سودان.. پێکدادان بەردەوامەو نەخۆشەکان دەرمانیان دەستناکەوێت

پێکدادانە بەردەوامەکانی نێوان هێزەکانی پشتیوانی خێراو سوپای سودان بۆ چوارەم مانگی لەسەر یەک بوونەتە هۆی کوژرانی نزیکەی سێ هەزار کەس و نزیکەی سێ ملیۆن کەسیش لە ناوەوە و دەرەوەی سودان ئاوارە بوون.

 

 ناوەندی هەواڵ- پێکدادانی نوێ لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە خەرتومی پایتەخت و ئۆمدورمان و ئەلعۆبید دەستیپێکردەوە، لە کاتێکدا پارێزگاری هەرێمی دارفۆر داوای لە هەردوو لایەنی شەڕەکە کرد کە جەنگەکە نەگوازرێتەوە بۆ ناوچەکە.

فەرمانڕەوای هەرێمی دارفۆری ڕۆژئاوا ئەمڕۆ ٢١ی تەمموز داوای لە لایەنە ناکۆکەکانی سودان کرد لەوەی جەنگەکە نەگوازرێتەوە بۆ شاری ئەلفەشێری پایتەختی هەرێمی دارفۆر و داوای کرد لەسەر مێزی دانوستاندن دانیشن و قوربانی بۆ ئاشتی بدەن، داوای لە هاوڕێکانی کرد چەک هەڵبگرن بۆ پاراستنی خۆیان و موڵکەکانیان لەو ئاژاوەیەی کە بەهۆی شەڕەکەوە بەجێماوە.

سوپای سودان هێزەکانی پشتیوانی خێرا تۆمەتبار دەکات بە کوشتنی ١٤ هاوڵاتی مەدەنی و بریندارکردنی ١٥ کەسی دیکە لە ناوچەی عەزوزاب لە باشوری خەرتوم.

بەگوێرەی سەرچاوە ناوخۆییەکان، شاری ئەلعەبید، پایتەختی کۆردۆفانی باکوور، چەندین گەشتی ئاسمانی چڕی لەلایەن سوپای سودانەوە بینیووە و چەندین شوێنی هێزەکانی پشتیوانی خێرایان کردووەتە ئامانج.

جێگری فەرماندەی سوپای سودان پێشتر ڕایگەیاند سوپا ئامادەیە بۆ هەر دەستپێشخەرییەکی جددی بۆ ڕاگرتنی جەنگەکە کە مسۆگەری پاراستنی سەروەری نیشتمانی بکات، لە کاتێکدا نوێنەرانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا گەڕانەوە بۆ شاری جددەی سعودیە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ RSF.

بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستی و نەتەوە یەکگرتووەکان، پێکدادانەکان بۆ چوارەم مانگی لەسەر یەک بەردەوامن و لەو ماوەیەدا ژمارەی کوژراوان گەیشتە نزیکەی سێ هەزار کەس کە زۆربەیان مەدەنی بوون و ئاوارەبوونی نزیکەی سێ ملیۆن کەس لە ناوخۆ و دەرەوەی سودان.

 

دەرمان دەستناکەوێت

پێکدادانە بەردەوامەکان لە وڵاتەکەدا زیانێکی بەرچاویان بە کەرتی تەندروستی گەیاندووە، بەتایبەتی لە خەرتومی پایتەخت و ویلایەتەکانی ڕۆژئاوای سودان، کە بووە هۆی کەمی بەردەستبوونی دەرمانی شێرپەنجە و دەرمان و پێداویستی پزیشکی کە ژیان ڕزگار دەکات، ژمارەیەکی زۆر لە نەخۆشەکان سکاڵایان هەیە لە دەستکەوتنی دەرمان و چارەسەر، ئاماژەیان بەوە کرد کە ژیانیان لە مەترسیدایە بەهۆی نەبوونی زۆربەی جۆرەکانی دەرمانەوە.

لە ئەنجامی جەنگەکەدا، هەموو ئەو ٢٦ کارگەیەی کە بەشداربوون لە بەرهەمهێنانی دەرمان لە سودان وەستاون، سێیان بۆ گازی سروشتی، دوو کارگە بۆ دەرمانی ڤێتێرنەری و ٢١ کارگەی دەرمانی مرۆیی.