تابلۆی گوڵستان تاراو هیرۆ بەهادین لە سەیدسادق سووتێندرا
لەلایەن دەستێکی ناحەزەوە تابلۆی گوڵستان تاراو هێرۆ بەهادین، شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازاد لە سەیدسادق سووتێندرا.
![](https://jinhaagency1.com/uploads/so/articles/2025/02/20250212-swwtan-jpeg738026-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی ٢٣ـی ئابی ٢٠٢٤، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆردوومانی لە نزیکی شارۆچکەی سەیدسادقی سەربە سلێمانی ئۆتۆمبێلێکی کۆمپانیای چەتر بۆ کاری میدیایی کرد، بە هۆیەوە هەردوو ڕۆژنامەنووسی ڕاگەیاندنی ئازاد “گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین” شەهیدبوون.
دوای شەهیدبوونیان ژمارەیەک لە چالاکوانانی شارۆچکەی سەیدسادق بە نووسراوێک داوایان لە قائیمقامییەتی شارۆچکەکە کرد، ئەو جووتسایدەی ئەو دوو ڕۆژنامەنووسانە لێی شەهیدبوون بکرێت بە ناوی “شەقامی ڕۆژنامەنووسانی شەهید گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین”.
پاش ڕازیبوونی قائیمقامییەتی شارۆچکەکە، بە مەراسیمێک لە ١٠ی شوبات پەردە لەسەر تابلۆی شەهیدان لادرا و شەقامەکە بەناوە نوێیەکەیەوە ناسێندرا، بەڵام ئەمڕۆ ١٢ی شوبات بیندرا کە تابلۆکە شێوێندراوە و پاشان سووتێندراوە.