TAJÊ : بە وریاییەوە لە دژی هێرشەکان کار دەکەین
تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی سەبارەت بە هێرشەکانی شەوی ڕابردوو ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و وتی: "دەبێت باش بزانرێت کە ئەو هێرشانە تەنها لەسەر بەشێک نییە و تەواوی بوون و مێژووی نەتەوەییمان دەکەنە ئامانج".
تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی سەبارەت بە هێرشەکانی شەوی ڕابردوو ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و وتی: "دەبێت باش بزانرێت کە ئەو هێرشانە تەنها لەسەر بەشێک نییە و تەواوی بوون و مێژووی نەتەوەییمان دەکەنە ئامانج".
ناوەندی هەواڵ
تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی " TAJÊ " سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر چیای شەنگال و مەخمور و شاری دێرکی ڕۆژئاوای کوردستان لێدوانێکی نوسراوی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند کە ئەوان بە وریاییەوە لە دژی هێرشە ناڕەواکان کار دەکەن و بەرەکانی بەرگری بەهێز دەکەن.
"هێرشی سەر شەنگال و حەسەکە لەلایەن هەمان هێزەوە ئەنجامدرا"
TAJÊ رایگەیاند، کە لەبەردەم ئەو هێرشە ترسنۆکانەدا سەر دانانەوێنن و وتی: "هێرشەکانی دەوڵەتی تورک ترسنۆکانەیەو هاوشێوەی هێرشەکەی سەر حەسەکەیە، لە ڕاستیدا دەوڵەتی تورک کە لە حەسەکە شکستی هێنا و نەیتوانی زیندانییەکانی داعش دەربکات هەوڵی جۆراوجۆری داوە بۆ ئەوەی جارێکی تر هێرش بکاتە سەر شەنگال و ڕۆژئاوا ئەوەی دەیویست لەگەڵ داعش بیکات، چونکە نەگەیشتە ئامانج، ئەمجارە خۆی هێرشی کردەوە".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا تیشک خراوەتەسەر جموجوڵەکانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق دوای هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر حەسەکە و لە بەردەوامیدا وتی: "دوای هێرشەکەی سەر حەسەکە کازمی سەردانی شەنگالی کرد و دوای گەڕانەوە لەگەڵ باڵیۆزی تورکیا کۆبووەوە ڕوودانی ئەم هێرشانە دوای ئەو کۆبوونەوەیە ڕێکەوت نییە، کازمی و حکومەتی عێراق هەڵوێستیان بەرامبەر بە کۆمەڵگای ئێزدی جێگای سەرسوڕمانە کاتێک هێرشی سەر شەنگال ئەنجام بدرێت، هیچ دەنگێک لەلایەن حکومەتی عێراقەوە نییە بەیاننامەی خانەی پەیوەندی ئاسایشی عێراق لێدوانێکی بێدەسەڵات و بێ ئیرادەیە".
TAJÊ جارێکی دیکە پەیامی بەرخۆدانی نارد و وتی: "جارێکی تر دەڵێین دەست لە خاکەکەمان هەڵناگرین، لێرە بەرگری دەکەین، ملکەچ نابین و ئێمە پیرۆزبایی لە بەرخۆدانی شەڕڤانانمان دەکەین و پێگەی گەلەکەمان لە دژی ئەو هێرشانە بە پیرۆز دەزانین، پێگەی گەلەکەمان لە شەنگال دەبێتە هۆی خۆبەڕێوەبەری و ئازادی کۆمەڵگای ئێمە دەبێت ئەوە بزانێت کە ئەم هێرشە تەنیا لەسەر بەشێک نییە و بوونی نەتەوەیی و مێژووی ئێمە دەکاتە ئامانج داوا لە گەلەکەمان دەکەین ببنە قەڵغان بۆ هێزەکانمان،دایکانی ئێزدیش دەبێت ڕۆڵێکی گرنگ ببینن لەکاتی مێژووییدا، سەرەخۆشی لە کەسوکاری شەهیدانی مەخمور دەکەین و هیوای چاکبوونەوەیەکی خێرا بۆ بریندارەکانیان دەخوازین".
بەڕێوبەرایەتیی خۆبەڕێوەبەری شەنگالیش سەبارەت بە هێرشەکان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
بەیاننامەکە لەلایەن هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەل- ی سەر بە شارۆچکەی سنون-ی شەنگال- خودەیدا ئیلیا خوێندرایەوە و تیایدا هاتووە: "ئێمە ئێستا لە شوێنی ئەو خاڵەی حەشدی شەعبیین کە وێران بووە، ئەو هێرشانەی کە شەوی ڕابردوو ئەنجام درا بەردەوامبوونی فەرمانی ساڵی ٢٠١٤یە، بەڵام ئیرادەی کۆمەڵگەی ئێزدی لە فڕۆکە و تانک و توپەکانیان بەهێزترە، ئێمە بەڵێنمان بە شەهیدەکانمان داوە، کە بەڵێنەکانمان بپارێزین و شوێنپێی شەهیدەکانمان بکەوین ئەم هێرشانەی ئەم دواییە لە ٢٠ی کانوونی دووەمدا بۆسەر فەرماندەکانمان و هێرشکردنە سەر زیندانی حەسەکە هەمان عەقڵییەتیی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بە تایبەتی ئەردۆغان پشتگیری ئەو عەقڵیەتە فاشیستە دەکات و دەیەوێت لە هەموو شوێنێک بڵاوی بکاتەوە، ئێمە وەک رێکخراو و کۆبوونەوەکانی کۆمەڵگەی ئێزدی خۆڕاگری دەکەین و بەڵێنمان دووپات دەکەینەوە کە رێبازی شەهیدان بهێڵینەوە ئێمە هەرگیز ناگەڕێینەوە دواوە پیلانەکانی دەوڵەتی تورک و داعش هەموویان یەک پلانن و یەک ئامانجیان هەیە بەتایبەتی ئەو هێرشەی کە دوێنێ پەرەی سەند بەهۆی تووڕەیی ئەردۆغان لە کەوتنی چەتەکانی داعشەوەیە".