سۆزدار دێریک: کۆمەڵکوژی ژنان بەشێکی تیرۆرە و داعش بەڕێوەی دەبات

پانێڵی یەکەمی کۆڕبەندی "ئاسۆی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمی داعش و چارەنووسی دیلەکانی" لەلایەن زەهرا ئەلڕەشی، ئەندامی نوێنەرایەتی خۆسەر لەباشوری کوردستان، سەبارەت بە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو.

سلێمانی

 

کۆڕبەندی "ئاسۆی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمی داعش و چارەنووسی دیلەکانی" بەردەوامە لە کارەکانی و پانێڵی یەکەم سەبارەت بە دۆخی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان، لەلایەن زەهرا ئەلڕەشی، ئەندامی نوێنەرایەتی خۆسەر لەباشوری کوردستان بەڕێوەچوو.

 

لە پانێڵەکەدا مونزیر محەمەد، نوێنەری ناوەندی ڕۆژئاوا بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی، بابەتێکی بە ناوی "پوختەیەک لەسەر ڕێکخراوی داعش و جموجوڵەکانی لە ناوچەکە" پێشکەشکرد تێیدا ئاماژەی بەوەدا لە زیندانەکاندا چەتەی داعشی زۆر هەیە و بەڕێوەبەری خۆسەر لە ڕووی داراییەوە توانای سنوردارە بۆیە پێویستە لیژنەیەکی نێودەوڵەتی پێکبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان.

 

لە بەشێكی دیکەی پانێڵەکەدا سۆزدار دێرک، ئەندامی فەرمانداری گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، وتارێکی دەربارەی "ستراتیژی شەڕ لە بەرامبەر تیرۆر و بەرپرسیارێتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش" پێشکەشكرد.

 

سۆزدار دێرک باسی لە شەڕی زیندانی غوێران کرد کەلە شەوی ٢٠ی شوبات بەڕێوەچوو تێیدا ١٢١ شەڕڤان گیانیان سپارد لەپێناو پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستان و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئاماژەی بەوەشدا لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تاوەکو ئێستا تێدەکۆشن بۆ پاراستنی گەلی کورد و جیهان، "لەو کاتەوە ئێمە بۆمان دەرکەوت کە تیرۆر تەنها ئەوە نییە کە بە چاو دەبینرێت، ٥٠٠٠ ژن کە لە شەنگال بەدیل گیران تیرۆر بوو، بەڵام بەداخەوە نەمانتوانی هەموو ژنەکان لەدەستی داعش ڕزگار بکەین، داگیرکردنی عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپی و ژێردەستەکردنی هاوڵاتیان و کوشتن و کۆمەڵکوژی تیرۆرە، تواندنەوەی زمان و چاند و باوەڕییەکانی گەلێکیش هەر تیرۆرە، کۆمەڵکوژی و تیرۆرکردنی ژنانی سیاسەتمەدار و شێواندنی لاشەیان تیرۆرێکی گەورەیە".

 

"لەسەر خاکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هێزێکی پاراستنی جەوهەری لەلایەن گەلەوە دروستکرا، لەبەرئەوە پێویستە بزانین چ ڕەنجێک بۆ پاراستنی ئەو خاکە دراوە، ئەوەش لەکاتی هێرش بۆسەر زیندانی غوێران لە حەسەکە دەرکەوت، کە هێرشێکی بەپلان بوو، دەتوانین بڵێین ئەگەر ئەو هێرشە سەرکەوتایە داعش دووبارە زیندوو دەبووەوە، بەڵام بە قارەمانێتی هەڤاڵانی هێزی سەربازی و گەلی حەسەکە و هێزی پاراستنی جەوهەری قارەمانێتیەکی مەزن بۆ مێژوو تۆمار بکەین".

لە بەشی کۆتایی پانێڵەکەدا بەدران چیاکورد، جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا وتارێکی سەبارەت بە "بە ڕەسمی ناساندنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر تا چەند کاریگەری لەسەر ڕیشەکێشکردنی داعش هەیە" پێشکەشکرد، ئاماژەی بەوەدا سەرەرای هەماهەنگی جیهان لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا بەڵام پێویستە تێکۆشانێكی چڕ دژ بە تیرۆری داعش بەڕێوەببرێت، ئەوەی ئێستا هەیە لاوازە، بۆیە داعش توانی جارێکی دیکە خۆیان بەڕێکخستن بکاتەوە دوای ئەوەی لە باغۆز بە تواوی تێکشکێنرا.

 

بەدران چیاکورد، لە درێژەی قسەکانیدا وتی: سەرەڕای ئەوەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا داوایکرد کە گیراوانی داعش بگەڕێنرێنەوە وڵاتەکەیان و دادگایی نێودەوڵەتی لەلایەن وڵاتەکانیانەوە بەڕێوەببڕیت، بەڵام کەس وەڵامی بانگەوازییەکەمانی نەدایەوە و ئەو داعشییانە بوونە بارگرانی بۆ بەڕێوەبەری خۆسەر، بۆیە کاتێک هێرشێک و مەترسییەک لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان دروستدەبێت یان دەوڵەتی تورکیا هێرش دەکات، ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش خۆی ڕێکدەخاتەوە دەبێتە مەترسی.

لە کۆتاییدا داواشی کرد کە بۆ ئەوەی تیرۆر کۆتای پێبێت پێویستە پشتیوانی قەسەدە بکرێت لەلایەن وڵاتانی نێودەولەتییەوە چونکە بەرەنگاری داعش بەتەنها ناکرێت، دەبێت دادگایی نێودەوڵەتی بۆ دادگاییکردنی چەتەکانی داعش بەڕێوەبچێت، هەروەها نەناساندنی بەڕێوەبەری خۆسەر هۆکارێکە بۆ ئەوەی داعش خۆی بەڕێکخستن بکاتەوە و ببێتە پشتیوانی بۆ داعش، بۆیە پێویستە لەلایەنی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریەوە بەڕێوەبەری خۆسەر بناسرێت و مامەڵەی وەک کیانێک لەگەڵ بکرێت تا بە هەمووان ڕووبەڕووی داعش ببینەوە و گۆشەگیری ئابوری سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریاش هەڵبگیرێت.

 

دواتر، پانێڵی دووەم، لەلایەن نەوزاد ساڵح بەڕێوەدەبرێت، هەریەک لە د. نیکۆڵا ئەشرەف شاڵی، ئەسعەد عەبادی و فەریدە سەعدۆ خەلەف سەبارەت بە باشوری کوردستان و شەنگال و مەترسییەکانی داعش بەڕێوەدەچێت.

 

ت.پ