سیبێل ئوزون: دەبێت بەرگری لە ئارامی گەل بکەین بەرامبەر ناتۆ
سیبێل ئوزون، جێگری سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی کرێکاران (EHP) دەڵێت: سیاسەتەکانی ناتۆ ماڵوێرانی و مەینەتی بەسەر خەڵکدا دەهێنن، جەختی لەسەر پێویستیی یەکگرتوویی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا و باکووری کوردستان لە خەباتێکی هاوبەش بۆ ئاشتی کردەوە.
ئەلیف ئاکگول
ئیستەنبول-ئەنقەراى پایتەختى تورکیا ئامادەکاری دەکات بۆ میواندارى سەرکردەکانى ٣٢ وڵاتى ئەندامى ناتۆ بۆ کۆبوونەوەى لوتکەى سەرۆکى وڵاتان و حکومەتەکان کە بڕیارە لە ٧ و ٨ى تەمووزدا بەڕێوەبچێت، کە بڕیارە لە کۆمەڵگەى سەرۆکایەتیى بێشتەپە بەڕێوەبچێت، ئەم لووتکەیە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە دووەم جارە تورکیا میوانداری کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ناتۆ دەکات، ئەمەش دوای کۆبوونەوەی لوتکەی ئیستەنبوڵ لە ساڵی ٢٠٠٤.
بڕیارە لە کۆبوونەوەی لوتکەکەدا، سەرکردەکان کۆمەڵێک بابەتی ستراتیژی گفتوگۆ بکەن، لەوانە بەهێزکردنی تواناکانی بەرگری و ڕێگریکردن لە هاوپەیمانییەکە، کاریگەرییەکانی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا بۆ ئاسایشی ئەوروپا، ئاستی خەرجییەکانی بەرگری، داهاتووی سیستەمی ئاسایشی گواستنەوەی ئەتلەسی، هەروەها دۆخی پەرەسەندنی خێرای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە چوارچێوەی ئامادەکارییە بەردەوامەکاندا، دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی تورکیا بەردەوامن لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی هەماهەنگی و کۆتاییهێنان بە ڕێکخستنە ئەمنی و لۆژستییە پێویستەکان بۆ میوانداریکردنی چالاکییەکە.
لەم چوارچێوەیەدا، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لوتکەی ئەنقەرای بە ئەگەری "یەکێک لە گرنگترین لوتکەکانی مێژووی ناتۆ" پێناسە کرد، لە کاتێکدا بەرپرسانی تورکیا جەخت لەوە دەکەنەوە، کە کۆبوونەوەکە ساتێکی سەرەکی دەبێت بۆ بڕیاردانی ستراتیژی سەبارەت بە داهاتووی هاوپەیمانییەکە و ڕۆڵی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنییەکانی ئێستا.
بەرزبوونەوەی ڕێوشوێنە ئەمنییەکان و قەدەغەکردنی ڕووداوەکان و خۆپیشاندانەکان کە لە ئەنقەرا پێش بەڕێوەچوونی لوتکەکە جێبەجێکرا، کاردانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، پارتی کرێکاران(EMEP) تانەیەکی لە دادگای کارگێڕی تۆمار کرد و خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی پارێزگای ئەنقەرا بوو کە خۆپیشاندان و چالاکییەکانی قەدەغەکردنی لە میانی لوتکەکەدا کردبوو، هاوکات چەندین گروپی دژە شەڕ، دیارترینیان پلاتفۆرمی "ناتۆ بڕۆ" و "نا بۆ ناتۆ، نا بۆ شەڕ"، داوای ناڕەزایەتییان لە ئەنقەرا و شارەکانی دیکە کرد.
جگە لەوەش ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان کە پێش لووتکەکە چەند ڕێکخراوێکی سۆسیالیستی و دژە ئیمپریالیستی لە ئیستەنبوڵ کردە ئامانج و لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر دەستگیرکران، ڕەخنەی ئۆپۆزسیۆنیان لێکەوتەوە، کە ئەم کارانەیان بەستەوە بە ئامادەکارییەکانی لوتکەی ناتۆ، بەڵام دەسەڵاتداران پێیانوابوو کە ڕێوشوێن و ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان بە ئامانجی دڵنیابوون لە پارێزراوی لوتکەی نێودەوڵەتییە.
