تاژێ بەرنامەی چالاکییەکانی ٨ی ئاداری ڕاگەیاند
تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی "تاژێ" ئەمساڵ چالاکییەکانی ٨ی ئاداری بە دروشمی؛ 'ئێمە بە ڕۆحی ٨ی ئادارەوە بوونمان دەپارێزین" ئەنجام دەدات.
شنگال
تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی "تاژێ" بە دروشمی "بە ڕۆحی ٨ی ئادارەوە بوونی خۆمان دەپارێزین" دەست بە چالاکیەکانی دەکات، دوێنێ لە باخچەی سەرۆک ئاپۆ ڕاگەیاندراوی چالاکییەکان لە لایەن ڕیهام حەسەن، ئەندامی کۆردیناسیۆنی تاژێ خوێندرایەوە.
لە سەرەتای ڕاگەیەندراوەکەی تاژێ-دا گوترا: "بە ڕۆحی بانگەوازی 'ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'، ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنان، پێش هەموو شتێک، لە بنیادنەری ئاشتی ڕێبەر ئاپۆ و هەڤاڵانی ژنی قارەمانی سەردەمی ژن، ژیان، ئازادی، هەروەها لە هەموو ژنانی ئازادیخواز و گەلانی بەرخۆدێڕ پیرۆز دەکەین.
مێژووی تێکۆشانی ژنان بە داستانی قارەمانانە نووسراوە، بۆیە لە کەسایەتی ئەو ژنانەی کە لە ٨ی ئادار لە دژی نادادپەروەری ڕاپەڕین، هەموو شەهیدانی شۆڕشی ژنان، هەروەها ئەو ژنانەی کە لە فەرمانی ٧٤ بۆسەر شنگاڵ بوونە ڕووناکی دژ بە تاریکی بەبیر دێنینەوە و دەڵێین تێکۆشانی شکۆمەندانەی مرۆڤایەتی، بە پێشەنگایەتی ژنان بەدڵنیاییەوە سەر دەکەوێت.
ئێمە وەک ژنان و کۆمەڵگای ئێزدی بەگشتی بە قۆناغێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕین. پێشهاتە سیاسی و سەربازییە خێراکان لەو جوگرافیایەی کە تێیدا دەژین بەردەوام لە ڕوودانن، هەموو ناوچەکە ڕووبەڕووی گۆڕانکاریەکی نوێ دەبێتەوە. سیاسەتی شەڕ و جینۆساید و داگیرکارییان لە ناوچەکە پەرە پێداوە و ئەمەش مەترسی گەورەی لەسەر کۆمەڵگاکەمان دروست دەکات. وەک کۆمەڵگا ڕووبەڕووی یاری و پلانی نوێی زۆر مەترسیدار و گڵاو دەبینەوە.
لە بەردەوامی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: ٨ی ئادار لە مێژووی تێکۆشانی ئازادی ژناندا پێگەیەکی تایبەت و بەمانای هەیە. لەو کاتەوە کە ژن لە کۆمەڵگا لە سروشت دابڕاوە، حەقیقەتی ژنی ئازاد ڕووبەڕووی قوربانیەکی گەورەی مێژوویی بووەتەوە. ئەم قوربانیە گەورە و بە ئازارە لە سەدەی ٢١دا، بە لێکۆلینەوەی قووڵی بێوێنە و مێژوویی، فەلسەفی، کۆمەڵناسی و زانستی ڕێبەر ئاپۆ، بە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، تاجدار بوو. مرۆڤایەتی کە لە دەوری ناسنامەی ژنی ئازاد کۆبووەتەوە، بەرەنگاری سیستەمی پیاوسالاری دەبێتەوە.
" بە حەقیقەتی 'سەردەمی قارەمانێتی ژن' پێشوازی لە ٨ی ئادار دەکەین"
ئێمە بە ڕۆحی ژن، ژیان، ئازادی، بە حەقیقەتی 'سەردەمی قارەمانێتی ژن' پێشوازی لە ٨ی ئادار دەکەین. کاتی ئەوەیە جیهانێک بنیات بنین کە ژن تێیدا پێشەنگایەتی بکات. هەرچەندە تێکۆشانی ژنان هەم ئەو ڕاستییەی سەلماندووە و هەمیش نیشانی داوە.
هەروەها سەبارەت بە پرۆسەکە و بانگەوازی 'ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک' ئەمە گوترا: "ڕێبەر ئاپۆ لە ماوەی ئەم پرۆسەی یەک ساڵەدا هەوڵێکی بێ وێنە و تێکۆشانێکی مێژوویی لە دژی عەقڵیەتی نکۆڵی و جینۆساید ئەنجامداوە. بەو هەنگاوانەی کە گیراوەتەبەر، هەموو چەواشەکارییەکان پووچەڵکرانەوە. هێزە پیلانگێڕەکان جارێکی دیکە دژی پڕۆژەی ڕێبەر ئاپۆ کەوتنە هەوڵدانەوە. هێرشەکانی دژی شۆڕشی ڕۆژئاوا و ئەو پلانە گڵاوە نوێیانەی کە لە دژی شنگال دادەنرێن، دژ بە پڕۆسەی ئاشتییە. ئێمەی ژنان دەبێ پێش هەموو شتێک دژی ئەم پیلانانە پەرە بە تێکۆشانمان بدەین.
هەموو کەسێکی ئازادیخواز و ئەو ژنانەی کە لە دەوری فەلسەفەی ژن و ژیان و ئازادی کۆبوونەتەوە، دەبێ پشتیوانی لە هەنگاوەکانی ڕێبەر ئاپۆ بکەن. ئەمڕۆ بە ڕۆحی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ٨ی ئادار پیرۆز دەکەین.
بۆیە داوا لە هەموو ژنان دەکەین کە بەوبۆنەوە بڕژێنە شەقامەکان و بۆ ڕێگریکردن لە قڕکردنی ژنان، کۆمەڵگا و سروشت دەنگی خۆمان بەرز بکەینەوە و بۆ بنیاتنانی تێکۆشانێکی هاوبەش دەست لەناو دەستی یەک بنێین.
چالاکییەکانی تاژێ بەم شێوەیە دەبێت:
-لەسەر گرنگی و مانای ٨ی ئادار سیمینار ئەنجان دەدرێت.
-بە بۆنەی ٨ی ئادارەوە سەردانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەکرێت.
-هەروەها لە چەندین جێگە مەراسیمی پیرۆزبایی بەڕێوەدەچێت.