سیمینارێک لە بەغدا بەدواداچوون بۆ ڕاستی ژنانی عێراق دەکات

بەشداربووانی سیمیناری پڕۆژەی "تا" بە کۆی دەنگ کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە تەندروستی ژنان بنچینەییە بۆ گەشەپێدان و سەقامگیری، جەختیان لەوە کردەوە: کە باشترکردنی تەندروستییان پێویستە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام و پێشخستنی سەقامگیری و گەشەکردن.

ڕەجا حەمید ڕەشید

 

عێراق- پێوەرەکانی تەندروستی و خۆشگوزەرانی لە دیارترین ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوامن، ئامارەکان لە عێراق ئاستەنگە تەندروستییەکان ئاشکرا دەکەن کە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە، سەرەڕای باشتربوونی تەمەنی چاوەڕوانکراو و بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەدایکبوون کە پسپۆڕانی پزیشکی ئامادەی دەکەن، کە ئەمەش پێویستی بە ستراتیژی هەمەلایەنە هەیە بۆ بەهێزکردنی سیستەمی تەندروستی و مسۆگەرکردنی مافی هەموو کەسێک بۆ چاودێریکردن.

 

ڕۆژی ١ی کانونی یەکەم، پڕۆژەی "تا" بۆ بەهێزکردنی ژنان، سیمینارێکی لە بەغدا ئەنجامدا، تیایدا باس لە ڕاستی ژنانی عێراقی کرد لە چوارچێوەی ئامانجی گەشەپێدانی سێهەم "تەندروستی باش و خۆشگوزەرانی"، سیمینارەکە بە سەرپەرشتی دکتۆر شەهد روبەیعی، بەڕێوەبەری پرۆژەکە بەڕێوەچوو، هەروەها پێشکەشکردنی توێژەری ئەکادیمی دکتۆر سالی سەعد محەمەد و دکتۆر تەیف مەکی بەرپرسی توێژینەوە لە بەشی سیاسەتەکانی بەهێزکردنی ژنان لە وەزارەتی پلاندانان پێشکەشکرا.

 

تەندروستی ژنان: بناغەی گەشەپێدان

دکتۆر سالی سەعد محەمەد جەختی لەوە کردەوە: کە باسکردنی تەندروستی ژنان شتێکی خۆشگوزەرانی فکری نییە، بەڵکو پێویستییەکی گەشەپێدانە کە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە توانای عێراقەوە بۆ گەیشتن بە سەقامگیری و گەشەکردن، ژنان نوێنەرایەتی زیاتر لە نیوەی کۆمەڵگە دەکەن و تەندروستییان بنەڕەتییە بۆ تەندروستی خێزان و پەروەردە و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی، وەبەرهێنان لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانیان دەکاتە وەبەرهێنانێک لە گەشەپێدانی نیشتمانیدا.

 

ڕوونیشیکردەوە، کە کەرتی تەندروستی لە عێراق کاریگەری دەیان ساڵەی شەڕ و قەیران و ململانێ و تێکچوونی ژێرخانی لەسەر بووە، کەلێنیێکی بەرچاو لە نێوان پێداویستییە تەندروستییە ڕاستەقینەکان و خزمەتگوزارییە بەردەستەکانی دروستکردووە، کەژنان بە شێوەیەکی ناڕێژەیی کاریگەرییان لەسەر بووە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ژنان هێشتا ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبنەوە لە گەیشتن بە پێوەرەکانی سێیەم ئامانجی گەشەپێدانی بەردەوام، گرنگترینیان نایەکسانی خزمەتگوزارییەکانی نێوان شارەکان، سستی دارایی تەندروستی، کەمی کارمەندانی ژن، بەربەستی کۆمەڵایەتی و کولتووری، چەواشەکاری کۆمەڵایەتی، ئاستی بەرزی توندوتیژی خێزانی، کاریگەری ئاوارەبوون، سستی داتای تەندروستی، نەبوونی زوو دەستنیشانکردن، جگە لە ناسەقامگیری دابینکردنی ماددە هۆشبەرەکان، هەروەها هاوسەرگیری پێشوەختە و بارگرانییە ئابوورییەکان کە ڕێگری دەکەن لە دەستڕاگەیشتن بە چاودێری بۆ ژنان.

