سوتانی نەخۆشخانەکان و توڕەیی شەقامی عێراقی

بەهۆی سوتانی نەخۆشخانەی بن حسێن لە پارێزگای زیقاری عێراق و گیان لەدەستدانی ١٠٠ کەس، بە بڕیاری دادگا سزای گرتن بۆ ١٣ بەرپرسی نەخۆشخانەکە و پارێزگاکە دەرچووە، بەپێی زانیارییەکانیش لە نەخۆشخانەکەدا سیستمی ئاگرکوژێنەوە نەبووە، کەمی خزمەتگوزارییەکانیش توڕەیی شەقامی عێراقی لێکەتووەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە شەوی ١٢ ئەم مانگەدا ئاگر لە نەخۆشخانەی فێرکاری ئیمام حسێن تایبەت بە کۆرۆنا لە شاری زیقاری پارێزگای ناسرییەی عێراق کەوتەووە، بە هۆیەوە تا ئێستا ١٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە ٣٠ کەس بەهۆی زۆری سوتانیانەوە ناناسرێنەوە و ٧٠ کەسیش بریندارن، ئەو نەخۆشانەی کە هێشتا زیندوون گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی ناوەندی زیقار.

 

هۆکاری سەرەکی کەوتنەوەی ئاگرەکە لەو نەخۆشخانەیەدا دیارینەکراوە، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستدان ئاگرەکە لە ژوورێکی نەخۆشخانەکەدا بەهۆی تەقینەوەی سێ بوتڵی ئۆکسجین ڕوویداوە و بۆ ژوورەکان و تەواوی نەخۆشخانەکە تەشەنەی سەندووە.

دوای ڕووداوەکە

دوای ڕووداوەکە بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگاکە دەست لەکارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند، هەروەها مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاری کۆبوونەوەی بەپەلەی دەرکرد، لە ڕاگەیاندراوێکیشدا بڕیاری بە دەستهەڵگرتنی بەڕێوەبەری تەندروستی پارێزگاکە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە و بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی و لێکۆڵینەوەکردن لێیان، هاوکات پارێزگای ناسریە ماتەمینی سێ ڕۆژی لە پارێزگاکە ڕاگەیاند.

 

بەهۆی ڕووداوەکەو وکەسوکاری قوربانییەکانی نەخۆشخانەکە ناڕەزایەتییان دەربڕی، لە دەرئەنجامی تووڕەییان دوو ئۆتۆمبێلی پۆلیسیان سوتاند، بۆ شەوی دوایش خۆپیشاندانی بەردەوامیان ئەنجامدا، لۆمەی خزمەتگوزاری پارێزگاکەیان دەکرد و ئیدانەی لایەنە سیاسییەکان دەکەن.

بەپێی ئەو هەواڵەنەی لە ئەلعەرەبییە بڵاوبووەتەوە، لە نەخۆشخانەکە سیستمی ئاگرکوژێنەوە نییە، هەر لەسەر ئەو پرسەش فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ١٣ بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی زیقار دەرچووە.

پاش ڕووداوەکە لەلایەن ئەحمەد ئەلخەفاجی، پارێزگاری زیقار لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە پێکهێندرا، بەپێی زانیارییەکانی لیژنەکە خزمەتگوزاری و نۆژەنکردنەوە بۆ نەخۆشخانەکە ماوەی چوار ساڵە بەهۆی کێشەی داراییەوە ڕاگیراوە، نەک تەنها ئەو نەخۆشخانەیە بەڵکو ١٠ نەخۆشخانەی دیکەی هاوشێوە هەیە کە کێشەی کەمی خزمەتگوزارییەکانیان هەیە.

سوتانی ئەم نەخۆشخانەیە یەکەم ڕووداو نییە، پێشتریش لە ٢٤ مانگی نیسانی ئەمساڵدا لە بەغدای پایتەخت نەخۆشخانەی ئیبن خەتیبی تایبەت بە کۆرۆنا گڕیگرت، بەهۆیەوە ٨٠ کەس گیانیان لەدەستدا، ١١٠ کەسیش برینداربوون.

سوتانی نەخۆشخانەکان ناڕەزایەتی لای هاوڵاتیان لەبارەی بێ خزمەتگوزاری نەخۆشخانەکانەوە لێکەوتووەتەوە، چەندین ناڕەزایەتی و خۆپیشاندایان ئەنجامداوە، کە بەپێی پێشبینییەکان سوتانی نەخۆشخانەکان و توڕەی شەقام لە ئاست نەبوونی خزمەتگوزارییەکان کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی مانگی تشرینی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

 

ت.پ