سی پی تی: بە هۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە ١٦٢ گوند چۆڵکراون
ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی لە نوێترین ڕاپۆرتدا ئاماژە بەوەدەکات، بە هۆی لەشکرکیشیی و بۆردومانەکانی تورکیاوە ٢٠ هەزار دۆنم زەوی و کشتوکاڵ و دارستانی هەرێمی کوردستان سووتاون، ١٦٢ گوند چۆڵکراون و زیاتر لە ٦٠٢ی دیکەش مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە.
ناوەندی هەواڵ
تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی، لە بارەی نوێترین جموجۆڵ و لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە سنووری پارێزگای دهۆک ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: لە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٤دا، سوپای داگیرکەری تورک دەستیکردووە بە هێرشێکی سەربازیی نوێ لە دەڤەری بەرواری باڵا و لە٦ گوندی ناوچەکەدا مانۆڕی سەربازی ئەنجامدا، هەروەها لە ٢٥ی حوزەیراندا، سوپاکە زاڵگەیەکی لە نێوان گوندەکانی بابیرێ و کانی بلاڤێ جێگیرکرد، لە ڕۆژی دواتردا ئەو سوپا داگیرکەرە دەستیکرد بە دروستکردنی حەوت بارەگای سەربازیی نوێ و لە ڕۆژی ٢٧ی حوزەیراندا، سەربازانی تورک چوونەتە ناو گوندی دەرگەلێ موسا بەگی و دانیشتووانەکەیان ناچار کردووە گوندەکە بەجێبهێڵن.
هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە، لەم لەشکرکێشییەدا دەوڵەتی تورک ٢٣٨ جار بۆردومان و هێرشی بۆسەر خاکی باشووری کوردستان دەستپێکردووە، بە هۆشیانەوە زیاتر لە ٢٠ هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵ و دارستانی ئەو ناوچانە سووتاون، تەنها لە گوندی سەرگەلێ نزیکەی ٥٥٪ی دارستان و ڕەزوباخی هاوڵاتییانی مەدەنی سووتاون.
ئاماژەبەوەشکراوە، بە هۆی هێرشە بەردەوامەکانی تورکیاوە ١٦٢ گوند لە باشووری کوردستان چۆڵکراون و زیاتر لە ٦٠٢ گوندی دیکەش لە ژێر مەترسیی چۆڵبووندان.
دانیشتووانی گوندەکان ترسیان هەیە
دانیشتووانی گوندی سەرگەلێ بۆ سی پی تی پشتڕاستیانکردووەتەوە، لە بەرەبەیانی ٤ی تەمووزدا، هێزێکی سوپای تورکیا بە نزیکەی ٤٥ زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە چوونەتە ناوگوندەکەیان و هێزەکە لە پشتی گوندی سەرگەلێ جێگیربوون، دانیشتووانی گوندەکە ترسی ئەوەیان هەیە ئەم هێرشە درێژە بکێشێت و ببێتە هۆی ئاوارەبوونی گوندنشینان و چۆڵبوونی گوندەکەیان.
لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژە بەوەکراوە، لە سەرەتای کانوونی دووەمەوە تا کۆتایی حوزەیرانی ٢٠٢٤، دەوڵەتی تورک هەزار و ٧٦ هێرش و بۆردومانی بۆسەر باشووری کوردستان ئەنجامداوە، کە ٥٢٦یان بۆ سەر پارێزگای دهۆک، ٤٠٥ بۆ سەر پارێزگای هەولێر، ١٣٥ بۆ سەر پارێزگای سلێمانی و ١٠ هێرشیان بۆ سەر پارێزگای نەینەوا بوون، ٩٣٪ هێرش و بۆردومانەکان بە فڕۆکەی جەنگیی کراون، ئەمە لە کاتێکدایە ساڵی ٢٠٢٣ سوپای داگیرکەری تورک ١٥٤٨ هێرشی بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان ئەنجامدابوو.
٨ کەس شەهید بوون
ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا باسی لەوەشکردووە، سەرباری شەهیدبوونی ٨ هاوڵاتی مەدەنی لەم ساڵدا، هێرشەکانی سوپای تورک ژێرخانی ئابووریی و خانوو و باڵەخانەی مەدەنی بە ئامانج گیراون و زیانیان بەرکەوتووە، لە ئێوارەی ڕۆژانی ٤ و ٥ی تەمووزدا، دوو پارچە تۆپ لەناو ماڵەکانی گوندی گوهەرزێ کەوتنەخوارەوە و سەرباری زیان گەیاندن بە خانووی سێ هاووڵاتی مەدەنی، ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەکیش زیانی بەرکەوت.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا سی پی تی ئەوەی خستووەتەڕوو، بە نیگەرانییەکی قوڵەوە لە دواین ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا و کاریگەرییەکانی بۆ سەر هاوڵاتییانی مەدەنی و سەر و ماڵی گوندنشینان دەڕوانین، لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، ترسمان هەیە لە ئاوارەبوونی سەدان خانەوادەی مەدەنیی لە سنووری شارۆچکەی ئامێدی.