"پێویستە هەڵوێستێکی ئاشتی بگیرێتەبەر"
لە ڕاگەیاندراوێکدا بۆ ئاژانسەکەمان، سیبێل ئوزون، جێگری سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی کرێکاران (EHP) وتی: ئەو لووتکەیەی کە بڕیارە لە ئەنقەرا بەڕێوەبچێت، تەنها کۆبوونەوەیەکی دیپلۆماسی نێودەوڵەتی نییە، بەڵکو کاردانەوەی دەبێت لەسەر سیاسەتی دەرەوەی تورکیا، خەرجییەکانی بەرگری، دژایەتی کۆمەڵایەتی، مافە دیموکراتیەکان.
سیبێل ئوزون ڕەخنەی لە سیاسەتی جەنگی ناتۆ لە ناوچەکە گرت و ئاماژەی بەوەدا، کە سیاسەتی سەرکوتگەرانە هاوکات لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ لوتکەکە بەرەو هەڵکشان دەچێت.
جەختی لەوە کردەوە، کە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دەبێت هەڵوێستێکی ئاشتی بگرنەبەر لە بەرامبەر سیاسەتەکانی شەڕ و بەرگریدا، هەروەها سیاسەتە ئیمپریالیستییەکان لە دوای لوتکەی ناتۆ لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە گۆڕانکارییان بەسەردا نەهاتووە و ئۆپۆزسیۆنی کۆمەڵایەتی دەبێت خەباتێکی یەکگرتوو بۆ ئاشتی لە دژی ئەوان ئەنجام بدات.
"هێرشەکان بۆ سەر ئۆپۆزسیۆنی کۆمەڵایەتی بەردەوام لە زیادبووندایە"
سەبارەت بە گرنگی لوتکەی داهاتووی ئەنقەرا بۆ تورکیا وتی: لە ڕوانگەی ئێمەوە کۆبوونەوەی ناتۆ ڕەنگدانەوەی پێگە و پەیوەندی چینی دەسەڵاتدارە لە تورکیا یان کارگێری ئێستا، واتە حکومەتی ئاکەپە، لەگەڵ ئیمپریالیزمدا.
هەروەها باسی لە سیاسەتە ناوچەییەکانی حکومەتی ئاکەپە کرد و وتی: دەبینین کە خوستە فراوانخوازییەکانی حکومەتی ئاکەپە لە ناوچەکەدا بەردەوامە، لە ئێستادا، ناتۆ چەندین شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئۆکرانیا ڕێکدەخات و بەڕێوەی دەبات، بۆیە ئێمەی سۆسیالیست پێمان وایە کە دژایەتییەکانی ئیمپریالیزم زۆر ڕاستی و توندی ماونەتەوە.
سیبێل ئوزون لە هەڵسەنگاندنی کاردانەوەی سیاسی ئەگەری لوتکەکە لە ناوخۆی تورکیادا جەختی لەوە کردەوە، کە ئامادەکارییەکان بۆ ناتۆ تەنها ڕێکخستنی دیپلۆماسی نین، بەڵکو کردنەوەی وڵاتە بەڕووی ناتۆدا، ئامادەکارییە مادییەکان بۆ ئەمە، لەگەڵ پەرەسەندنی هێرشە سیاسییەکان بۆ سەر ئۆپۆزسیۆنی کۆمەڵایەتی، هەموویان نیشاندەری ئەو ڕێبازەن کە سەرمایەدارەکانی تورکیا و زلهێزە ئیمپریالیستییە ناوچەییەکان دەیگرنەبەر.
