تاوانێکی دیکە و گۆڕێکی دیکە بۆ گۆڕستانی بێ ناونیشانەکان زیادبوو

لە مەراسیمێکدا تەرمی ژنێک بەخاک سپێردرا، کە ٥٠ ڕۆژ پێش ئێستا تەرمەکەی لە ڕێگای بەکرەجۆ دۆزراوەتەوە، بۆ یەکەمجار گۆڕێک لە گۆڕستانی بێ ناونیشانەکان بە ناسنامەی خۆیەوە نێژرا.

سلێمانی

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و داکۆکیکار لە مافی ژنان، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزانی سلێمانی تەرمی ئەو ژنەی لە مانگی ١٢ی ساڵی ڕابردوو دۆزرایەوە بە خاک سپێردرا.

 

ڕۆژی ١٢ی ١٢ ساڵی ٢٠٢١ لە ڕێگای بەکرەجۆی شاری سلێمانی تەرمی ژنێکی ١٨ ساڵان بە ناوی "دێکان تاریق" بە کوژراوی بە گوللە دۆزرایەوە، دواتر دوو کەس بە تۆمەتی کوشتنی ئەو ژنە دەستگیرکران و دانیان بە تاوانەکەیاندانا.

 

لە مەراسیمەکەدا ئاشتی عەبدوڵا، بەرپرسی بەشی جێندەری نوسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکەدا وتی "ڕەنگە ئەمە دوا تاوان نەبێت، بەڵام دەبێت بە هەموومان هەوڵ بۆ نەهێشتنی کوشتنی ژنان بدەین".

 

سەرکەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزانی سلێمانی ڕایگەیاند، پێش کوشتنی ئەو ژنە ماوەیەک لە ماڵی داڵدەدانی ژنانی سلێمانی بووە، پاش کوژرانی لە ڕێگای زانیارییەکانەوە بکوژەکەی دەستگیرکراوە، بەڵام خێزانەکەی ئامادەنەبوون تەرمەکەی وەربگرنەوە، لەبەر ئەوە ئەوان وەک ئەرکی سەرشانیان مەراسیمێکیان بۆ بەخاک سپاردنی ئەنجام داوە.

 

شۆخان حەمە ڕەشید، سەرۆکی ڕێکخراو هاریکاری یاسای ژنان لە کۆنگرەکەدا ئاماژەی بەوەدا بەشێکی زۆری ئەو ژنانە بە دەستی یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکانیان دەکوژرێن، خێزانەکانیشیان ئامادە نین سکاڵا تۆمار بکەن.

 

ڕۆژگار ئیبراهیم، پارێزەری ئەم کەیسەیە لە دادگا، تایبەت بە نوژنها وتی: "لە ئێستادا کەیسەکە لە دادگای لێکۆڵینەوەیە، دوو کەس بە تۆمەتی کوشتنی دێکان دەستگیرکراون"، ئەو وەک پارێزەرێک تا دوا هەنگاو لەگەڵ کەیسەکەدا بەردەوام دەبێت، هەرچەندە خێزانەکەی هیچ سکاڵایەکیان تۆمارنەکردووە، بەڵام لە ڕێگای داواکاری گشتیەوە کەیسەکە بەردەوام دەبێت.

 

دوو بکوژەکە لە دادگادا دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە بە پێی یاسا بەشی چوارەمی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراون.

 

ت.پ