سەپاندنی زیاتری حیجابی زۆرە ملێ لە زانکۆکانی ئێران و جیاکاری ڕەگەزی بەردەوامە

زانکۆی سۆرا لە تاران بە بڵاوکردنەوەی نووسراو لە دەوروبەر و کۆڵانەکانی دەوروبەری زانکۆکە "سەبارەت بە پۆشینی جلوبەرگ" و جیاکاریی ڕەگەزی، هەڕەشەی لە خوێندکاران کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجوومەنەکانی سەندیکای خوێندکارانی وڵات ڕایانگەیاند کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە ئامانجی چڕکردنەوەی یاسای حیجابی زۆرە ملێ و جیاکردنەوەی ڕەگەزی خوێندکاران، زانکۆکان ڕێوشوێنی نوێیان گرتووەتەبەر، لەوانە زانکۆی سۆرای تاران ، ئاگادارییەکانی لە دەوروبەر و لە شەقامەکانی نزیک زانکۆکە بڵاوکردوەتەوە و هەڕەشەی لە خوێندکاران کردووە.

 

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتەی "جێگری ڕۆشنبیری و کاروباری خوێندکاران" و ئاسایشی "زانکۆی سۆرا" بڵاویکردوەتەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، وەرەقەیان بە ناوەڕۆکی پەیڕەوی جلوبەرگەوە لە شەقامەکانی دەوروبەری ئەم زانکۆیە دابەشکردووە، کە تیایدا هەرەشە لە خوێندکاران دەکرێت ئەگەر پابەند نەبوون بەو جلوبەرگانەی کە داوایان لێکراوە سزایان بۆ دەردەچێت.

 

هەروەها بە پێی ئەم ئاگادارییە لە بارەی جیاکاری ڕەگەزییەوە هاتووە: "لە هەموو ژینگە و بەشەکانی زانکۆ، لە کۆڵان و دەوروبەری زانکۆ دەبێت ڕەچاوی پۆشینی جلوبەرگی گونجاو بکرێت و بە بێ بوونی پێویستی تێکەڵبوون ڕوونەدات."

 

لە بەشێکی ئەم ئاگادارییەدا هاتووە کە خوێندکارە کچەکان پێویستە "حیجابی تایبەتی بپۆشن و تەنها سەرپۆشێک بەکارنەهێنن لەگەڵ مانتۆی کورت و کراوە و پانتۆڵی دڕاو و کورت و تەسک، لە کاتی پۆشینی جلوبەرگی پێچەوانەی کلتووری ئێران و هەروەها کونکردنی لوت، زمان، برۆ و بوونی تاتۆ بۆ کچان و کوڕان سزادەدرێن و بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە."

 

لەم ڕاگەیاندنەدا کە لەلایەن ئاسایشی زانکۆی سۆرا دابەشکراوە، هەڕەشەی ئەوە دەکرێت کە "پابەندنەبوون بەو ڕێسایە ئاماژەپێکراوانە، بەپێی ڕێساکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت."

 

دوای ئەوەی خوێندکارانی ئێران لە پاییزی ساڵی ٢٠٢٢ و لە کاردانەوە ناڕەزایەتییەکانیان بەرامبەر بە کوشتنی ژینا لە لایەن حکومەتەوە، بەردەوام ناڕەزایەتیان دەربڕی و دروشمیان لە دژی بنەڕەتیترین بناغەکانی ڕژێمی ئێران دەوتەوە، ئاسایشی زانکۆ جۆربەجۆرەکانی ئێران بە هاوبەشی لەگەڵ لێژنەکان دەستی پێکرد بۆ سەرکوتکردنی خوێندکاران، ڕاگرتن ، دەرکردن و سنووردارکردنی تر دژی خوێندکاران.