کژار: داواکارییەکانی کۆمەڵگە و ژنان لە بەرنامەی ئیسرائیل و ئێراندا نییە
پەیوەست بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێرانەوە کژار ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و جەختی کردەوە کە شەڕەکە شەڕی ئازادیی کۆمەڵگە و بە تایبەتی ژنان نییە، هیچکام لە داواکارییەکانی کۆمەڵگە و ژنان لە بەرنامەی ئیسرائیل و ئێراندا نییە.

ناوەندی هەوال
کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار" سەبارەت بە شەڕی نێوان ئیسرئیل و ئێران ڕاگەیەندراوێکی گرنگی بڵاوکردەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی کژار بەم شێوەیەیە:
“لە شەشەمین ڕۆژی شەڕی ئیسرائیل-ئێران، ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوان و قورسی کردە سەر ناوەندە سەربازییەکان، ناوەندی پەخشی دەنگ و رەنگی ڕاگەیاندنی ئێران و نەخۆشخانەکانی هەندێک لە شارەکانی ئێران و کۆماری ئیسلامیش تا ڕادەیەک هێرشی بەرپەرچدانەوەی ئەنجامداوە. ئەوەی کە ڕوونە شەڕەکە درێژە دەکێشێت و زیانی ماڵی و گیانی زیاتر دەکەوێتەوە.
ئەو شەڕەی لە ئارادایە دەرئەنجامی سیاسەتە پێشوەختە دیاریکراوەکانی سیستەمی سەرمایەدارییە کە هاوکات لەگەڵ دیزاین کردنەوەی سەرلەنوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستی پێکردووە کە ئەمجارەیان حکومەتی ئێرانی بە ئامانج گرتووە. هەروەها بە دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل لە دژی ئێران دەیانەوێت ڕژیمی ئێڕان ناچار بە ئەنجامدانی گۆڕانکاری هاوکات لەگەڵ سیستەمی جیهانی بکەن، یانێ مەبەست لە دانوستانەکان بۆ ڕەوایەتیدان بوو بەو هێرشانەی ئێستا دەسی پێکردووە.
لە نێوان شەڕی دەوڵەت-نەتەوەکاندا ژنان و منداڵانێکی زۆر دەکوژرێن و دەبنە قوربانی، ئێستاش شەڕی ئیسرائیل و ئێرانیش هیچ جیاوازییەکی نییە لەو چوارچێوەیە، بەڵام نابێ لە بیر بکرێت کە بەساڵانە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بە جێبەجێکردنی سیاسەتی لەسێدارەدان، کوشتنی ژنان، پەرەدان بە هەژاری، بێکاری و…، لە دژی کۆمەڵگا شەڕی بەڕێوە بردووە. بە تایبەتی دەتوانین بڵین بە ساڵانە لە نێوان ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و کۆمەڵگا بۆشاییەکی گەورە بە تایبەتی لە نێوان ژنان ڕوویداوە و لەم بارودۆخانەدا ئەم بۆشاییە زیاتر قووڵتر بووەتەوە.
بەدڵنیاییەوە ئەم شەڕە، شەڕی ئازادیی کۆمەڵگە و به تایبەتی ژنان نییه و هیچکام له داواکارییەکانی کۆمەڵگا و به تایبەتی ژنان له بەرنامەی ئیسرائیل و ئێراندا نییه. بەکار هێنانی دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” لەلایەن نوێنەرانی دەوڵەت نەتەوەکانەوە قەد ناتوانێت مژدەی ئازادی و ڕۆژانێكی جوان بێت بۆ کۆمەڵگا، بەتایبەتی ژنان. ئەویش لە کاتێکدا هیچ تێگەیشتن و گرنگیەکە بە تێکۆشانی ڕاستەقینەی ژنان نادەن. هەروەها پێویستە بگوترێ کە “ژن، ژیان، ئازادی” نە دروشمێکە بۆ هاندان و ڕاکێشانی رای گشتیی ئێران، بەتایبەتی ژنان، بەڵکو ئەمە ئەزموونی ژیانی ژنان و پیاوانێکی تێکۆشەرە کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، لە پێناو پاراستنی شووناس و بوونی خۆیان، بە ڕۆحێکی فیداکارانەوە شەقامەکانیان کردە گۆڕەپانی تێکۆشان.
تێکۆشانە دیموکراتیکەکان بە پێشەنگایەتی ژنان نیشانی داوە کە داواکارییەکانیان هاوکات لەگەڵ بەدیهێنانی ژیانێکی ئازاد بۆ هەموو چینەکانی کۆمەڵگای ئێران ڕوو دەدات و بەدەستهێنانی ئەو داواکارییانە تەنها لە ڕێگەی کۆتایی هێنانە بە سیاسەتی ناوەندگەرایی، ئاینی، ڕەگەزپەرەستی و نەتەوەپەرەستییەوە بەدی دێت. شەڕی دەوڵەت نەتەوەکان و سیستەمی سەرمایەداریی جیهانی، هەمان بژاردەی نێوان خراپ و خراپترە کە هەردوولا بەسەر ژناندا دەیسەپێنن، ئەگەرچی ژنان تەنها بە بەرەنگاربوونەوە و ڕێگریکردن لەو عەقڵییەتە دەستیان بەتێکۆشان نەکردووە، بەڵکو ئاڵاهەڵگر و پێشەنگی دامەزراندنی ئازادی و دیموکراسین لە ئێران، ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” نموونەیەکی ڕوونی تێکۆشان و پێشەنگایەتی ژنانە بۆ دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگە.
کژار لە پێناو بەدەستهێنانی ئازادی بۆ کۆمەڵگە و بەتایبەت ژنان، گرنگی زیاتر بە ڕێکخستنیی زیاتری کۆمەڵگە و بەتایبەت ژنان دەدات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە نێوان شەڕی دەسەڵاتداری سیستەمی پیاوسالاردا، بە دڵنیاییەوە هیچ هیوایەک بە ئازادی و یەکسانی بوونی نییە، بۆیە بانگەوازی لە هەموو کەس و چینەکانی کۆمەڵگە دەکات کە لە جوگرافیای سیاسی ئێراندا بە یەکگرتوویی و پشتیوانی زیاتر کۆمیتە و دامەزراوە جەماوەرییەکان دابمەزرێنن. هەروەها داوا له هەموو ژنانی ناو پارت و ڕێکخراوه ئازادیخوازەکان دەکات، بە هاوکاری زیاتر ببنە هاودەنگی ژنانی ئێران. لەسەر ئەم بنەمایە جیا لە دەرەوەی پارتەکان، لە کوردستان و ئێران ڕێکخراوە جەماوەرییەکان لە ئێران بە گشتیی هەنگاوێکی بنەڕەتین بۆ بەرقەرارکردنی دیموکراسی، چونکە بەبێ ژنان ناتوانین باس لە داهاتوویەکی ئازاد و یەکسان بۆ گەلانی ئێران بکەین.”