سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی بادینان پەسەندکرا

ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان، سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بۆ چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسانی بادینان ڕاگەیاند، ئەمەش سەرباری ئەوەی کە ئەو چالاکوانانە ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکەنەوە کە ئاڕاستەییان کراون.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان/ دەستەی سزایی بڵاویکردەووە، لە ڕۆژی ٢٨ی مانگی ڕابردوو دادگای تاوانی دووی هەولێری تایبەت بەکۆی دەنگی سێ دادوەر لە پێنج دادوەر، بڕیاردرا بە زیندانیکردنی پێنج لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی بادینان بۆ ماوەی شەش ساڵ.

بڕیارەکە بۆ هەریەک لە (شێروان شێروانی، شڤان سەعید، ئەیاز کرەم، هەریوان عیسا، گۆهدار زێباری) دەرکراوە، کە بە تۆمەتی لێدان لە پێگە هەستیارەکانی هەرێم و زیانگەیاندن بە ئاسایشی گشتی هەرێمی کوردستان سزادراون، هەروەها کۆبوونەوە لەگەڵ باڵوێزخانەی ئەمریکا و ئەڵمانیا و وەرگرتنی پارە لێیان سزادراون.

دواتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، پارێزەرانی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان ڕایانگەیاند، کە ئەو بڕیارە بە زۆرینەی دەنگ پەسەندکراوە، بەڵام دوو لە دادوەرەکان بڕیارەکەیان پەسەند نەکردووە، کەواتە چۆن دەتوانێت ڕایگشتی باوەڕ پێبهێنێت، بۆیە ئەوان داوای ڕاستکردنەوەی بڕیارەکە (تصحیح قرار) دەکەن.

 

پارێزەرەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە لە دادگادا ئاسایش ئامادەبووە، ئەمەش نایاساییە، هەروەها لە پەسەندکردنی بڕیارەکەدا هاتووە، ئەو کەسانە بەبێ هیچ زۆرلێکردنێک دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە، لە کاتێکدا ئەوان بە ئاشکرا دەڵێن زۆرییان لێکراوە بۆ داننان بە تۆمەتەکاندا و هەڕەشەییان لێکردوون، هەروەها لە کاتی دادگایکردنەکەدا هیچ پارێزەرێکیان لەگەڵدا نەبووە.

بەپێی یاسا ئەم بڕیارە دەتواندرێت جارێکی دیکە ڕاستکردنەوەی بڕیار (تصحیح قرار) بکرێت، ئەگەریش سزاکە هەر وەک خۆی مایەوە، ئەوا بڕیارەکە دەکەوێتە دەست سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان.

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ حاکم شێخ لەتیف، لە پەڕەی تایبەتی خۆی پەسەندکردنی بڕیارەکەی بڵاوکردووەتەوە، بەڵام هێشتا دۆسییەی ژمارەیەکی دیکە لە چالاکوانان و  ڕۆژنامەنووسان بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە.  

 

ت.پ