تاڤگە حەمە ساڵح: قاسم ئاغا عەجاجێکی کوردە وخوێنی کەسوکاری ئێمەی ڕشتووە
تاڤگە حەمە ساڵح، بەڕێوەبەری دەزگای ئەنفال و شەهیدان لە کۆیە، دەڵێت: بەبۆنەی مردنی یەکێک لە مستەشارەکانی سەردەمی ڕژێمی بەعس بەناوی ''قاسم ئاغا''، لە م ڕۆژەدا نانی جەژنم دروستکرد و هیوادارم هەموو زاڵمێک لەناوبچێت.
شیا کۆیی
کۆیە- لەگەڵ هاتنە سەر دەسەڵاتی حزبی بەعس و سەدام حسێن لە ساڵی ١٩٦٣ بە شێوەیەکى دڕندانە و ئەوپەڕی توندوتیژیی دەستی بە حکومڕانییەکەی کرد، هەروەها لە ماوەى دەسەڵاتی خۆیدا چەندین تاوان و کۆمەڵکوژیی ئەنجامدا، بە نموونە ئەنفالی گەلی کورد لەسەرانسەری باشووری کوردستان، کیمیابارانکردنى هەڵەبجە، ڕووخاندنى چوار هەزار گوند، ڕاگواستنى گوندەکانى ناوچە سنوورییەکان، مینڕێژکردنى جوگرافیایەکى گەورە لە خاکی باشوور، ڕەشبگیریی و گرتن و ئەشکەنجەدان، گولـلەبارانکردنی بە سەدان و هەزاران کەس بە هەڕەمەکی، لە سێدارەدان، برسیکردن و گەمارۆ خستنە سەر گەلی باشوور، هەروەها کۆمەڵێک جاش و مستەشاریش هەبوون کە خزمەتیان بە دەسەڵاتی بەعس دەکرد، یەکێک لەوانە ''قاسم ئاغای کۆیە''بوو، کە لەهەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لهلایهن ڕژێمی پێشووی بەعسهوه فەوجێكی بۆ كرابوهوە، کە تۆمەتبارە بەهاوكاریكردنی ئەو ڕژێمە لەپرۆسەی ئەنفال و ڕاگواستنی خەڵكی گوندەكان، کە لەدوای ڕاپەڕینی گەلی کورد دژی ئەو ڕژێمە لەساڵی ١٩٩١ ڕژێم ڕووخا، بەڵام سەرەڕای هەبوونی دەیان سکاڵا لەسەر قاسم ئاغا بەڵام توانی هەڵبێت بۆدەرەوەی وڵات و تاکۆتاساتەکانی لەوێ بمێنێتەوە، تا ڕۆژی ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ لەهەولێر مرد و لە قەبرستانی مەلا ئۆمەر ناشتیان. تاڤگە حەمەساڵح، ڕۆژی ١٨ی کانوونی دووەم، بە بۆنەی مردنی قاسم ئاغاوە لە ناو دەزگاکەی پێشوازی لە میوانان و کە کەسوکاری ئەنفالکراوان کرد کە بۆ خۆشی دەربڕین هاتبوون، پێکەوە شیرنیان خوارد.
''هیوادارم هەموو زاڵم ومستەشارەکان ببینم کە لەناودەچن''
تاڤگە حەمە ساڵح، بەڕێوەبەری دەزگای ئەنفال و شەهیدان لە کۆیە، وتی: من وەکو کچە شەهیدێک و وەکو ژنێکی شاری کۆیە کە خاوەن ٨٦٦ ئەنفالکراوە، بەبۆنەی مردنی یەکێک لە مستەشارەکانی سەردەمی ڕژێمی بەعس بەناوی ''قاسم ئاغا'' لەم ڕۆژەدا نانی جەژنم دروستکرد لەگەڵ خێزانەکەمدا، هەروەها هیوادارم هەموو زاڵمەکان ومستەشارەکان ببینم ئەوها لەناوبچن، هەرچەندە بە سزای گەل و نیشتیمان نەگەیشت، بەمردنی خۆی مرد، بەڵام بۆ ئێمە هەرجێی دڵخۆشیە.
''وەک بەڕێوبەرایەتییەکەمان ڕۆژانە زۆر لە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان سەردانمان دەکەن''
وتیشی: وەک بەڕێوبەرایەتییەکەمان ڕۆژانە زۆر لە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان سەردانمان دەکەن، کە ئازاری زۆریان چەشتووە لەسەردەمی ڕژێمی بەعسدا، ئەویش بەدەست جاش و مستەشارەکانەوە، کە ڕۆژانە سەردانمان دەکەن و گلەیی دەکەن لەوەی حکومەت تاوانبارانی بەسزای خۆیان نەگەیاندووە، بۆیە من وەک خۆم وەک کچە شەهیدێک هەموو کات گوێم لەخەمەکانیان گرتووە ولەگەڵیاندا بووم، هەروەها ئەمڕۆش سەردانیان کردووین بۆ دەربڕینی خۆشی بە لەناوچونی عەجاجێکی کورد، چونکە بەلای ئێمەوە قاسم ئاغا عەجاجێکی کوردە وخوێنی کەسوکاری ئێمەی ڕشتووە بە ناحەق ئاوارە و ئەنفالی کردین.
''مۆری خیانەت بدرێت بە نێو چاوانی جاش و مستەشارەکان ''
لەکۆتایی قسەکانیشیدا، وتی: ڕاستە ئەوان دەربازیان بووە و نەمانتوانی لەم دونیایەدا سزایان بدەین، بەڵام هەرگیز لە دادگای خوا وون نابن، هەر لێرەشەوە داواکارین لە کابینەی نوێی حکومەت، کە ئەوکەسانەی دەستیان بەخوێنی کورد سوورە بیان دەنە داگا، تا ببنە پەند بۆ سەرجەم جاش و مستەشارەکان کە شانازی بەخۆیانەوە دەکەن، هەروەها مۆری خیانەت بدرێت بە نێو چاوانیانەوە تا جارێکی دیکە بوێری نەکەن خیانەت بەرامبەر کورد بکەن.