یادی ٢٠ ساڵەی دامەزراندنی گروپی کیژانی سلێمانی کرایەوە

دوای ئەنجامدانی ٢٠ ساڵ کار و چالاکی ئەندامانی گروپی کیژانی سلێمانی یادی دامەزراندنی گروپەکەیان کردەوە.

سلێمانی


دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆڵی ئەمنە سوورەکە لە شاری سلێمانی یادی دامەزراندنی گروپی کیژانی سلێمانی کرایەوە کە ماوەی ٢٠ ساڵە کار و چالاکی ئەنجام دەدەن لە لایەن کۆمەڵێک ژنی هونەرمەند و بەئەزمونەوە.
بەشێک لە هاوڵاتیانی شاری سلێمانی و کەسایەتییە سیاسییەکان و ئەندامانی گروپەکە بەشداریان کرد لەو یادکردنەوەیەدا و چەندین چالاکی جۆراوجۆر ئەنجامدرا.


چالاکی دەف ژەنین لە لایەن سێ ژنی گەنجی گروپەکە پێشکەشکرا و دواتر خەڵات دابەشکرا بەسەر ئەندامانی گروپی کیژانی سلێمانی لە پای ئەو هەوڵ و ماندوبوونەی ئەم چەند ساڵە بینیویانە تا خزمەتێک بە هونەری کوردی بکەن.


یادەکە بە کۆپلەیەک گۆرانی لە لایەن شنیار نەجیبەوە کۆتایی پێ هێندرا.

 

"هەوڵمان داوە لە ڕێگەی چالاکییەکانمانەوە کلتوری کوردی بپارێزین"
هاژە باست، ئەندامی گروپی کیژانی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، خۆشحاڵم وەکو ژنێکی گەنج بوومەتە ئەندام لە گروپی کیژانی سلێمانی و لە ماوەی کارکردنم لەم گروپەدا خۆم و هاوڕێکانم هەوڵمانداوە خزمەتێک بە هونەری کوردی و کلتوری ڕەسەنی کوردی بکەین و بۆ زۆربەی چالاکییەکانمان جلی کوردی لەبەر دەکەین، زۆر ئاسوودەشم کە لە گروپێکی وادام و هەموومان ژنین، چونکە لە یەک تێدەگەین.