سزای حەوت ساڵ و شەش مانگ زیندانی بەسەر نێرگس محەمەدیدا سەپێندرا
دادگای ڕژێمی ئێران سزای حەوت ساڵ وشەش زیندانی و دوو ساڵ دوورخستنەوەی بەسەر نێرگس محەمەدی، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤدا سەپاند.
ناوەندی هەواڵ
دوێنێ پارێزەری نێرگس محەمەدی ڕایگەیاند، کە ناوبراو لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەشهەدەوە بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبایی" سزای شەش ساڵ زیندانی و بە تۆمەتی "چالاکی پڕوپاگەندەیی" دژی ڕژێمی ئێران سزای ساڵێک و نیو زیندانی بەسەردا سەپێندراوە.
هەروەها دادگا وەک سزای تەواوکاری، بڕیاری دوو ساڵ قەدەغەکردنی چوونە دەرەوە لە وڵات و دوو ساڵ دوورخستنەوەی بۆ شارەدێی خووسف لە پارێزگای خۆراسانی باشوور دەرکردووە، تقی ڕەحمانی، هاوژینی نێرگس محەمەدی ئەم بڕیارەی ڕژێمی ئێرانی بە “بێبەزەییانە” ناوبرد و وتی: ئەم سزایە تەنها بەهۆی بەشداری لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردن و پێشکەشکردنی وتارێک بووە.
نێرگس محەمەدی لە ئازاری ئەمساڵدا لە کاتی بەشداری لە ڕێوڕەسمی حەفتەی خەسرەو عەلیکوردی، پارێزەری مافەکانی مرۆڤ، دەستبەسەر کرا و لەو کاتەوە لە زینداندایە، هاوسەرەکەی ئاماژەی بەوەش کرد کە نێرگس دادگاکانی ئێران بە ڕەوا نابینێت و پێناچێت تانە لە بڕیارەکە بدات.
نێرگس محەمەدی یەکێکە لە دیارترین چالاکوانانی بواری مافەکانی مرۆڤ و ژنان لە ئێران کە چەندین جار بەهۆی چالاکییەکانیەوە زیندانی کراوە، ساڵی ڕابردوو بەهۆی تێکۆشانەکانی بۆ ئازادی و مافەکانی ژنان، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێبەخشرا.