تاوانەکانی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان و توندوتیژی زایەندی لە گواتیمالا

بەرپرسی فەرمانگەی داکۆکی لە منداڵان سەبارەت بە کۆمەڵێک حاڵەتی ناو مەزهەبی لیف تاهور ڕوونی کردەوە، سکاڵا لەسەر هاوسەرگیری زۆرەملێ و ژنانی گەنجی دووگیان و مامەڵەی خراپ لەناو مەزهەبەکەدا هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

داواکاری گشتی لە گواتیمالا ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەیەک بۆ کەیسەکانی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان و تاوانەکانی توندوتیژی زایەندی و هاوسەرگیری بەزۆر لە نێوان مەزهەبی "لیف تاهور"ی جوولەکەکانی ئۆرتۆدۆکسدا کراوەتەوە.

 

 بە وتەی لوکریسیا پێرێرا لە فەرمانگەی داواکاری گشتی گواتیمالا، دادوەرێک توانیویەتی بچێتە ناو ئەو موڵکە کە دەکەوێتە شاری ئۆراتۆریۆ، بەڵام لەلایەن ئەندامانی مەزهەبی ئۆرتۆدۆکسەوە ڕێگری لێکراوە لێکۆڵینەوەکانی ئەنجام بدات سەبارەت بە گومانی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان و تاوانەکانی توندوتیژی زایەندی و هاوسەرگیری زۆرەملێ.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لێکۆڵینەوەکە دوای "هاوارێک بۆ یارمەتی" دەستیپێکردووە کە لە سەرەتای ئەمساڵدا لەلایەن منداڵێکی تەمەن ١٣ ساڵەوە کە ڕەگەزنامەی بیانییە دەستیپێکردووە، تێیدا داوای یارمەتی کردووە بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەی، ئەمەش پشتڕاستیکردووەتەوە کە بە زۆر هاوسەرگیریپێکراوە.

 

 وتووشیەتی: ئێمە زۆر نیگەرانین لە دۆخی ناو مەزهەبەکە، گلەیی لە هاوسەرگیریی زۆرەملێ و ژنانی گەنجی دووگیان و مامەڵەی خراپ لەناو مەزهەبەکەدا هەیە.

 

ئەم مەزهەبە دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر زۆرێک لە بیناکانی لە گواتیمالا و لە ساڵی ٢٠١٣ گەیشتنە ئەوێ لە ساڵی ٢٠١٦ لە ئۆراتۆریۆ نیشتەجێ بوو، ساڵێک پێش ئەوە مەکسیک ئەندامانی ئەم مەزهەبەی بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و ئەنجامدانی تاوانی زایەندی دەستگیرکرد.