سەرۆکی نوێی شارەوانی سلێمانی دەستبەکاربوو

لەیلا عومەر عەلی، جێگری پشووی پارێزگای سلێمانی و سەرۆکی ئێستای شارەوانی سلێمانی بە فەرمی دەستبەکاربوونی خۆی ڕاگەیاند.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، پێنج شەممە لەیلا عومەر عەلی جێگری پشووی پارێزگای سلێمانی و سەرۆکی ئێستای شارەوانی سلێمانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی لە فەیسبووک دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی شارەوانی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەدا: ئاشکرایە ئەرکی سەرشان و بەرپرسیارێتیمان لە خزمەتکردنی شارو بەرەو پێشبردنی ئاسان نییە و کاری بەردەوام و پشوودرێژی زۆری دەوێت، ئەمەش کاری پێکەوەیی خەمخۆرانەی ھەمووانی پێویستە.

 

لەیلا عومەر باس لەوەشدەکات ئامانجە سادەکەمان خۆی لە خزمەتکردنی شار و کوچە و کۆڵان و خەڵکەکەیی و جوانترکردن و ڕێکخستنێکی باشتر و پاکوخاوێن ڕاگرتنی شاردا دەبینێتەوە.

 

وەها درێژە بە قسەکانی دەدات: "لە ڕاستیـــــدا، ئێمە نامۆ نین بە ئیشوکار و یاسا و ڕێنماییەکانی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی، ئەمەش ھاوکار دەبێت کە بە شێوەیەکی دیار ھەوڵی بەدەستھێنانی ئامانجە گەورەکەمان بدەین کە خۆی لە جێبەجێکردنی نەخشەڕێگایەکی گشتگیری ھەمەلایەنە دەبینێتەوە لەبەرەوپێشبردنی شاری سلێمانیدا".

 

له‌یلا عومه‌ر عه‌لی لە ساڵی ١٩٧٥دا له‌ سلێمانی له‌دایكبووه‌، کۆلێژی یاسای له‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین ته‌واوكردووه‌ و ساڵی ٢٠٠٥ وەک به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی تۆماركردنی خانوبه‌ره‌ی رۆژهه‌ڵاتی سلێمانی دەستبەکاربووە، بۆ یەکەمجار وەک ژنێک ٣١ی كانونی دووه‌می ٢٠٢١دا دەبێتە جێگری پارێزگاری سلێمانی، دوێنێ پێنج شەممە بە فەرمانی وزاری لەدوای ٥٠ پیاو وەک یەکەم ژن بووە سەرۆکی شارەوانی سلێمانی.

 

ت.پ