بانگەوازییەک لە بنەماڵەی شنیاشارەوە

بنەماڵەی شەنیاشار کە ماوەی ٤٥٩ ڕۆژە لە ئێشکگری دادپەروەریدان، داوایان لەو کەسانە کرد کە پشتگیری دادپەروەری دەکەن، لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی ١٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨دا بەشداری بکەن.

ڕەحا

 

ئامینە شەنیاشار، کە هاوژینەکەی و دوو کوڕەکەی لە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨دا لەلایەن پاسەوانان و کەسوکاری ئیبراهیم خەلیل یەڵدزی پەرلەمانتاری ئاکەپەوە لە ناوچەی پەرسوسی ڕەحا کۆمەڵکوژکران، لە بەردەم دادگای ڕەحا لەگەڵ فەرید شەنیاشاری کوڕی چالاکیی ئێشکگری بۆ دادپەوەرییان لە ٩ی ئازاری ٢٠٢١ەوە دەستی پێکردووە، ئەمڕۆ لە ٤٥٩ەمین ڕۆژیدا بەردەوامە.

 

پلاتفۆڕمی ڕەنج و دیموکراسی ڕەحا بۆ یادکردنەوەی حاجی ئەسڤەت و عادل و جەلالی کوڕی چالاکییەکی بەبیرهێنانەوەیان ڕێکخست، ئەمڕۆش لەسەر میدیای ئەلکترۆنی هەڵمەتی هاشتاگی  #AdaletİcinUrfadayiz  بەڕێوەدەبرێت و داوای بەشداریکردنی هەمووان دەکرێت.

 

هەر ئەمڕۆ کاتژمێر ٣:٠٠ بە کاتی ئامەد لەبەردەم دادگای ڕەحا بە کۆمەڵ ئێشکگری دادپەروەری بەڕێوەدەچێت، دواتر کۆڕی "بنەماڵەی شەنیاشار و دادپەروەری" لە هۆڵی کۆنفرانسی تاهیر ئەلچی لە بینای شارەوانی کۆمەڵەی ڕەحا ساز دەکرێت.

 

بنەماڵەی شەنیاشار لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆیان بانگیان لە وەزارەتی تەندروستی، وەزارەتی داد، وەزیری داد بەکر بۆزداغ و سەرۆک کۆمار تەیب ئەردۆغان کرد و بڵاویان کردووەتەوە، "پێش هەموو شتێک پێویستە وەزارەتی دادی حکومەت بێدەنگیان لەسەر دۆسیەی کۆمەڵکوژییەکەی ئێمە بشکێنن، ڕای گشتی چاوەرێی لێدوانێک دەکەن سەبارەت بە دۆسیەکەمان، هەرکەسێک بێدەنگ بێت هاوبەشی تاوانەکەیە".