سۆزدار حاجی: ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار وەڵامدەرەوەی داواکارییەکانی خەڵکە

سۆزدار حاجی ڕایگەیاند، قەسەدە ڕێگری لە خەون و خەیاڵەکانی داعش کردو وتیشی: ڕێککەوتنی ١٠ـی ئازار ڕێککەوتنێکی گونجاو بوو، هەروەها وەڵامێک بوو بۆ بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ و وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی خەڵکە، بەڵام هێشتا خاڵەکانی جێبەجێ نەکراون.

ناوەندی هەواڵ

 

سۆزدار حاجی، ئەندامی فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک- قەسەدە و یەکینەکانی پاراستنت ژنان- یەپەژە سۆزدار حاجی، کە هاوکات ئەندامی شاندی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە، بۆ دانوستان لەگەڵ دیمەشق، سەبارەت بە ڕووداوەکانی سووریا و چەند بابەتێکی دیکە بۆ ئاژانسی هەواڵیی هاوار هەڵسەنگاندی گرنگی کرد.

 

فەرماندە سۆزدار حاجی لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، قەسەدە ڕێگری لە هەوڵەکانی زیندووکردنەوەی داعش کرد، بەهۆی ئەم جەنگەوە بۆشاییەکی ئەمنیی درووست بوو، داعش جارێکی دیکە ویستی سوود لەم زەمینە وەربگرێت و بەشێوەیەکی بەهێز بگەڕێتەوە ناوچەکە، تێپەڕینی هێزەکانی قەسەدە لە دێرەزوور، مەیادین و ئەلبو کەمال ڕێگری لێکرا.

 

وتیشی: کاتێک  قەسەدە هاتە ناو دێرەزوورەوە، ڕێگری لە خەون و خەیاڵەکانی داعش کرد، هاتنی قەسەدە بۆ ئەم ناوچانەش بەشێوەیەکی ئەمان و ئاسایش بوو، بە ئارامیش درا بە حکوومەتی کاتیی سووریا، ئەمەش بە ئامانجی ئەوە کرا ، کە نیشانی بدەین ئێمە نوێنەرایەتی هەمان وڵات دەکەین و تەماحێکی جیاوازمان نییە، بەم شێوەیەش هەنگاوی زۆر سەرکەوتوو لە دژی داعش نرا،  ئێستا داعش هەرکات دەرفەتێک ببینێت دەیەوێت خۆی لە ناوچەکەدا جێگیر بکات، لە ماوەی ئەمساڵدا، چەندین هێرش ویستوویەتی لە دژمان هێرش ئەنجام بدات لە بەرامبەر ئەمەش ئۆپەراسیۆنەکانی قەسەدە بە هاوکاری  هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی لە دژی داعش ئەنجام دران و سەرکەوتوبوون.

 

سەبارەت بە بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ لە قسەکانیدا باسی لەوەکرد، لە ئەمساڵدا بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کرا، ئەم بانگەوازە وەک دەرمانێک بوو بۆ ڕاگرتنی شەڕەکان، ئەم بانگەوازە لە پرۆسەیەکدا کرا، کە تیایدا کوشتنی یەکتر و سەپاندنی دەسەڵاتێک کە لە سەرووی هەموو بەها کۆمەڵایەتییەکانەوە بوو دەکرا، بەتایبەتی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، کە هەمیشە ئێمەی وەک هەڕەشەیەک دەبینی، ئەم بانگەوازە لە کاتی خۆیدا بوو، ڕیبەر ئاپۆ لە کاتێکی زۆر هەستیاردا بانگەوزی وەستاندنی شەڕی کرد ،کە کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن، بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ کاریگەریی هەبوو لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و هەموو هەموو سووریا، لە دوای بانگەوزەش هاوپەیمانیەک دروستکرا، بۆیە بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بانگەوازێکی گرنگ بوو جێگایەکی مەعنەوی زۆر گەروەی هەبوو، چونکە باوەڕکردن بەم بانگەوزە هەیە.

 

فەرماندە سۆزدار حاجی سەبارەت بە ڕێککەوتنی ١٠ـی ئازادی نێوان قەسەدە و حکومەتی کاتی سووریا کرد و وتی: ڕێککەوتنێک لە ١٠ـی ئازاری ٢٠٢٥ واژۆ کرا، ڕێککەوتنێکی گونجاو بوو، هەروەها وەڵامێک بوو بۆ بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ، بەهۆی ڕێککەوتنی ١٠ـی ئازارەوە ڕێگری لە جینۆسایدی کۆمەڵگایەک کرا و بوو بە دەرفەتێک بۆ هەموو هێزەکان بۆ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە ،کە چۆن دەتوانن پێکەوە دانوستان بکەن، هەروەها خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە گرنگن و پێویستە کاریان لەسەر بکرێت، بۆ ئەوەی گەل لەناونەبرێت و جارێکی دیکە ڕووداوەکانی ڕابردوو دووبارە نەبنەوە، چونکە ئێمە بە ئامانجی دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک، ئیکۆلۆژی و ئازادی ژن تێکۆشانمان دەستپێکردووە و بە هەزاران شەهیدمان داوە، هەر بۆیە ئیمە ناتوانین وەکو ڕابردوو بژین.

 

وتیشی: ئەو ڕێککەوتنە ئەو شتانەی کە پێشووتر دەکران قبووڵ ناکات، وەڵامێکە بۆ هەموو پێکهاتەکان و بەتایبەت بۆ گەلی کورد، گەلی کورد لەم ڕێککەوتنەدا مافی خۆیەتی وەک هەموو وڵاتان بژی و خزمەتی وڵاتەکەی بکات، هەر پێکهاتەیەک وەک خۆی، بە ناسنامە، زمان و کولتووری خۆی بژی، تا ئێستا هیچ کام لە خاڵەکانی ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ نەکراوە، تاکە خاڵێک کە جێبەجێ کراوە، نەبوونی شەڕە و لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە شەڕ لە سەرتاسەری سووریادا هەبووە.