تەرمی ژنێک لە هەولێر دۆزرایەوەو چوار تۆمەتبار دەستگیرکران

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، دوای دۆزینەوەی تەرمی ژنێک لە گوندی شێخ توراب، چوار تۆمەتباری دەستگیر کردووە و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە.

ناوەندی هەواڵ

 

کوشتنی ژنان لە باشووری کوردستان بەردەوامی هەیەو ژنان بەدەستی پیاوانی ناو خێزانەکانیان و دەرەوەی خێزانەکانیان دەکرێنە ئامانج، لە نوێترین ڕووداودا لە هەولێر تەرمی ژنێک دۆزراوەتەوە.


لەو بارەیەوە ڕاگەیاندنی پۆلیسی هەولیر لە پەیجی فەرمی خۆی لە فەیسبوک بڵاویکردوە، ئەمڕۆ ٢٩ی تشرینی یەکەم، ئاگادار کرانەوە بەبوونی تەرمی ژنێک لە گوندی (شێخ توراب). دەستبەجێ تیمەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بەشی پۆلیسی هەریر گەیشتنە شوێنی رووداوەکە  و دەستکرا بە لێکۆڵینەوە.

 

ئاماژە بەوەکراوە کە توانراوە چوار تۆمەتبار بە ناوەکانی (ح، س، ا)، (م، ح، س)، (م، ح، س) و (ا، ر، ک) دەستگیر بکرێن، ئیستا تۆمەتباران پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە، لە چوارچێوەی ڕێکارە یاساییەکاندا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.