ستار ئێف ئێم چوار ساڵ پێشکەوتن و سەرکەوتن

لەماوەی چوار ساڵدا ڕادیۆی ستار ئێف ئێم توانی چەندین دەستکەوت بەدەست بهێنێت و دەنگی ژنان و داخوازییەکانیان بگەیەنێتە هەموو جیهان و بواری کارکردنی بۆ ژنان فراوان کردووە.

 

لەیلا محەمەد

قامیشلۆ- ئەمڕۆ ١٥ی کانوونی یەکەم، چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕادیۆی ستار ئێف ئێمە بە دروشمی "ڕادیۆ ستار، دەنگی ژنان و ژیان"، وەک یەکەم وێستگەی رادیۆیی بۆ ژنانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە بواری ئەدەبی، هونەری، سیاسی و لایەنەکانی تر کە پەیوەندی بە ژنانەوە هەیە کاری کردووە.

 

لەڕێگەی پەخشی بەرنامە و هەواڵی پەیوەست بەژنان کاریان کردووە، بەئامانجی خستنەڕووی ئەو دەستکەوتانەی کە ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا  ڕۆڵی پێشەنگیان لەکۆمەڵگەدا بینیووە، هەروەها دەنگی ژنان و داواکارییەکانیان بە هەموو جیهان گەیەندراوە.

 

ستار ئێف ئێم پێشتر کەمتر باسی کێشەی ژنان و هەواڵەکانی تایبەت بە ژنانی دەکرد، بەڵام لە ئێستادا زیاتر گرنگی دەدات بە پرسی ژنان.

 

بەبۆنەی چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕادیۆکەوە، ،میدیا سلێمان، ئەندامی دەزگاکە پیرۆزبایی خۆی ئاڕاستەی هەموو ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست و هاوکارەکانی کرد کەلە ڕادیۆکەدا کار دەکەن، هەروەها وتی: "سەرەڕای بوونی ئەقڵیەتی دەسەڵاتخوازی و هەڵگیرساندنی جەنگ، ماوەی سێ ساڵە هەواڵ و ڕاپۆرتەکان بەردەوامن چونکە ژنان چیتر وەک جاران نین و بوونەتە پێشەنگ و لە هەموو بوارەکاندا ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن".

 

ئاماژەی بەوەدا، بنەماڵەکەی هانیان داوە کە لە ماڵ دەربچێت و لە دەرەوەی وڵات بە دوای کاردا بگەڕێت، هەر بۆیە هەستی بەوە کردووە میدیا جێگەیەکی گونجاوە بۆ ئەو بەتایبەتی کارکردن لە ڕادیۆدا، وتیشی: "هیچ بیرۆکە و زانیارییەکم نەبوو سەبارەت بە کاری ڕادیۆ، بەڵام دوای ئەوەی دەستم بە کارکردن کرد، خۆم لەو ڕادیۆیە بینیەوە، وای لێکردم ئەوەی لە ناخمدا بوو دەریبخەم و لە ڕێگەی بەرنامەو هەواڵەوە پەیامی خۆم بە گوێگرانی بگەیەنم، هەروەها کار کردن لە ڕادیۆیەکی ژنان و دوای ئەو پێشکەوتن و سەرکەوتنەی کە لەم ڕادیۆیەدا بەدەستم هێنا هەست بەوەدەکەم داهاتووم دەبینم".

 

سەبارەت بەڕوانگەی کۆمەڵگاش بۆ کردنەوەی وێستگەیەکی ڕادیۆیی بۆ ژنان، میدیا سلێمان دەڵێت: "تێڕوانینی کۆمەڵگا لەسەر ئەم مەسەلەیە نەرێنی بوو پێش هەڵگیرسانی شۆڕشی ڕۆژئاوا کە بە شۆڕشی ژنان ناسرا، ئەمەش بەهۆی ئەو عەقڵییەتی پیاوسالاری و دەسەڵاتخوازەی کە لەو کاتەدا زاڵ بوو بەسەر کۆمەڵگادا بەڵام دوای هەڵگیرسانی شۆڕش تا ڕادەیەک عەقڵییەتی کۆمەڵگا گۆڕا دەربارەی قبوڵکردنی کردنەوەی وێستگەی ڕادیۆیی ژنان".

 

"ژنان شۆڕشیان دەستپێکردووە"

لە کۆتایی قسەکانیدا میدیا سلێمان دڵخۆشی خۆی بە کارکردن لە ڕادیۆکە دەربڕی و وتی: "هەست بە شانازی دەکەم کاتێک کەناڵێکی ڕادیۆ یان ئاژانس یان تەلەڤزیۆنی تایبەت بە ژنان دەبینم، چونکە ئەم شتە ئاماژە بەوە دەکات کە ژنان شۆڕشیان دەستپێکردووە".