سی پی تی: بەهۆی هێرشەکانی سەر هەرێمەوە ١٠٧ کەس بوونەتە قوربانی

ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی ئاشکرای کرد، لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا ٤٧٤ هێرش لەلایەن ئێران و گرووپە هاوپەیوەندەکانی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە، بە هۆیانەوە ١٤ کەس شەهیدبوون و ٩٣ـی دیکەش برینداربوون.

ناوەندی هەواڵ

 

تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPTـی ئەمریکی، ئاماری مانگێکی هێرشەکانی بۆسەر هەرێمی کوردستان خستەڕوو ئاماژەی بەوەکرد، لە ماوەی یەک مانگدا ٤٧٤ هێرشی درۆنیی و مووشەکیی کراوەتەسەر هەرێمی کوردستان، لەو ژمارەیەش ٣٠٧ هێرش بۆ هەولێر، ٩٠ بۆ سەر سلێمانی و ١١ بۆ سەر دهۆک و سێ هێرشیش بۆسەر هەڵەبجە بووە.

 

ئاماژە بەوەشدراوە، بە هۆی هێرشەکانەوە ١٤ کەس شەهیدبوون و ٩٣ـی دیکەش برینداربوون، کە قوربانییان لە هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، هاوڵاتییانی مەدەنی و پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن لە هەرێم.

 

ڕێکخراوەکە ڕاشیگەیاندووە، سەرباری زیانی گیانی، بەهۆی هێرشەکانەوە بەلایەنی کەمەوە زیان بەر ٤٦ خانووی هاوڵاتیی مەدەنی کەتووە و ٣٢ ئۆتۆمبێلی خەڵکی مەدەنیش زیانیان بەرکەتووە، مەترسی هێرشەکانیش بووەتە هۆی وەستاندنی خوێندن لە قوتابخانە و خوێندنگا و پەیمانگا و زانکۆکان.

 

تیمی کوردستانی عێراقی CPT، بە نیگەرانی قوڵەوە لە گۆڕانکارییەکانی ئەم جەنگە دەڕوانێت و بە ئامانجگرتنی شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتییانی مەدەنی و ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە فەرمی و مەدەنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا بازرگانییەکان بە مەترسی دەزانێت لەسەر فراونتر بوونی شەڕەکە و کاریگەرییەکانی بۆسەر ژیانی هاوڵاتییان لە هەرێمی کوردستان.

 

سی پی تی داوای کۆتاییهاتنی ئەم جەنگە و هێرشەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان کردووە و ئاماژەی بەوەداوە، پێوستە ژیانی هاوڵاتییانی مەدەنی پارێزراو بێت و خەڵکانی زەرەرمەند بەزووترین کات قەرەبوو بکرێنەوە، لەسەر حکومەتی عێراقیش پێویستە کە لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە هەوڵی پاراستنی هەرێمی کوردستان و عێراق بدات و هەموو ئەو گرووپ و لایەنانەی کە لە ناوخۆی عێراقەوە هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان بەرپرسیار بکات.