تاڵیبان مەترسی لەسەر ژنانی ئەفغانستان دروست دەکات

ئەندامێکی تاڵیبان لە وەڵامی ڕۆژنامەنووسێکی ژندا لە تویتەر نوسیویەتی: "کاری ژنان لە دەرەوەی ماڵ لەشفرۆشییە".

ناوەندی هەواڵ

 

ژمارەیەک لە چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنیی ژنان کە دژی سیاسەتەکانی تاڵیبان بەرامبەر بە ژنان لە کابول خۆپیشاندانێکیان دەستپێکردووە، دەڵێن:" ژنان هەرگیز تاڵیبانیان نەناسیووە و نایناسن".

 

دەشڵێن: "تاڵیبان هەرگیز شەرعییەتی بۆ ئافرەتانی ئەفغانی نییە ئێمە حکومەتی تاڵیبانمان ناوێت چونکە هەموو مافە مرۆییەکانی ژنانیان پێشێل کردووە، ئەوان دەڵێن کە کارکردنی ژنان لە دەرەوەی مال لەشفرۆشییە، ئەمەش سوکایەتیکردنە بە پێگەی ژن".

 

ئەم خۆپیشاندانە دوای ئەوە هات کە ئەندامێکی تاڵیبان لە وەڵامی پەیامنێرێکی ژندا سەبارەت بە مافی کارکردن بۆ ژنان نووسیویەتی: "ژنان کار دەکەن، بەڵام لە ماڵەوە و لەناو خێزانەکانیان، کارکردنی ژنان لە دەرەوەی ماڵ لەشفرۆشییە".

 

ژنانی ئەفغانی لە دوو دەیەی ڕابردوودا سەرەڕای هەموو سنورەکانی کۆمەڵگای پیاوسالاری، بە پشت بەستن بە دیموکراسییەکی گەشەکردوو توانیویانە دەستکەوتی تاکەکەسی و گشتی پێکبهێنن، ئێستا هەوڵەکانیان بۆ بەردەوام بوون و پاراستنی ئەو دەستکەوتانەیە کە بوونی ژنانیان لە هەموو بوارەکاندا مانادار کردووە.