تالیبان دەڵێت ١٩ ژن دەستبەسەر کراون و نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئاماژە بە ٣٠ ژنی دەستبەسەرکراو دەکات

بەرپرسانی تالیبان ڕایانگەیاندووە کە تا ئێستا لە هەرات زیاتر لە ١٩ ژن بەهۆی"پەیڕەوڕەونەکردنی یاساکانی باڵاپۆشی" دەستبەسەر کراون و ئەم ڕێکارەش بەردەوام دەبێت، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان ٣٠ ژن دەستبەسەر کراون.

ناوەندی هەواڵ

 

 نەجیبوڵڵا عەلی، بەڕێوەبەری ئاسایشی فەرمانگەی پۆلیسی هەراتی سەر بە تالیبان ڕایگەیاند کە تا ئێستا زیاتر لە ١٩ ژن لە لایەن یەکینەکانی فەرمانکردن بە چاکە و نەهی لە خراپە بە بیانووی ‘پێڕەوڕەونەکردنی یاساکانی باڵاپۆشی

’ دەستبەسەر کراون.

 

نەجیبوڵڵا عەلی دیاری کرد کە پشکنینەکانی سەر جلی ژنان، بە ئامانجی ‘بنیاتنانی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی’ بەردەوامن و ئەو کەسانەی کە بەپێی فەرمانەکانی تالیبان بۆ باڵاپۆشی نەجووڵێنەوە، لە لایەن ئەم کۆمەڵانەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. ئاماژەی بەوەش دا کە ڕێکاری دەستبەسەرکردنی ژنان لە هەرات بەردەوام دەبێت.

 

بەرپرسی ئاسایش دانی پێدا نا

بەرپرسی ئاسایشی تالیبان لە هەرات ئەوەشی پشتڕاست کردەوە کە لە ناوچەی جەبرائیل، بۆ بڵاوەپێکردنی ئەو خۆپیشاندەرانەی کە دژی دەستبەسەرکردنی ژنان خۆپیشاندانیان دەکرد، تەقە بە ئاسماندا کراوە. ڕایگەیاند کە بەشێک لە خۆپیشاندەران دەستبەسەر کراون.

ئەم لێدوانە لە کاتێکدا بڵاوکرایەوە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین هەواڵ سەبارەت بەوەی کە لە هەرات ژنان و کچانی منداڵ بەهۆی جلوبەرگەکانیانەوە دەستگیر دەکرێن و قەدەغەکارییەکانی دژی ژنان ڕوویان لە زیادبوون کردووە، بڵاوکرابوونەوە. یەکەی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە ڕاپۆرتێکدا کە ئەمڕۆ بڵاوی کردووەتەوە، ڕایگەیاندووە کە ٣٠ ژن لە لایەن تالیبانەوە دەستبەسەر کراون.

 

دوو کەس گیانیان لەدەستداوە کە یەکێکیان منداڵێکی بچووکە

بەپێی ڕاپۆرتەکە، بەرپرسانی هەرات لانی کەم ٣٠ ژنیان بەهۆی پێشێلکردنی یاسای باڵاپۆشیی تالیبان دەستبەسەر کردووە. بەشێک لەو ژنە دەستبەسەرکراوانە پاشان ئازاد کراون.

 

لە ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کە پشت بە پسپۆڕانی سەربەخۆ دەبەستێت، هاتووە کە هێزە ئەمنییەکانی تالیبان تەقەیان لەو پیاو، ژن و منداڵانە کردووە کە بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کردووە و لێیان داون. لە کاتی دەستێوەردانەکەدا، لانی کەم دوو کەس کە منداڵێکی بچووکیان تێدایە، گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٢٠ کەسیش بریندار بوون.

 

سەرەڕای ئەوەی تالیبان دەستبەسەرکردنی ژنانی بە بیانووی ‘پێڕەوڕەونەکردنی یاساکانی باڵاپۆشی’ زیاد کردووە، و بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵانەی کە لە هەرات تەقە لە خۆپیشاندەران کراوە، هێشتا بۆ ڕاگرتنی ئەم کردەوانە، لە لایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کۆمەڵەکانی مافی ژنانەوە هەنگاوی بەرچاو و کاریگەر نەنراون.

 

ڕەخنەگران دیاری دەکەن کە سنووردارکردنی کاردانەوەکان تەنها لە بەیاننامەی ناڕەزایەتیدا و بەردەوامبوونی بێدەنگی، لە ئەفغانستان ڕێگە بۆ پێڕەوکردنی توندوتیژیی دژوارتر و قەدەغەکاریی زیاتر دژی ژنان دەکاتەوە.