سۆزان حەمەسەعید: ڕاستگۆیی و پابەندبوون بە رەوشتی پیشەگەرییەوە کلیلی سەرکەوتنی ڕاگەیاندنکارە

سۆزان حەمەسەعید، راگەیاندکار دەڵێت: لەهەرکارێک کە دەیکەن لایەنى ڕەوشتی کار پشت گوێ نەخەن بۆهیچ بەرژەوەندیەکى ماددى یان مەعنەوى.

شلێر کۆیی

 

کۆیە- لە جیهانێکدا کە خێرایی تەکنەلۆجیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خەریکە ڕەسەنایەتیی کاری میدیایی کاڵ دەکاتەوە، هێشتا دەنگی ژنانی بەئەزموون و پێشەنگ چرای ڕووناککەرەوەی ڕێگەکەن، سۆزان حەمەسەعید،  یەکێکە لەو ژنە ڕاگەیاندکارە دیارانەی شارى کۆیە کە خاوەنی مێژوویەکی نزیکەی سێ دەیەیە لە کارکردن لە تەلەفزیۆن، ڕادیۆ و سەکۆ جۆراوجۆرەکاندا، بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کردو باسی لە وێستگەکانی ژیانی کاری خۆی، سەختییەکانی ڕێگەکە، پێگەی ژنان لە میدیادا و جیاوازییەکانی نێوان ڕاگەیاندنی جاران و ئێستا کرد، جەختیشی لەسەر گرنگیی پاراستنی بنەما ڕەوشتییەکان لەم پیشە پیرۆزەدا کردەوە.

 

سۆزان حەمەسەعید خەڵکى سلێمانییە بەهۆى هاوسەرگیری کردن لە شاری کۆیەیە، ئێستا لە ڕادیۆ پیشکەشکارە سەبارەت بەکارەکانى وتى: ئەزموونى کارکردنم دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى منداڵى لە ساڵى ١٩٩٥ لە سلێمانى دەستم بەکارکردن کرد وەک بێژەرى ماوەى منداڵان لە تەلەفزیۆنى گەلى کوردستان، لەگەڵ تیپى هونەرى منداڵان وەک ئۆپەرێت و بیژەر لەسەر شانۆ بەشداریم دەکرد، پاشان  هاتمە شارى کۆیە ولە تەلەفزیۆنى کۆیە دەستم بەکار کردو پیشکەشکارى بەرنامە بووم، وزۆرکارى جیاوازمان هەبوو لەکەناڵ بەهەماهەنگى  ستافەکە کارمان دەکرد، پاشان لەرادیۆى مەشخەڵانیش پێشکەشکارى بەرنامەبووم.

 

سۆزان جگە لەکارى تەلەفزیۆن ورادیۆ وەک عەریف وپێشکەشکارى  سەر ستیج بووەو وتی: ئەزموونى کارەکانم دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەى ٣٠ ساڵ لەمەبو بەر هاوکات  لە کۆڕو سمینارەکانى شارى کۆیە وتائیستا لە رادیۆى گەلى کوردستان و مەشخەڵان بەردەوامم وبەرنامەى راستەو خۆم هەیە، وەک نووسەریش لەگۆڤار ورۆژنامە گۆشەى تایبەت بەخۆم هەبووە.

 

دنیاى راگەیاندن چى بەسۆزان بەخشی؟

راگەیاندن دنیایەکى جیاوازە لەدەرەوە زۆر شتت پێ دەبەخشێت  کۆمەلێک هاوڕێى بەئەزموونت پێ دەبەخشێت، بۆیە راگەیاندن ئەزموونێکی نوێى بەمن بەخشیوە وئەو دەرگایانەى بۆم نەکراوەتەوە لەراگەیاندن بۆم کراوەتەوە، توانیومە ئەزموونیان لێ وەربگرم، وکۆمەڵێک کەسى تایبەت دەناسی و بیروبۆچوونى جیاواز فێردەبیت وئاشنا دەبیت بە زۆرشت کەلەناو کۆمەڵگە هەیە ئەوەش لەڕێگەى گرفتەکانى ناوکۆمەڵگە، کە پێویستە کاریان لەسەربکەیت.

