تاڵیبان هەڵیکوتایە سەر ڕادیۆیەک و دەستی بەسەر کەلوپەلەکانی ڕۆژنامەنووسانی ژندا گرت

ڕادیۆی بیگۆمی ئەفغانستان بڵاویکردەوە، ڕۆژی ڕابردوو هێزەکانی هەواڵگری و کارمەندانی وەزارەتی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری کەلوپەلەکانی رۆژنامەنووسانی ژنانیان بردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕادیۆی بیگۆمی ئەفغانستان لە پێگەی فەرمی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک سەبارەت بە دەستبەسەر کردنی ڕۆژنامەنووسانی ڕادیۆکە ڕایگەیاند، ڕۆژی ڕابردوو هێزەکانی هەواڵگری و کارمەندانی وەزارەتی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری تاڵیبان هەڵیانکوتایە سەر نووسینگەی ڕادیۆ بیگۆم لە کابول و دوو کارمەندی پیاویان دەستبەسەر کرد و کۆمپیوتەر، هارد دیسک، بەڵگەنامە و مۆبایلەکانی ڕۆژنامەنووسانی ژنانیان برد.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ڕادیۆکە داوا لە تاڵیبان دەکات بە زووترین کات کارمەندەکانیان ئازاد بکەن، کە کار لەسەر پەروەردە کردنی کچان و ژنانی ئەفغانستان دەکەن و هەرگیز بەشدارییان لە چالاکی سیاسیدا نەکردووە.

 

هاوکات ڕێکخراوی پشتیوانی ڕۆژنامەنووسان هۆشداری دەدات تاڵیبان ئازادی ڕادەربڕینیان سەرکوت کردووە و ئازادی زانیارییان سنووردار کردووە. ئەو جۆرە کارانە بە نیشانەی بەردەوامی گوشارەکان بۆ سەر میدیای سەربەخۆ و هەوڵدان بۆ بێدەنگکردنی دەنگە ناڕازیەکان لە وڵاتەکەدا دادەنرێت.