەبێت لێپرسینەوەی ئەم کۆمەڵکوژیانە بکرێت، هەتا ئەوەش ئەنجام نەدرێت، ئێمە وەک گەلی ئێزدی و بەتایبەت ژنان، تێکۆشانی خۆمان بۆ ئازادی و خۆبەڕێوەبەریی ئێزدی زیاتر دەکەین تا بکوژانی دڕندەی وەک ئەردۆغان و هاوپەیمانەکانیان پارتی دیموکراتی کوردستان و حکومەتی کازمی باجی کارەکەیان نەدەن، ئێمە واز لە تێکۆشانەکەمان ناهێنین.
ئێمە بۆ خۆبەڕێوەبەری و ئازادی ئێزیدخان دەجەنگین، هێز و باوەڕی خۆمان لە شەهیدەکانمان و کۆمەڵگاکەمان و فەلسەفە و ئایدۆلۆژیای ڕێبەری ئاپۆ وەردەگرین، لەسەر ئەم بنەمایە داوا لە هەموو ئێزدیەکانی سەرانسەری جیهان دەکەین کە لەبەرامبەر ئەو دڕندەییە بێدەنگ نەبن و دژی کۆمەڵکوژی گەلەکەیان هەڵوێست بنوێنن.
ت.پ