 

چ شتیک وایکرد بەردەوامبی لەسەرپیشەکەت؟

حەز و خولیاى خۆم بووە واىکرد بەردەوام بم، پیشەی راگەیاندن خۆشە وادەکات هەمووکات لەنوێگەریدا دابیت وئاگادارى ڕووداوەکان بی ودەبیتە کەسێکى وریا وراگەیاندن وات لێدەکات جیاواز بیربکەیتەوە، حەزوو خولیا واتلێدەکات بەردەوام بیت، بە بۆچوونی من راگەیاندنکاری  سەرکەوتوو ئەوەیە کە راستگۆ بێت لەژێرهەر کاریگەریەک بێت، دەبێت راستیەکان بگەیەنێت بەخەڵک، دەبێت کەسێکى بێ لایەن بی نابێت لەبەر هیچ لایەنێک و کەسێک پەردەپۆشى لە بابەتێک بکەىت، نابێت راگەیاندکار راستگۆی خۆى لەدەست بدات.

 

لەکارى راگەیاندنى جاران و ئێستا گۆرانکاریەکان چین؟

ڕاگەیاندن گۆرانکارى زۆرى بەسەرداهاتووە بە بەراورد بەجاران، سەردەمى ئێمە ژمارەى راگەیاندنکاران ودەزگاى راگەیاندن بە پەنجەى دەست دەژمێردران، کۆمەڵێک راگەیاندکارى بەئەزموون درووست بوون لەوسەردەمەدا، ئەوکات تەکنەلۆجیا نەبوو بەڵام راگەیاندن جوانیەکى تایبەتى هەبوو، بەڵام لەئێستادا  تەکنەلۆجیا لەوپەرى پێشکەوتنە بەڵام بەداخەوە خەریکە جوانییەکان نامێنێت بۆیە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان واىکردووە تەلەفزیۆنەکان و رۆژنامەکان کاڵ ببنەوە، هاوکات لەگەڵ ئەو زۆرى و بۆریەى لە دەزگا و راگەیاندکار بەڵام کەسانى بە ئەزموون زۆر کەمن.

 

رۆڵى ژن چۆن دەبینێت لەکاتێک زۆربەى کات رۆڵى زیاتر بەپیاو دەدرێت لەژن هەرچەندە ژنەکە بە ئەزموونتربێت ولێهاتووتربێت کەمتر پۆست وەردەگرن؟

سۆزان:  دەزگاکە رۆڵ دەبینێ لەوەى کە کارەکانى بە چ ئاراستەیەکە وچ مهامێکى هەیە لەوەى رۆڵ بدات بەژنەکان  یان پیاوەکان , وپێویستە ژنانیش خۆیان بچەسپێنن و کارەکانى بەباشی بکات چونکە زۆر جار کەسانێک کاریان زۆرە هەمو دەم لەسەرشاشەن بەڵام کارىگەریان نییە ژنى واش هەیە مانگى دوو بەرنامەى هەیە کاریگەریەکى باشیی هەیە، بەڵام گەر بڵێین ژنان رۆڵیان کەمترە لەپیاو نەخێر وانییە و من لەدەزگاکەم بەڕێوبەرى ژنمان هەبووە ژنى زۆر بەتوانامان هەیە وتواناى زۆرباشیان هەیە، هەرچەندە تائیستا پیاوسالارى هەیەو بوار زیاتردەدرێت بەپیاو، هەرچەندە ژنەکەش بەتواناتربێت و ئەوەش دەکەوێتە سەر بیروباوەڕى حزبەکە چونکە هەردەزگایەو سەربەلایەنێکە وئەوان ئاڕاستەیان دەکەن.

