تاژێ: دژی هێرشی پیاوان ئێمە لەگەڵ ژنانی ئەفغانیداین

تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزیدی لە نامەیەکدا پشتگیری لە ژنانی ئەفغانی دەکات و تیشکی خستەسەر هێرشەکانی سەر ژنان و دەڵێت: ئێمە لەگەڵ ژنانی ئەفغانیداین دژی هێرشی پیاوان.

 

شەنگال- تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزیدی لە نامەیەکدا پشتگیری خۆی بۆ ژنانی ئەفغانستان دەربڕی، لە نامەکەیدا تاژێ تیشکی خستەسەر ئەو فشارانەی کە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە لە هەموو شوێنێک و وتی: لە شەنگال و ئەفغانستان و جیهان، ئازارەکانمان هەمان ئازارن بۆ ژیانێکی دادپەروەرو ئازاد، خۆڕێکخستن و خۆپاراستن لە نان و ئاو گرنگترە.

 

نامەکەی تاژێ بەم شێوەیەیە:

لە دووەمین ساڵیادی دەستبەسەرداگرتنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە تا ئەمڕۆش خەبات و بەرخۆدانی ژنانی ئەفغانی دژی دەسەڵات و سەرکوتکردن بەردەوامە، ئێمە وەک ژنانی ئێزیدی ئەم تێکۆشانە زۆر بە بەهایە لامان و سڵاو لە خەباتتان دەکەین، لە ٣ی ئابی ٢٠١٤، چەتەکانی داعش فەرمانیان لەسەر کۆمەڵگەی ئێزیدی جێبەجێکرد، زیانلیکەوتووانی ئەم فەرمانە و هەموو فەرمانەکانی پێشوو ژن و منداڵ بوون، ئەو کەسەی کە ڕێگای بۆ داعش کردەوە و بووە هۆی ئەوەی کۆمەڵگەی ئێزیدی فەرمانیان لەسەربکرێت و ئەوانەی ئەفغانستانیان ڕادەستی تاڵیبان کرد هەمان ئەو بیرکردنەوە پیاوانەیان هەیە کە بۆ ماوەی ٥ هەزار ساڵە لەسەر مرۆڤایەتی و بەتایبەتی ژنان زاڵە.

 

"هەموو ئەمانە لە ئەنجامی هێرشی بیری پیاوانەوەن"

ئێمە دەزانین کە تاڵیبان لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لە ئەفغانستان هەموو شێوازەکانی توندوتیژی دژ بە کۆمەڵگە بە تایبەتی ژنان بەبەرچاوی هەموو جیهانەوە ئەنجامداوە، ژنان ڕۆژانە هەراسان دەکرێن و دەستدرێژییان دەکرێتەسەرم هەموو مافە بنەڕەتییەکانیان بۆ خوێندن و کارکردن و لە بواری وەرزش و هتد بێبەش کراوە، سیستمی تاڵیبان، کە دوژمنی ژنان و کۆمەڵگەیە، ژنانی زیندانی کردووە. هەموو ئەمانە لە ئەنجامی هێرشی بیری پیاوی هەژموونە کە لە کەسایەتی ژندا ژیان دەکوژێت، لەبەر ئەوە، دژی بیرکردنەوەی پیاوسالاری لە هەرکوێیەک بێت، ئێمە دەڵێین "ژن، ژیان، ئازادی" ئەم دروشمە جادووییە لە جیهاندا لە سەدەی ٢١دا نیشانەی خۆی دروستکرد.

 

"خۆڕێکخستن، خخۆپاراستن بۆ ژنان لە نان و ئاو گرنگترە"

ئێمەی ژنان لە شەنگال و ئەفغانستان و جیهان ئێش و ئازارەکانمان یەکە، ئێمەش وەک ژنانی ئێزیدی خۆمان بنیادنا، بێگومان خۆ بنیادنان بە زەحمەت و ماندووبوونێکی زۆرەوە دەبێت، بۆ ژیانێکی ئازاد و دادپەروەرانە، خۆپاراستن گرنگترە لە نان و ئاو. تا زیاتر ئازاد بین، زیاتر دەبینە خاوەن ئیرادە، هەروەها ئەوان خۆیان ڕێکخست و بەرگرییان لە خۆیان کرد، بناغەی شکستپێهێنانی سیستمی کۆیلایەتی و لە هەمان کاتدا کلیلی سەرکەوتنە، لە کۆتاییدا، وەک ژنانی ئێزیدی، بزووتنەوەی ئازادی ژنانی ئێزیدی جارێکی دیکە سڵاو و پیرۆزبایی دەکەین بۆ خەباتی ژنانی ئەفغانی دژی نادادپەروەری و بنیادنانی ژیانێکی یەکسان و نیشاندانی پشتیوانی خۆمانین بۆیان، ئێمە لەگەڵ ژنانی ئەفغانیداین دژ بە هێرشی پیاوانی هەژموونی.

بژی بەرخۆدانی ژن، ژیان، ئازادی