 

لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە، کە چارەسەرکردنی ئەم ئاڵەنگاریانە پێویستی بە وەڵامێکی گشتگیر هەیە کە بریتییە لە بەهێزکردنی سیستەمی تەندروستی، بەهێزکردنی ژنان لە ڕووی ئابوورییەوە، بەرزکردنەوەی هۆشیاری، پێشکەشکردنی پاراستنی یاسایی، زیادکردنی ژمارەی پیشەییەکانی چاودێری تەندروستی ژنان، و تێکەڵکردنی تەندروستی دەروونی لە چاودێری سەرەتاییدا، چونکە تەندروستی ژنان بناغەیە بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی سەقامگیر و ئابوورییەکی بەهێز و وەبەرهێنانێکی بەردەوام لە داهاتووی عێراق و چارەسەری ساڵی ٢٠٣٠.

 

ئالەنگاری تەندروستی ژنان

دکتۆر تەیف مەکی عەزاوی پێوەرەکانی سێیەم ئامانجی گەشەپێدانی بەردەوامی خستەڕوو، بە پشتبەستن بە ئاماری ساڵانە کە لەلایەن دەسەڵات و سیستەمی زانیاری جوگرافیاوە لە وەزارەتی پلاندانان دەردەچن، هەروەها پێوەرەکانی وەزارەتی تەندروستی و ژینگە بۆ ماوەی ٢٠١٥-٢٠٢٣، ئەم نیشاندەرانە پەیوەندییان بە تەمەنی چاوەڕوانکراوەوە هەیە لە کاتی لەدایکبوون، ڕێژەی مردنی دایکان، ڕێژەی سەدی لەدایکبوون کە پیشەییەکانی پزیشکی ئامادەی دەکەن، ڕێژەی منداڵبوون و هەندێک نەخۆشی.

جەختی لەوە کردەوە، کە تەندروستی و خۆشگوزەرانی شتێکی تازە نییە، بەڵکو مافێکی بنەڕەتییە بۆ هەموو تاکەکان، پێویستی بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری چاودێری تەندروستی کوالیتی بەرز لە نەخۆشخانە و ناوەندەکانی چاودێری هەیە، هەروەها ژمارەی دانیشتووان بەم شێوەیە دابەشکراون: ٥٥.٢٢٪ لە پیاو و ٤٩.٧٨٪ لە ژن، بەپێی داتاکانی سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٤، ژمارەی دانیشتوانی عێراق گەیشتووەتە ٤٦،١١٨،٧٩٣ کەس.

 

سەبارەت بە تەمەنی چاوەڕوانکراو لە کاتی لەدایکبووندا ئاماژەی بەوەدا، کە تێکڕای تەمەن بۆ ژنان زیاترە لە چاو پیاوان، لە ساڵی ٢٠٢٢دا گەیشتە نزیکەی ٧٦.٨٪ بۆ ژنان، کە تێکڕای جیهانی ٧٣٪ی تێپەڕاند، ئەمەش ڕەنگدانەوەی پێشکەوتنە لەم پێوەرەدا لە چوارچێوەی ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوامدا.