 

چیت هەیە بۆ ئەو ژنانەى تازە دێنە ناوکارى راگەیاندن؟

ئامۆژگارى من بۆ ئەو ژنانەی کە دەبنە راگەیاندنکار  ئەوەیە کە سەرەتا ئاستى رۆشنبیرى خۆیان بەرزکەنەوەو بەدواداچوونێکى باش بکەن بۆ کارەکان، دەبێت خوێنەرى باشبن بەدواداچوونیان هەبێت بۆ ڕووداوەکان، دەبێت بوێریان هەبێت ونەترسن لەهاتنە پێشەوەو لۆمەى کۆمەڵگە چونکە زۆربەى کات ژنان دەکەونە بەرتانەى کۆمەڵگەو بەچاوى جیاواز سەیرى ژنان دەکەن، دەبێت تواناى ڕووبەڕووبوونەوەی کۆسپەکان ببێت.

 

سەختیەکانى پیشەکەت چیە؟

بێگومان سەختى هەیە و خۆشیش  هەیە لە پیشەکە و بەپێى کیشەکان جارى واهەبووە بەترسەوە هاتوینە ناودەزگاى کارەکەمان، بۆیە زۆر جار ڕووبەڕووی سەختى بووینەتەوەو مەترسی هەبووە لەسەرژیانمان، بەڵام بەگشتى پیشەى راگەیاندن خۆشە وبەهۆى خۆشەویستسم بۆکارەکەم زاڵ بووم بەسەر سەختیەکان، لەگەڵ ئەو هەموو پێشکەوتنەى هەیە تەمەنام دەکرد لە سەرەتاى کارمان هەبوایە تا بمانتوانیایە کارى باشتر پیشکەش بکەین تا باشتر لەخزمەت هاوڵاتیاندا بین و خۆزگەکانمان زۆر زۆرن و ئەوەى جێى خۆشی بێت کارێکم نەکردووە لێى پەشیمانبم.

 

 بەردەوام لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بۆچوونی دەنوسێت لەسەر ڕووداوەکانى پەیوەست بەکۆمەڵگە وکاردانەوەکان چین؟

بەڵێ من دەنووسم لەسەر روداوو پێشهاتەکان وەک ئاماژەم پێکرد لەسەەرتا راگەیاندکار دەبێت خوێنەرو چاوکراوەبێت و هەمووکات هەوڵمداوە بۆچوونی خۆم بڵێم ڕەخنە دەگرم، هەتا گەر پەیوەست بێت بەو دەزگاو لایەنەى خۆم لەگەڵیانم چونکە وتنى راستى دەبێت بوترێت ودواین پۆستم ڕەخنەیەکى توندم گرت لە حکومەت لەسەر ئەو بڕیارەى حکومەتە کە بڕیاریان نەدا چەندین لەجێدانان بکەن بۆدەرچووانى زانکۆو پەیمانگاکان، بەڵام حکومەت پەشیمان بۆوە لەو بریارە، ئەوەش کەمێک گاڵتەکردنبوو بە هەستى خەڵک وکۆمەڵێک گەنج کە هیوایان هەبوو، ئەوانیش لەبوارى خۆیان کاربکەن وئەو بروانامەى وەریان گرتووە خزمەتى پێ بکەن.

 

لەکۆتاییدا چیت هەیە بۆبینەرو بیسەران لەئەزموونى کارکردنتەوە ؟

لەهەموو ئەزموونى کارم گەر بمەوێت وانەیەک بە راگەیاندکاران و ژنان بەتایبەتى  بڵێم، پییان دەڵێم لەهەرکارێک کە دەىکەن لەکارى راگەیاندندا لایەنى ڕەوشتی کار پشتگوێ نەخەن لایەنى ڕەوشتی خۆى و کۆمەڵگاکەى نەکاتە قوربانى هیچ بەرژەوەندیەکى ماددى یان مەعنەوى بەم شێوە دەبێتە کەسێکى سەرکەوتوو.