“مافە دیموکراتیەکان دەچەوسێنرێنەوە”
سیبێل ئوزون ئاماژەی بە پەرەسەندنی سیاسەتە سەرکوتگەرییەکان کرد لە پێش لوتکەکەدا، ەتی: هێرشێکی توند بۆ سەندیکای مامۆستایان کراوە، لەم دواییانەشدا شاهیدی دەستگیرکردن و فشاری شۆڕشگێڕان بووین، دەبینین هێرشێک ئاراستەی ئەو کەسانە دەکرێت کە چالاکیی و لێدوانی دژە ناتۆ ڕێکدەخەن یان خۆیان ئامادە دەکەن بۆ دژایەتیکردنی.
سەبارەت بە لایەنی ئابووری ئامادەکارییەکان وتی: دەبینین تورکیا ئامادەکارییەکی ماددی بەرفراوانیش ئەنجام دەدات، ڕێکخستنەوەی نیشتەجێبوونی خوێندکاران هەیە، ڕێکخستنەکانیش سەبارەت بە فڕۆکەخانەی”إتيمسغوت” بە شێوەیەک دەکرێت کە زیان بە ژێرخانی وڵاتەکە بیگەیەنێت، ئەم ڕێوشوێنانە تێچووی بەرچاو و پلانی بودجەی بەرفراوانیان بۆ تەرخان دەکرێت.
تیشکی خستە سەر کاریگەریی بودجەی بەرگری لەسەر کرێکاران و خەڵکی گشتی وتی: بەو وەبەرهێنانە زەبەلاحانەی کە بۆ بەرگری تەرخانکراون، کرێکاران لە هەمان کاتدا هەژار دەب، دەبینین کە بیانووی خۆئامادەکردن بۆ ناتۆ زیاتر بەکاردەهێنرێت بۆ بچووککردنەوەی کەشی مافە دیموکراتیەکان و کەمکردنەوەی کەشی بەردەست بۆ ناڕەزایەتی و بەرخۆدان کە ڕەنگە کرێکاران هەڵیبگرن.
"دەبێت بۆ ئاشتی گەلان بوەستین"
سیبێل ئوزون باسی لەو هەڵوێستەی کرد، کە پێویستە سۆسیالیستەکان و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان لە بەرامبەر هەڕەشەکانی شەڕدا بیگرنەبەر و کاریگەرییەکانی ناتۆ لەسەر گەلانی ناوچەکە ڕوونکردەوە، وتی: ئەو شەڕانە یان پڕۆژەی فراوانکردن کە ناتۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامیاندا، ئازار و بارودۆخی سەختی بۆ خەڵک هێنا، بە تایبەتی بۆ گەلی کورد و کۆمەڵگەی عەلەوی و گەلانی ئێران، کە دەرئەنجامە دڵتەزێنەکانی وەک مردن، کۆمەڵکوژی و ئاوارەبوونیان لێکەوتەوە.
جەختی لەسەر پێویستی پێشخستنی سیاسەتی ئاشتی کردەوە وتی: هەر بارودۆخێک بێت، سۆسیالیستەکان و لەڕاستیدا هەموو هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن، دەبێت لەگەڵ سیاسەتی ئاشتیدا بوەستن کاتێک پڕۆژەی جەنگ لەلایەن ڕێکخراوێکی شەڕخوازی وەک ناتۆ یان لەلایەن ویستەکانی ئیمپریالیستەوە پێشنیار دەکرێت، دەبێت لەگەڵ ئاشتی گەلدا بوەستین.
هەروەها هەڵسەنگاندنی هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆنی لەباروی سیاسەتەکانی بەڕگری کردووه و وتی: دروست نییه ئۆپۆزسیۆن له وڵاتەکەماندا پاڵپشتی بەهێزکردن و فراوانکردنی پیشەسازییەکانی به ڕگری تورکیا بکات، چونکە ئێمە باسی سیاسەت و بودجەیەکی بەرگری دەکەین کە خزمەت بە ئامانجە ئیمپریالیستەکان بکات، بۆیە ئەم بودجەیە بودجەی ئێمە نییە، ئەم سیاسەتەی بەڕێوبەردن یان بەرگریش سیاسەتی ئێمە نییە، پێویستە ئۆپۆزسیۆن بە شێوەیەکی هەمەلایەنە ناڕەزایەتی دەرببڕێت و خۆی لەگەڵ سیاسەتی ئاشتیدا هاوتەریب بکات.