 

ڕوونیشیکردەوە، کە ڕێژەی مردنی دایکان لە نێوان ساڵانی توێژینەوەکەدا جیاواز بووە، بەو پێیەی لە ساڵی ٢٠٢٢ بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە و گەیشتووەتە ٤٦.١٪ بەهۆی کاردانەوەی پەتای کۆرۆنا، ئەمە جگە لەو داب و نەریتە کە ڕێگری لە چوونە ناوەوەی ژنان بۆ نەخۆشخانەکان دەکەن لە ماوەی داخستنیدا، بەڵام لە ساڵانی دواتردا ڕێژەکە دەستی بە کەمبوونەوە کرد، کە ئەمەش نیشاندەرێکی ئەرێنییە و کاریگەری سیاسەتە گشتییەکانی حکومەت و ستراتیژییە تەندروستییەکان دەردەخات، هەرچەندە ڕێژەی جیهانی ١٥٪یە، کە وایکردووە ئەو ڕێژەیەی لە عێراق تۆمارکراوە بە بەراورد بەم ڕێژەیە بەرز بێت.

 

سەبارەت بە ڕێژەی سەدی لەدایکبوون کە پسپۆڕانی پزیشکی ئامادەیبوون، تەیف مەکی عەزاوی ڕایگەیاند کە ئاستێکی باشی پاراستووە و بۆ چەند ساڵێک بە جێگیری لە ٩٦٪ ماوەتەوە و لە ساڵی ٢٠٢٣ بۆ ٩٨٪ بەرزبووەتەوە، ڕێژەکە بە نایاب دادەنرێت.

 

لە پێوەرەکانی منداڵبووندا کە ڕێژەی دووگیانی لەنێو ژنان دەپێوێت، ڕێژەکە لە عێراق گەیشتە ٢.٩، کە زیاترە لە تێکڕای جیهانی کە ٢.١ بوو، ئەمەش پێویستی بە هەوڵدان هەیە بۆ بەدەستهێنانی هاوسەنگی لە نێوان ڕێژەی گەشەی دانیشتووان و سەرچاوە بەردەستەکان.

 

باسی لە هەندێک نەخۆشی کرد کە تووشی ژنان دەبن، وەک زیادبوونی حاڵەتەکانی ئایدز لە نێوان هەردوو ڕەگەزی ژن و پیاودا، هەروەها ڕێژەی شێرپەنجەی مەمک لە ساڵی ٢٠٢٢ گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی کە ٣٤.٨٪ بوو بەهۆی کاردانەوەکانی دوای کۆڤید-١٩، لە ساڵی ٢٠٢٣ دەست بکات بە دابەزین بۆ ٢٠.٥٪، هەروەها ڕێژەی مردن لە نێو ژناندا زیادی کردووە و لە پیاوان زیاترە، سەبارەت بە لەباربردنی منداڵ، ڕێژەکە لە ساڵی ٢٠٢٣دا گەیشتە نزیکەی ٥٪ و ئەم ڕێژەیە بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو دەستی بە دابەزین کردووە، بەپێی ڕاگەیاندراوەکە.

 

سەرنجی بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی خۆکوشتن لە ساڵی ٢٠٢٣دا ڕاکێشا، بەتایبەتی لە کەرکوک، لە کاتێکدا بابل کەمترین ڕێژەی خۆکوشتنی تۆمارکرد، ئەم دیاردەیە کاریگەری لەسەر هەردوو ڕەگەز هەیە، وتی: کەیسەکانی ئاڵوودەبوون لەنێو ژناندا زیادیکردووە، بەڵام زۆرێکیان تووشی کێشە دەبن لە گەیشتن بە ناوەندە تایبەتمەندەکان، چ بۆ ئاڵوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان یان مەی، ئەمەش بەهۆی نۆرم کۆمەڵایەتییەکان و ئەو چەواشەکارییەی پەیوەستە بەو بابەتە، هەروەها تیشک دەخاتە سەر پێویستی بەهێزکردنی هەوڵەکانی هۆشیاری و پەروەردەی تەندروستی کە ژنان دەکەنە ئامانج.

 

سیمینارەکە بە چەندین دەستێوەردان و گفتوگۆ کۆتایی هات کە دانیشتنەکەیان بە زانیاری بەنرخ دەوڵەمەندتر کرد و بەشدارییان کرد لە بەرزکردنەوەی بابەتەکانی پێشکەشکراو.